پاش ریفراندۆمی تیمۆری خۆرهەڵات بۆ سەربەخۆیی و سەربەخۆبوونی لەنێو كیشوەری ئاسیاداو ئەمجا جیابوونەوەی دارفور لەسودان لەكیشوەری ئەفریكا، پێدەچێ ئاراستەكە پێچەوانە بووبێتەوەو جیهان، یان راستر بڵێین سیاسەتی نێودەوڵەتی وڵاتە زلهێزەكان، گۆڕانی بەسەر هاتووە لەبەرامبەر كێشە نەتەوەییەكان لەجیهاندا.
ساڵی ٢٠١٧ لەكەتەلۆنیا كە هەرێمێكی ئۆتونۆمە لە ئیسپانیاو دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵات، دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە ریفراندۆمێكیان رێكخست بۆ دەنگدان لەسەر جیابوونەوەو سەربەخۆبوون، یان مانەوە لەچوارچێوەی ئیسپانیادا، زۆرینەوەی بەشداربووان دەنگیاندا بۆ سەربەخۆبوون. حكومەتی ئیسپانیا بەتوندی رووبەڕووی ئەم ویستە بووەوەو هێزی رەوانەی بەرشەلۆنە كردو پەرلەمانی داخست و لێپرسراوانی هەرێمەكەی گرت و سەرۆكی هەرێمەكەش خۆی دەربازكردو حكومەتی ئیسپانیا بڕیاری دەستگیركردنی دەركرد لەگەڵ ژمارەیەك وەزیری تر كە ئەوانیش خۆیان دەرباز كردبوو. لەهەمانكاتدا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دژی هەڵوێستی هەرێمی كەتەلۆنیا بونو. ئەمە لەئەوروپا. لە ئەسیوبیا كە وڵاتێكە لەكیشوەری ئەفریقیا، هەفتەی رابوردوو پاش دوو هەفتە شەڕی حكومەتی ئەسیوبیا لەگەڵ هێزەكانی هەرێمی فیدرالی تیگرای كە دەكەوێتە باكووری ئەسیوبیا، سوپای حكومەت چووە میكیلی پایتەختی هەرێم و بەوەش ئەو هەرێمە لەڕووی یاساییەوە هەڵوەشایەوە!.
ساڵی ١٩٩٤ ناگورنۆ كەرەباخ لە ئازربایجان جیابووەوە، كە خۆشی لەسۆڤییەت جیاببووەوە، پاش جیابوونەوە بوە كۆماری ناگۆرنۆ كەرەباخ و لەدونیادا تەنیا ئەرمەنستان پشتگیری كردو دانی پیادانا. لەساڵی١٩٩٤ ەوە ئەو كۆمارە بەو بارودۆخە مایەوە، تا چل رۆژ لەمەوبەر، شەڕ لەنێوان كۆمارەكەو كۆماری ئازەربایجان روویداو پاش مانگێك زیاتری شەڕو كاولكاری، ئازەربایجان كۆمارەكەی گرت، كە بەبەشێك لەخاكی خۆی دەزانێ و بەوەش پاش ٢٦ ساڵ ئەو كۆمارە فەوتا، ئەمە لەكیشوەری ئاسیا.
بیابانی خۆرئاوا كە لەئەفریكایە، دەكەوێتە باكووری مەغریب، باشووری مۆریتانیا، رۆژئاوای جەزائیر، پاش شەڕێكی درێژخایەن لەنێوان مەغریب و مۆریتانیا، مۆریتانیا لەبیابانی خورئاوا كشایەوە. لەگەرمەی شەڕدا، بەرەی پۆلیساریۆ دروستبوو كۆماری عەرەبی دیموكراتی بیابانی راگەیاند، لەوكاتەوە، مەغریب سێ لەسەر چواری بیابانەكەی بەدەستەوەیەو بەرەی پۆلیساریۆش بەشەكەی تری. لەنێوان هەردوولاشدا زنجیرەیەك شەڕو بەیەكدا هەڵشاخان روویداوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هیچ وڵاتێك خاوەندارێتی مەگریبی بۆ بیابانی خۆر ئاوا نەسەلماندووە.
هەفتەی رابوردوو پاش دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سوپای مەگریب و هێزەكانی پۆلیساریۆو ئارامبوونەوەی بارودۆخەكە، دوناڵدترامپ سەرۆكی ئەمریكا لەڕاگەیاندنێكدا خاوەندارێتی بیابانی خۆرئاوای گێڕایەوە بۆ مەگریب و بەدواشیدا، چەند وڵاتێكی عەرەبی پشتگیری خۆیان بۆ ئەو راگەیاندنە دەربری. ئەوەی ئاماژەمان پێدا، چەند نموونەیەكن كە هەڵوێستەو لێوردبوونەوەیان دەوێ و بۆنی مەترسی بەرفراوان بونیان لێ دێ !