لەم سەروبەندی توندبوونی تەنگژەی ئابووریی و هەڵكشانی ناڕەزایی چین و توێژ و فەرمانبەران وەك دەرئەنجامی پێنەدانی مووچە و شایستەكانیان، بەشێكی سەرنج و تێبینی و رەخنەكان، هاوكات هیوا و ئومێدی چارەسەری ئەم دۆخە وەستاوە، هەر رووە و یەكێتییە.
ئەم سەرنجدان و تێكچڕژانەی هەندێک رەخنەی جددی لە یەكێتی زیاتر لە هەر هێز و لایەنێكی دی، دوو لایەنە و سێیەم هەڵناگرێ، لایەكی هی ئەوەیە كە یەكێتی بەشدار و پێكهێنەری سەرەكیی كابینەی نۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بەشێكی بەرپرسیارێتی لەو بارەدا بەردەكەوێ. لایەكەی تریشی مانای زیندووێتی و تیژدیدی و چاوەڕوانی جەماوەرە بە ئایندەی نوێخوازی یەكێتی، بە پێوانەی ئەوەی دەڵێن گلەیی لە دۆست رەوایە، گەرەكیانە وەك دیفاكتۆ دەرچەی دەربازیی ئەم دۆخە لەئەستۆ بگرێ.
لە سۆنگەی بینینی خەمێكی قووڵی گۆشەنیگای نیشمانپەروەری و هاوسۆزیی كۆمەڵانی خەڵكیش، بێگومان ئەركی هەڤاڵانی ریزی یەكەمی بەرپرسیاری یەكێتی بۆ گۆڕینی قەدەری شێواو و نابەرابەری دۆخی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵ، قورستر دەكا. ئەوە روونە كە هەرگیز لە گۆڕەپانی سیاسەتكردندا بۆ حزبێكی سیاسی نەرمڕەو، كاركردن بۆ رێكردن لەگەڵ ركابەر و یار و نەیاردا هەڵە نییە، ئەمەی یەكێتی كە تا دوایین رۆژەكانی كۆتایی ئەمساڵیش بە ناچاریی لەگەڵیدا رۆیشتووە، هەر بەو ستراتیژە بووە، وەك بەڵێنی چاوەڕێكردن و وەستان و فرسەتی چەندبارە بە كابینەی نۆ و هاوبەشەكانی ئەگەرچی بۆتە جێی رەخنە، بەڵام رێگەی راست و تەندروست بووە.
لێ دەكرێ بڵێین كە چەندبارە بوونەوەی ئەم چانسانە و درێژكردنەوەی سەخاوەتیش بەم نەزمە و نەگەیشتن بە خاڵی هاوبەش و تێڕوانینی گشتگیر لەبارەی هەندێ مەلەفی ناڕۆشندا كە پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە، گرێدراوە بە مان و نەمانی ئەم قەوارە كوردییەوە، لە دوای ئەو رێكەوتنەی كراوە، بۆ یەكێتی خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێ، دەشێ لە مەنتیقی سیاسەتكردندا بچێتە بۆتەی باری هەڵبژاردنی پلان و نەخشەڕێی دووەم، كە هیچ كات دڵخوازی یەكێتی نەبووە، بەڵام ئیمكانیش نییە لە دۆخێكی وەها ئاڵۆزدا بە رەچاوكردنی پێشێلكاریی ئەو رێكەوتنە سیاسییە لە نێوان هاوبەشەكانیدا واژۆی كردووە، درێژەی پێ بدا.
ئەگەرچی هەوڵ و هەواڵی گەیشتنە رێكەوتنی هەرێم و ناوەند تا ئەم دەقەیەش روون نییە، هاوكات هەلومەرجی نێوخۆیی و رێكەوتنە سیاسییەكانی هەرێمیش لە بۆتەی حكومڕانیدا بە جۆرێكن كە ئێرەییان پێ نابرێ، بەڵام هێشتا پێویست بە داخستنی دەرگاكان ناكا و نەفەسی دانوستان و كۆڕایی بۆ چارەی دۆسێ هەڵواسراوەكان، تاكە دەرفەتی بەردەم هەمووانە، دەنا یەكێتی بە نەخشەڕێی بەدیل لەگەڵ ساڵی نوێدا ساز و ئامادەیە، بۆ ئەمەش بە دڵنیاییەوە كەموكوڕی و ئاستەنگەكانی بە باشی هەڵسەنگاندووە و بە رەچاوكردنی هەل و مەرجە ئیقلیمییەكان، دەشێ رێكەوتنی سیاسییەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا بێ.