له‌سه‌روبه‌ندی چه‌ندین حكومه‌تی پێش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان, پارتی كرێكارانی كوردستان له كوردستانی باكور به‌ناچاریی په‌نای بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و شۆرشی چه‌كداریی بردوه‌و, شه‌رو كوشتارێكی خوێناوی له‌نێوان سوپای توركیا‌و گه‌ریلاكان به‌رپابووه, هه‌ر له‌و سهروبهندانهشداو له‌سه‌رخواستی حكومه‌ته‌كانی پێشتر‌و ئێستای توركیا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته توانیویان و بگره سه‌ركه‌وتووش بوون تییایدا كه قه‌ناعه‌ت به‌زۆرێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپاو زلهێزكانی جیهان بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان بخه‌نه نێو لیستی تیرۆره‌وه.
غروری سیاسه‌تكردنی حكومه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌دۆزی كورد هه‌ر له‌و ساته‌دا پشتی له مهنتیقكرد كه توانی به موبارهكبایی ئهمریكاو به‌هاوكاری روسیا‌و ئیتاڵیا‌و یونان و كینیا, عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌ستگیربكه‌ن و راده‌ستی میتی توركیا بكرێت, به‌لام پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه ئه‌وه‌یه, ئایا توركیا به به‌ندكردنی ئۆجه‌لان گورزی له بزوتنه‌وه‌ی رزگارییخوازی كورد وه‌شاند له كوردستانی باكوور یاخود به‌هێزتری كرد؟ ئایا تاكتیك و ستراتیژی په‌كه‌كه له‌دوای ئۆجه‌لان بۆ درێژه‌دان به خه‌بات و به‌رخودان لاواز‌و سست بون یاخود پته‌و به‌هێزتر بوون, وه‌ڵامه‌كه‌ی هه‌رچه‌نده فره ڕه‌هه‌نده به‌ڵام ئاماژه‌كانی سه‌رگۆره‌پانی توركیا ئه‌و راستیه دوپاتده‌كه‌نه‌وه كه ئۆجه‌لان ئه‌گه‌ر له ئیمراڵی بێت هه‌ر ئۆجه‌لانه‌وه له قه‌ندیلیش بێت هه‌ر ئۆجه‌لانه, كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و راستییانه‌شدا له‌به‌ر بوونی ئاسه‌واری عه‌قڵیه‌تی سوڵتانیی له هزری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای توركیا شه‌رم ئیعلانكردنی هه‌ڵه‌یه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و, ئه‌یانه‌وێ هه‌ڵه بهههڵَه چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه‌له خواره‌وه چهندخاڵێكی هه‌ڵه‌كان ریز ده‌كه‌م:-
1- ده‌ركردنی هه‌زاران به‌رپرسی كوردی سه‌ر به هه‌ده‌په له شاره‌وانییه‌كان و دانانی كه‌سایه‌تی دیكه به شێوه‌ی قه‌یوم بۆ به‌رێوه‌بردنی پۆسته‌كان
2- لابردنی پارێزبه‌ندیی له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌و به‌ندكردنیان به‌تۆمه‌تی هاوسۆزیی و پشتگیریی كردنی په‌كه‌كه
3- راگه‌یاندنی باری نائاسایی له وڵات و بهعهسكهركردنی كۆمه‌ڵگا
4- چهندبارهكردنی بریاری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له ده‌یان گوندی كوردنیشین
5- خاپووركردنی ژماره‌یه‌ك گه‌ره‌كی شاره كوردنیشنهكان له‌چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیدا.
6- داخستنی كه‌ناڵه كوردزبانهكان له تی ڤی و رۆژنامه
7- ده‌ركردنی ده‌یان هه‌زار مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری كورد له‌چوارچێوه‌ی كوده‌تاكه‌ی گویله‌ن.
8- فراوانكردنی ئۆپراسیۆنه‌كان و گواستنه‌وه‌یان بۆ رۆژئاوای كوردستان
غروری سیاسیی توركیا له‌دوای ده‌ستگیركردنی به‌رێز ئۆجه‌لاندا هێنده به‌سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا زه‌ق دیاربوون به‌جۆرێك ویسیان گه‌له‌كۆمه‌و موئامه‌ره‌كه‌ی دژی ئۆجه‌لان به‌سه‌ر فه‌تحوڵا گویلهنیشدا دوباره‌ی بكه‌نه‌وه, به‌ڵام ئه‌ردۆگان نه‌یزانی كۆی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێشتر هاوكاربوون له ده‌ستگیركردنی به‌رێز ئۆجه‌لان ئاماده‌نین چیتر به‌شداریی سیناریۆی له‌وجۆره بكه‌ن, ئه‌و رهتكردناوانهش له راده‌ستنه‌كردنی (فه‌تحوڵا گویله‌ن و ساڵح موسلیم )دا ده‌ركه‌وتن.
لاپه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵه‌ی ئه‌ردۆگان ئه‌و كاته تۆماركرا كه ویستی شاری عه‌فرین داگیر بكات, هه‌ڵه‌ی ئه‌مجاره‌ی هێنده گه‌وره بوو به شه‌رمه‌زاریی و بگره ئابڕووچوون بۆ له‌شكری توركیا ئه‌ژمار ده‌كرا, چونكه پێشتر توركیا لافی زۆری به‌سه‌ر ئه‌ندامانی دیكه‌ی نێو په‌یمانی ناتۆدا لێده‌دا به‌وه‌ی توركیا خاوه‌نی هێزگه‌لێكی گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه له‌ناوچه‌كه‌و ئه‌توانێت به هێزی سه‌ربازیی كێشه سیاسییه‌كانی به‌رده‌می لابه‌رێت. نه‌یزانی ره‌وایه‌تیی خه‌بات و به‌رخودانی میللـه‌تێكی به‌شخوار زۆر له ئاله‌تی سه‌ربازیی به‌هێز تره, به‌ڵی زه‌بری كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی پارسه‌نگی شه‌ڕ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه, به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌یتوانیوه بۆ هه‌میشه جه‌نگ به‌رێته‌وه, ده‌كرێت ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندیی و ئیعتیبارات پشت له ره‌وایه‌تی خه‌باتی میللـه‌ته ستهملێكراوهكاندا بكات, به‌ڵام هه‌موو كاتێك به‌رده‌وامیی به‌رخودانی میللـه‌تان له به‌خشینی خوێن و گیان بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانیان گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین و كاریگه‌رترین چه‌ك بووه بۆ ناچاركردنی داگیركاری ملهور تا پازگهزببێت و خاك بۆ خاوه‌ن ماڵ بگێرێته‌وه.