1-2
هەمیشە فەیلەسووفەکان دونیابینینمان بۆ ژیان زیاتر دەکەن، هەربۆیە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان، کارێکی گرنگ و زەروورییە. هەرچەندە زۆرجار فەلسەفە بەوە ناشیرین دەکرێت، کە تەنها کاری نوخبەیە و دوورە خەڵکی ئاساییی و پێداویستی رۆژانە، بەڵام من دژی ئەم تێڕوانینەم، چونکە هیچ کاتێک ژیان بەبێ فەلسەفە نەبووەو نابێت.
ماوەی چەند ساڵێکە لە جیهاندا فەیلەسووفێکی نوێ دەرکەوتووە، کە خاوەنی تێڕوانین و دیدگایەکی تەواو تایبەت و جیاوازە لە فەلسەفە و بیرکردنەوە، ئەویش فەیلەسووفی ئیسرائیلی « یوڤال نوح هەراری « بەداخەوە لەناو کوردستاندا درەنگ بەرهەمەکانی بە دیدی خوێنەران گەیشتن، هەرچەندە لە جیهاندا کتێبەکانی ئەم فەیلەسووفە مایەی گرنگی پێدانن بەتایبەتی کتێبەکانی « هۆشمەندەکان و21 وانە بۆ سەدەمی نوێ». خۆشبەختانە لەماوەی پێشوودا بەشێک لە کتێبەکانی کراون بە کوردی، یەکێکیش لەو کتێبە جوان و گرنگانەی هەراری « هۆشمـەندەکان، پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ» کە لە لایەن کاک کارزان کاوسێن کراوە بەکوردی، کە ئەمەش مایەی دەستخۆشی لێکردنە.
لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، پێمخۆشبوو چەند دێرێک لەبارەی ئەم بەرهەمەوە بنووسنم، بەو هیوایەی کەمێک زانیاریی بە خوێنەری کورد بددەم. هەوڵیش دەدەم لە نووسینێکی تردا باسی کتێبێکی تری گرنگی بکەم کە ئەویش «21 وانە بۆ سەدەی 21» کە ئەویش یەکێتی ترە لە کتێبە جوانەکانی ئەم فەیلەسووفە، بەو هیوایەی لە رێگای ئەم وتارانەوە، خوێنەری کورد، بەرچاو ڕوونییەکی کەمی لەبارەی فکرو فەلسەفەی هەرارییەوە هەبێت.
مێژووی مرۆڤایەتی لە نیاندەرتاڵەوە تاوەکو مرۆڤی مۆدێرن
تایبەتمەندی ئەم فەیلەسووفە ئەوەیە،شارەزاییەکی ئێجگار باشی لە بارەی مێژووی کۆنی مرۆڤ هەیە، ئەمەش هێز و توانای زۆر باشی بەم فەیلەسووفە داوە، تاوەکو شرۆڤەکانی لەبارەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی باشتر بێت.
سێ شۆڕشی گرنگ
ئەم کتێبە باسی سێ شۆڕشی مێژوویی گەورە دەکات و کاریگەریان لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەخاتە ڕوو. هەروەکو نووسەر دەڵێت: سێ شۆڕشی گرنگ ڕەوگەی مێژوویان پێکهێنا، نزیکەی 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی درکپێکردن تەکانی دەستپێکی دایە بەر مێژوو. شۆڕشی کشتووکاڵی پێش 1 هەزار ساڵ گوڕێکی دایە بەر. دەشێ شۆڕشی زانستی کە تەنیا پێش 500 ساڵ کەوتە گەڕ، ئەم کتێبە چیرۆکی چۆنایەتی کاریگەری ئەم سێ شۆڕشە لەسەر مرۆڤەکان و زیندەوەرە هاوەڵەکانیان دەگێڕێتەوە.ل 16
لە راستیشدا ئەم کتێبە پیاسەیەکی خێرایە بەناو کۆمەڵێک شۆڕش و داهێنان و رووداوی گرنگ، کە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتییان گۆڕیوە. لەبەرئەوە بۆ من ئەم کتێبە مایەی خۆشحاڵییەکی زۆر بوو، چونکە پێشتر کەمێک زانیاریم لەبارەی ئەم بابەتانەوە هەبوو، بەڵام ئەم کتێبە دووبارە ئەوەی بیرم چووبو بیری هێنامەوەو زانیاری نوێتریشی پێ بەخشیم.
