پێدەچێ وەرزی خستنی فڕۆكەكان لەسوریا دەستی پێ كرد بێ. لە 3ی شوبات فڕۆكەیەكی سۆخۆی 25ی روسی لەئاسمانی ئیدلب بەموشەكێكی دژ بەفڕۆكە خرایە خوارەوەو فڕۆكەوانەكەی لەناوچەیەكدا دابەزی كە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارەكانی بەرەی نوسرە دایە. ئەم فڕۆكەیە دووەم فڕۆكەی جەنگیی روسیایە كە لەسوریا دەخرێتە خوارەوە.
هەروەها لە 10ی شوباتدا فڕۆكەیەكی ئێف 16ی ئیسرائیلی كە بەئاسمانی سوریا دەسوڕایەوە، تەقەی لێ كراو پێكرا، دواتریش لەباكوری حەیفا كەوتە خوار. فڕۆكەیەكی ئێف 15ی ئیسرائیلیش پێكرا، بەڵام فڕۆكەوانەكەی گەیاندییە ناو ئیسرائیل و لەشوێنێكدا نیشتەوە. هەر ئەو رۆژە ئیسرائیل فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی لەشیوەكانی ئوردون خستە خوارەوە.
لەعەفرینیش هێزەكانی كورد لە 10ی شوباتدا هەلیكۆپتەرێكی توركیایان خست و لەئەنجامدا هەردوو فڕۆكەوانەكەی گیانیان لەدەستدا.
لەكاتی گرژییدا پەرەسەندنی دیاردەی خستنی فڕۆكەكان ئاماژەیەكە بۆ تەشەنەسەندنی مەترسییەكان و خراپتر بوونی رەوشەكەو فراوانبوونی پانتایی شەڕ.
روسەكان زۆر بەخستنی فڕۆكەكانیان هەستیارن. هەر لەسەرەتاوە كەوتنە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی جەستەی فڕۆكەكەیان بۆ ئەوەی بزانن بە چ جۆرە موشەكێك پێكراوە. مۆسكۆ زۆر مەبەستێتی سەرچاوەی موشەكەكە دیاری بكات، چونكە گومانی هەیە لایەنێكی وەك ئەمریكا یان ئیسرائیل ئەو جۆرە موشەكەی بۆ چەكدارەكانی دژ بەڕژێمی ئەسەد دابینكردووە.
تا پێش رووداوەكە، مۆسكۆ داوای لەسوریا دەكرد وەڵامی پێشێلكارییە ئاسمانییەكانی فڕۆكەكانی ئیسرائیل نەداوەتەوە. بەڵام گۆڕانی كتوپڕی ستراتیجی سوریاو تەقەكردن لەفڕۆكەكانی ئیسرائیل، دەشێ نیشانەی ئەوە بێ كە مۆسكۆ چەكی پێشكەوتووی دژە ئاسمانیی بۆ هێزەكانی حكومەتی سوریا دابینكردووەو رێگاشی پێداون خێراو بەتوندی وەڵامی هەر پێشێلكارییەكی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بدەنەوە. مۆسكۆ لەڕێی سوریاوە دەیەوێ تۆڵەی خستنی فڕۆكەكەی لەو لایەنانە بكاتەوە كە كارەكەیان ئەنجامداوە یان ژێر بەژێر دەستیان تێدا هەیە. خستنە خوارەوەی ئێف 16 كەی ئیسرائیل، دەنگدانەوەیەكی زۆری لەشەقامی عەرەبیدا هەبوو و دەرفەتێكی باشی بۆ رژێمی ئەسەد پێكهێنا تا بگەڕێتەوە ناو كۆڕی نیشتمانپەروەری. مێژووی شەڕی ئاسمانیی نێوان ئیسرائیل و سوریا هەرگیز لەبەرژەوەندیی سوریادا نەبووە. گەورەترین شەڕی ئاسمانیی نێوان ئیسرائیل و سوریا بۆ ساڵی 1982 دەگەڕێتەوە، كە تێیدا فڕۆكەكانی مێگ 21و ئێف و 15و ئێف 16 و فانتۆم و سكۆتی ئیسرائیل لەرۆژانی 9و 10و 11ی حوزەیرانی 1982 دا لەئاسمانی لوبنان رووبەڕووی فڕۆكەكانی مێگ 21 و مێگ 23ی سوریا بوونەوەو شەڕەكە بەكارەسات بۆ سوریا شكایەوە: سوریا لە شەڕەكەدا 76 فڕۆكەی شەڕكەری لەدەست دا، لەكاتێكدا ئیسرائیل تەنها 5 فڕۆكەی شەڕكەری لێ خرا.
هەرچەند ئێستاش تەرازووی هێز لەنێوان هەردوو وڵاتدا، زۆرتر لەبەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە، بەڵام لە سوریایەكی تێوەگلاو لە شەڕو هەڕەشەلێكراوو تەنگ پێهەڵچنراو، خستنی فڕۆكەیەكی شەڕكەری ئیسرائیلی و پێكرانی فڕۆكەیەكی تر، لەناوەڕۆكدا پەیامێكی سیاسیی بەهێزی تێدا دەبینرێ.
بەهەمان پێودانگ، خۆڕاگریی عەفرین و بەرپەرچدانەوەی هێرشی بەربڵاوی یەكێ لەبەهێزترین سوپاكانی ناوچەكە، نیشانەی ئەوەیە كە مەرج نییە پشت بەستنی شەڕە كلاسیكییەكان بە تەكنەلۆژیا، سەركەوتنێكی ئاسان دابین بكات. لەم جۆرە شەڕانەدا توانای خستنی فڕۆكە بەڵگەی هێزە. بە دڵنیاییەوە، توركیا دەتوانێ قەرەبووی هەلیكۆپتەرە تێكشاوەكەی و دوو فڕۆكەوانە كوژراوەكەی بكاتەوە. بۆ توركیا، مەسەلە مەسەلەی خستنی فڕۆكە نییە، بەڵكو مەسەلەی ئەوەیە كە لایەنەكەی تر سەرچاوەیەكی مسۆگەری خۆ چەكداركردنی هەیە كە بەهۆیەوە دەتوانێ زیانی زۆرتر لەسوپای توركیا بداو بەردەوامیش بێ لەسەر بەربەرەكانێ كردنی هێرشەكان. ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی زۆرە بۆ توركیا.
ئەم رووداوە بەدڵنیاییەوە كاریگەرییەكی زۆر لەسەر پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بەجێ دێڵێ كە توركیا پێیوایە كار بۆ ئەوە دەكەن كەشەڕی عەفرین بەو ئامانجە نەگات كە توركیا هەوڵی بۆ دەدا.
لەوەرزی خستنی فڕۆكەكاندا هەموو ئەگەرە خراپەكان بەكراوەیی دەمێننەوە. هەموو ئەو لایەنانەی كە لە شەڕدا فڕۆكەیان خراوە یان پێكراوە، پێویستیان بەوە هەیە كە وردتر بارودۆخەكە هەڵسەنگێنن و پێداچوونەوەیەك بەتاكتیكە پەیڕەوكراوەكانیاندا بكەن و تەنانەت رەنگە مەسەلەكە بگاتە رادەی پێداچوونەوە بە ستراتیجە كارپێكراوەكانیشدا.