دەم دەروازەی سەرەکی لەش و کلیلی تەندروستی مرۆڤە، دو ریز ددان جوانی دەکات، وەزیفەکانی هەمەڕەنگە، هەر لە یارمەتیدانی مرۆڤ لە قسەکردن و خواردن و پێدانی جوانییەک بە رووی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی هەر لە کۆنەوە مرۆڤ هەوڵی پاک راگرتنی ددانەکانی داوە بۆ ئەوەی بۆنێکی خۆش لە دەمی بێت، ئایا بیرت لەوە کردۆتەوە، ئەو ئامراز و کەرەستانە چی بون کە مرۆڤ بۆ پاکردنەوەی ددانەکانیان بەر لە بەکارهێنانی فلچە و مەعجون بەکاریان هێناون؟
وا باوە کە میسرییە کۆنەکان یەکەم کەس بوون کەرەستەی خاوێنکردنەوەیان بۆ پاکردنەوە و سپیکردنەوەی ددانەکانیان بەکارهێناوە، کە سرکەی هەنار بۆ سپیکردنەوە و بەردی تەنک بۆ دەرهێنانی پاشماوەی خۆراک لە بن ددانەکانیان بەکارهێناوە، شارستانییە کۆنەکان کەرەستەی جیاوازیان بۆ سپیکردنەوە و چارەسەرکردنی ددان بەکارهێناوە، لەوانە، قوماشی زبر و خوێ و تەباشیر بۆ کڕینی ددان و رزگاربوون لەو پاشماوانەی لە بن ددانەکان دەمێننەوە، چینییە کۆنەکان هەندێک گەڵای بۆنداریان جویوە بۆ ئەوەی بۆنی دەمیان خۆش بێت.
لەگەڵ زیادبوونی بایەخدانی مرۆڤ بە پاک راگرتنی ددانەکانیان، پەنا بۆ بەکارهێنانی هەندێک شت براون کە قەت بە خەیاڵتدا نایەن و تووشی دڵتێکەڵبوون دەبیت، خۆت لە باس کردنی دەدزیتەوە چ جای بەکاریان بهێنیت.
لەوانە تەپاڵە دوای ئەوەی لەگەڵ توێکڵی هێلکەی سووتێنراو تێکەڵی دەکەیت، هەروەها ئێسقان و سەدەفی محار، یان هەویری بیلینیۆس کە لە تێکەڵەی خۆڵەمێشی کەللەسەری کەروێشک و ددانی کەر و مێشکی مشک دروست دەکرێت، ئەگەر بە دڵت نەبوو ئەتوانی لە بری مێشکی مشک مێشکی کەروێشک بەکاربهێنێت، هەرچەندە ئەوکات مێشکی مشکەکەیان لا پەسەندتر بووە.
رۆمانەکان راهاتبوون کە ددانەکانیان بە میز پاک بکەنەوە، بەڵێ میز تێکەڵی شیری بزن کراوە. وەک باس دەکرێت، ژنی ئیمپراتۆری کلۆدیوس ددانەکانی بە میزی مرۆڤ دەشوشت، میزەکەیشی لە پورتوگالەوە بۆ دەهێنرا، چونکە لەو بڕوایەدا بوون کە میزی پورتوگالییەکان رێژەی ئەمۆنیای تێدا زیاترە، لەبەر ئەوەی پورتوگال بە بڕی زۆر میزی بۆ ژنە دەوڵەمەندەکانی رۆمان هەناردە دەکرد.
بۆچوونێک هەیە، کە فرعەونییەکان یەکەمی جیهانن لەوەی ئامرازی پاکردنەوەی ددانیان داهێناوە، لە مسواک دەچوو، چینییەکان لە ساڵی 1498 یەکەم بوونە لەوەی فڵچەی ددان شووشتتنیان داهێناوە، ئەویش لەو مووەی کە لە قوڕگی بەراز دەرهاتووە لەسەر چڵەداری بابو چەسپاندوویانە.
تاوەکو سەدەی حەڤدەیەم فڵچەی ددان لە ئەوروپا نەبووە، تاوەکو ویلیام ئادیس کە لە زینداندا لە هەندێک شتی سەرەتایی ئامرازێکی دروست کردووە بەهۆیەوە ددانەکانی پێ پاک کردۆتەوە، کە لە پاشماوەی ئێسک و مووی بەرازی لەسەر چەسپاندووە، ئەمە بەکارهات تا ئەوکاتەی گۆڕا بۆ نایلۆن. ئەمریکییەکان تا دوای دووەمین جەنگی جیهان هیچیان دەربارەی پاککردنەوەی ددانەوە نەزانیوە.