کۆمەڵێک زانیاری گرنگ
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر لەبارەی رووداو قۆناغە مێژوویییە گرنگەکانی مرۆڤایەتییەوە، زانیاریی و داتای زۆر گرنگی کۆکردۆتەوە. ئەمەش هێز و توانای زیاتری بەم فەیلەسووفە و دونیابینی بەخشیوە.
بۆ نموونە دەڵێت:
نزیکەی 1.5 ملیارد ساڵ لەمەوبەر ماددە، وزە، کات و بۆشایی لەو شتەدا کە پێی دەوترێت تەقینەوە گەورەکە هاتە بوون. نزیکەی 300 هەزار ساڵ پاش دەرکەوتنیان، ماددە و وزە دەستیانکرد بە تۆپەڵبوون بە شێوەی بونیادی ئاڵۆز کە پێیان وترا گەردیلە. نزیکەی 3.8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر،لەسەر هەسارەیەک کە پێی دەوترێ زەوی، چەند گەردێک تۆپەڵە بوون بۆ پێکهێنانی بونیادی بەدیاریکراوی گەورە و ئاڵۆزکا و کە پێیان دەوترا زیندەوەرەکان « organisms» چیرۆکی زیندەوەرەکان پێی دەوترێت بایۆلۆژیا. نزیکەی 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر، زیندەوەرەکانی توخمی مرۆڤە هۆشـمەندەکان، بەرەبەرە بوون بە بونیادی چڕوپڕتر کە پێی دەگوترا کەلتوور، بەرەو پێشچوونی یەک لە دوای یەکی ئەم کەلتوورە مرۆییانە پێی دەوترێت مێژوو. ل 15
شۆڕشی کشتوکاڵیی
نووسەر لەم کتێبەیدا پانتایی باشی تەرخانکردووە بۆ شرۆڤە و قسەکردن لەبارەی شۆڕشی کشتووکاڵییەوە، ئەو پێی وایە: شۆرشی کشتوکاڵی یەکێکە لە ڕووداوە هەرە مشتومڕئامێزەکانی مێژوو، هەندێ لە لایەنگرانی دەڵێن مرۆڤایەتی خستە سەر ڕیگای کامەرانی و پێشڤەچوون، ئەوانی تر جەخت دەکەنەوە لەوەی کە بەرەو هەڵدێری بردووە، ئەوان دەڵێن ئەمە خاڵی وەرچەرخان بوو لەو شوێنەدا کە مرۆڤی هۆشمەند کارلێکی گەرم و گوڕی لەگەڵ سروشت وەستاند و بەرەو چاوچنۆکی و دابڕان پەلی هاویشت.ل 158
کوردستان شوێنی لەدایک بوونی شۆڕشی کشتوکاڵی و شارستانی
یەکێک لە خاڵە جوانەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر لە زۆر شوێندا باسی کوردستان دەکات، کە لە زۆر داهێنانی مێژووییدا رۆڵی هەبووە لە هەمووشی گرنگتر کە لە کوردستانەوە « شۆڕشی کشتوکاڵی، دەوڵەتداری» دروستبووە. ئەمەش هێندەی تر ئەم نووسەرەی لام خۆشەویست کرد، چونکە دوژمنانمان زۆرجار هەوڵیانداوە، مێژووی دێرینان پشێوێنن.
نووسەر پێی وایە لە دەوربەری 9500 بۆ8500 پێش زایین لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و خۆرئاوای ئێران کشتوکاڵ دەستپێکردووە،ل 130 کە ئەمەش دەکاتە کوردستانی خۆمان، دیارە ئەمەش بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژووویی .
