وەها دیارە ئێمە لاوازترو پەرتەوازەترو برسیتر دەبین لەساڵی داهاتوودا. ئایا ئەمە کۆتاییمان پێدەهێنێت، بەهیوام نەخێر.
ساڵی داهاتوو لەئاستی دونیادا بەهەمانشێوە ناسەقامگیرو ئاڵۆزتر دەردەکەوێت.
پەیوەندی چین و ئەمریکا ساڵێکی زۆر خراپی تێپەڕاندا. ساڵی داهاتوو بەئاسانی ئاسایی نابێتەوە. شی چین بەرەو ناسیونالیزم دەبات، ئەمە پەیوەندی لە گەڵ زۆر وڵاتاندا خراپ کردووە.
زۆر وڵات کاریگەر دەبن بەم ململانێیە، لەنێویاندا عیراق و کوردستانیش. هەندێک وڵات هەوڵدەدەن جێگای چین بگرنەوە بۆ بازاڕەکانی ڕۆژئاوا لەبەرهەمهێنانی کاڵای باش و هەرزان، وەک فلیپین و مەکسیک و تورکیاش هەوڵی ئەمە ئەدا، بەڵام دۆخی ئاسان نییە.
هەوڵی تورک بۆ بوونی کارت لەسەر هەموو مێزێک راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ئێمەی کورد لەسێ پارچەی کوردستاندا، ساڵی داهاتوو بەهاتنی بایدن ئەم دۆخە رەنگە ئاڵۆزتربێت.
عیراقی هەژار زیاتر دەبێتە گۆڕەپان. هێزەکانی ناوی هەوڵی زیاتری دزی دەدەن، چونکە دۆخەکە سەختتر دەبێت. دۆخی کورد لەنێوان تەسلیمبون و دابراندایە. ئەمریکا لەناوچەکە بێدۆست تر دەبێت. زیاتر لەئاوەکان و ئاسماندا بوونی دەبێت.
کورد دەتوانێت سوود لەمە وەربگرێت، بەڵام نەک هەوڵبدات بۆ شەڕی کوردو کورد.
هێزە کوردیەکان لە دودڵییەکی کوشندەدا دەبن، ناتوانن بەئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە: ئایا کەمکردنەوەی گەندەڵی لاوازمان دەکات یان بەهێز؟ هەتا وەک حیزب و هێز بیربکەنەوە ئەوا ئەو وەڵامە زاڵ دەبێت کە دەڵێت، گەندەڵی پێویستە بۆ مانەوە.
ئەمەش بنەمای ئەو بەڵایەیە کە کاتێک خەڵك داوای حوکمرانی باش دەکات، نوخبەی سیاسی کوردی ئەو داوایە بەمەترسی دەبینێت.