دواتر دەڵێت: نزیکەی 9000 ساڵ پ.ز. گەنم و بزن ماڵیکران، بازالیا و نیسک نزیکەی 8000 ساڵ پ.ز. ماڵیکرا. زەیتوون لەدەوروبەری 5000 پ.ز و رەزی ترێ 3500 .پ.ز هەندێک ئاژەڵی وەکو حوشتر و جەرەسی کاشۆ دواتر ماڵیکراون. لە دەوربەری 3500 .پ.ز شەپۆلی سەرەکی ماڵیکردنی کۆتایی پێهاتووە. ل 130
بۆچی شۆڕشی کشتووکاڵی لە رۆژهەڵاتی ناڤین روویداوە؟
نووسەر خۆی بەم پرسیارەوە خەریک دەکات و دەڵێت: بۆچی شۆڕشە کشتووکاڵییەکان لە رۆژهەڵاتی ناڤین و چین و ئەمریکای ناوەڕاست بەڵام نەک لە ئوسترالیا و ئالاسکا یان باشووری ئەفریقا سەریان هەڵدا؟
هەر خۆشی وەڵامدەداتەوەو دەڵێت: هۆکارەکەی سادەیە، زۆربەی توخمی رووەکەکان و ئاژەڵەکان ماڵی ناکرێن لەو ناوچانانەدا. مرۆڤە هۆشمەندەکان دەیانتوانی دومەڵانی بەتام لە زەوی دەربکەن و مامۆتی توکن ڕاو بکەن، بەڵام دەستەمۆکردنی هەر کامێک لەو توخمانە ئەستەم بوو. رووەکەکان دوورە دەست بوون، چوارپێ زەبەلاحەکانیش زۆر دڕندە بوون لەو شوێنانەدا. لەو هەزاران توخمەی کە پێشینانمان راویان کرد و کۆیان کردەوە، تەنیا چەند دانەیەکیان پاڵێورای گونجاو بوون بۆ کشتیاریی و ماڵیکردن. ئەو چەند توخمانەش لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا دەژیان و ئەو شوێنانە بوون کە تێیایدا شۆڕشی کشتووکاڵی روویدا. ل 132
شۆڕشی کشتوکاڵی گەورەترین ساختەکاری مێژوو
بە پێچەوانەی زۆربەی فەیلەسووف و بیرمەندانی جیهانەوە، نوح هەراری بۆچوونێکی تەواو جیاواز و تایبەتی بەرامبەر بە شۆڕشی کشتووکاڵی هەیە، ئەو پێی وایە کە ئەم شۆڕشی کشتووکاڵییە لایەنی نێگەتیفی زۆرتربووە تاوەکو پۆزەتیف.
لەمبارەوە دەڵێت: شۆڕشی کشتوکاڵی گەورەترین ساختەکاری مێژوو بوو، ئەم شۆڕشە ژیانی خەڵكی قوورستر کرد تا ئاسانتر، بۆ نموونە تێکڕای هەر جووتیارێک سەرسەختر لە تێكڕای هەر خۆراک دۆزەرەوەیەک کاری دەکرد و لەبەرامبەریشدا خۆراکی خراپتریشی دەستدەکەوت. ل 133
دواتریش پێی وایە کە شۆڕشی کشتووکاڵی، ئازادی لە مرۆڤەکان سەندۆتەوەو فێری ملکەچی کردوون.
«کێ بەرپرس بوو ؟ نە پادشاکان، نە قەشەکان، نە بازرگانەکان،تێوەگلاوەکان بریتی بوون لە کۆمەڵە تووخمێکی ڕووەکی، لەوانەش گەنم، برنج، پەتاتە. ئەم ڕووەکانە مرۆڤە هۆشمەندەکانیان دەستەمۆکرد، نەک بە پێچەوانەوە. ل 133»
نووسین سیستەمی تۆمارکردنی یادەوەری
خاڵی تر کە نووسەر پانتایی باشی لەم کتێبەدا بۆ داناوە قسەکردنە لەبارەی نووسینەوە. لەمەشدا نووسەر بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە و پێی وایە نووسین زیاتر داهێنانێکی مرۆڤ بووە بۆ « تۆمارکردن، خەزنکردن› یادەوەریی و داتاکان. لەهەمانکاتیشدا نووسین لە سەرەتادا بۆ کاروباری بازرگانی بەکارهێنراوە. جگە لەوەش باسی سەرەتای دروستبوونی نووسینی کردووە. نووسەر پێی وایە: نووسین میتۆدێکی پاشەکەوتکردنی زانیارییە لە رێگەی نیشانە ماددیەکانەوە. پاشان دەڵێت: سۆمەرییەکان نووسینیان بۆ ئەوە دانەهێنا تا زمانی قسەکردن کۆپی بکەن، بەڵکو زیاتر بۆ کردنی ئەو شتانە بوو کە زمانی قسەکردن نەیتوانی بیانگەیەنێت، ل197
دواتر نووسەر باسی یەکەمین هەوڵەکانی مرۆڤ دەکات لە بواری نووسیندا دەکات، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە و تاڕادەیەکیش شتێکی نوێ بوو بۆ من، کە یەکەمین دەقی نووسین کە 5 هەزار پێش زایین دۆزراوەتەوە لەسەردەمی شارستانی سۆمەرییەوەو بە خەتی بزماری نووسراوە، ناوەڕۆکی نووسینەکە باس لە مامەڵەیەکی بچووکی بازرگانی نێوان دوو کەس دەکات، ئەمەش ئەو قسەیەی مارکسم بیردەکەوێتە کە دەڵێت» بازاڕ زمانی دروستکردووە». دواتر نوح هەراریش دەڵێت: یەکەمین تێکستەکانی مێژوو هیچ تێڕامانێکی فەلسەفی، شیعر، ئەفسانە، یان یاساکان و سەرکەوتنە پادشایەتییەکان ناگرێتە خۆ، بەڵکە ئەمانە دۆکۆمێنتی ئابووریی کڕچوکاڵ، ڕیکۆردی پارە، باج، کەڵەکەبووی قەرزەکان و خاوەندارێتی موڵکین. ل؛ 196
لە کۆتاییشدا نووسەر پێی وایە کە نووسین بۆتە هۆی پێشخستنی بیرۆکراسی و سیستەمی کۆمپیووتەری، کە لە داهاتوودا دەبنە ترسی گەورە بۆ مرۆڤایەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت: نووسین وەکو نۆکەری مرۆڤ لەدایک بوو، بەڵام پەیتا پەیتا بووە سەرگەورەی، ئەمەش لەرێگەی کۆمپیووتەرەکانەوە، ل 206
سێ هۆکاری گەورە کە مرۆڤایەتییان یەکخست
نووسەر کۆمەڵێک شرۆڤەی ئێجگار جوانی بۆ مێژووی مرۆڤایەتیی کردووە، یەکێکیشیان لەوانە، کە چۆن مرۆڤایەتی لە دەوری یەکتری کۆبوونەوەو پەیوەندییان بە یەکترییەوە کردووە، لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
بازرگانەکان، داگیرکاران، پێخەمبەرەکان ، یەکەمین کەسانێک بوون کە لە دابەشبوونی دوانەی لە مێژیینەی « ئێمە و ئەوان» دا پەڕینەوەو پێشبینی یەکبوونی مرۆڤایەتیان کرد. بەلای بازرگانەکانەوە سەرانسەر جیهان تاکە بازاڕێک بوو هەموو مرۆڤەکان گونجاو بوون بۆئەوەی ببنە کڕیار. بەلای داگیرکارانیش تەواوی جیهان تاکە ئیمپراتۆریەتێک بوو، هەموو مرۆڤاکانیش گونجاو بوون بۆ ئەوەی ببنە رەعیەت. بۆ پێخەمبەرانیش، سەرانسەری جیهان هەڵگری تاکە هەقیقەتێک بوو، هەموو مرۆڤەکانیش گونجاو بوون بۆ ئەوەی ببنە کەسانی باوەڕدار. ل260
بەشێکی زۆری کتێبەکەشی بۆ قسەکردن و شرۆڤەکردنی ئەم بابەتە تەرخان کردووە، بەراستی زۆربەی بۆچوونەکانیش مایەی تێڕامان و سەرنجن.
بازرگانی و پارە
نووسەر تیشکی زۆری خستۆتە سەر رۆڵی بازرگانەکان لە شارستانی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتی لە پێشخستن و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان. خاڵی گرنگ یان هۆکاری سەرەکی ئەم پەیوەندییەش « پارەیە»
نووسەر پێی وایە پارە ئامڕازێکی گەردوونییە بۆ ئاڵۆگۆڕ کە توانا دەداتە خەڵکی کە بە هەموو شێوەیەک و هەموو شتێک بگۆڕنەوە. ل 270
پارە واقیعێکی ماددی نییە، بەڵکو چەمکێکی سایکۆلۆژییە، کە بە گۆڕینی ماددە بۆ ئەقڵ کار دەکات، ل 272 پارە جیهانییترین و کاراترین متمانەی دوولایەنەیە، تاکو ئێستا داهێنرا بێت.273
مێژووی پارە داهێنان
دواتر باسی مێژووی دۆزینەوەی پارە دەکات ئەوەش دووبارە لە ناوچەی میزۆپۆتامیا بووە. یەکەمین جۆری پارە بۆ دەوروبەری 3 هەزار پێش زایین دەگەڕێتەوە لە سەردەمی سۆمەریدا « جۆ» یان وەکو پارە بەکارهێناوە،هەموو شتێک بە « جۆ» فرۆشراوە. یەکەمین سکەی پارەش لە دەوربەری 640 پێش زایین کە پادشای ئەلیات یان لیدیا دایهێناوە. ل 276