لێرەدا فۆکەس دەخەینە سەر دیارترین راستییە زانستییەکانی پەیوەست بە جگەرەکێشان، رێکخراوی تەندروستیی جیهان لە پێگەی رەسمی خۆی ئاماژەی کردووە بەوەی کە جگەرەکێشان ساڵانە دەبێتە هۆکاری مردنی هەشت ملیۆن کەس، حەوت ملیۆنی ئەوانەن کە راستەوخۆ جگەرە دەکێشن و نزیکەی یەک ملیۆن و دوو سەد هەزاریشی ناڕاستەوخۆ جگەرە دەکێشن، یان ئەوەی پێی دەگوترێت جگەرە کێشانی نەرێنی، نزیکە 80٪ جگەرەکێشەکان لەو دەوڵەتانە دەژین کە ئاستی داهات تێیدا مامناوەند و نزمە.
بەڵام کاتێک باس لە زیانە تەندروستییەکانی جگەرەکێشان دەکرێت، کە هۆکارێکی سەرەکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و کۆئەندامی هەرسکردن و جگەرە، بەڵکو کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیانی بە کۆئەندامی میزکردن و منداڵدان و بینین و پێست و هیتریش دەگەیەنێت. جگەرەکێشانی نەرێنی ساڵانە ژیانی زیاتر لە سێ هەزار کەس دەبات تەنیا بەهۆی شیرپەنجەی سنگەوە، زیاتر کاریگەریی لەسەر مناڵ و ساوایان دەبێت. هەرچەندە ئێمە ئامارێکی وردمان نییە لەسەر ئەوەی جگەرەکێشان چی لێدەکەوێتەوە، ساڵانە هۆکاری لەدەستدانی ژیانی چەند کەسە، چەند کەس دووچاری نەخۆشی درێژ خایەن و جەڵتە و نەخۆشییەکانی تر دەکات.
توتن زیاتر لە حەوت هەزار مادەی کیمیاویی تێدایە، سەلمێندراوە کە 250 مادەیان زیان بەخشە و 69 یشیان شێرپەنجەی لێدەکەوێتەوە. سەبارەت بە تێچوونی ئابووریی جگەرەکێشان ئەوا بێ شومارە، چونکە تێچوونی چاودێریی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانەی لێی دەکەوێتەوە، وێڕای لەدەستچوونی سەرمایەی مرۆیی دەرئەنجامی مردنی کەسەکان بەهۆی جگەرە کێشانەوە، هەروەها ئەو زیانە ئابوورییانەی ساڵانە دەرئەنجامی ئاگرکەوتنەوە بە هۆکاری جگەرەوە دەکەوێتەوە. لە توێژینەوەیەکی پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ تەندروستی بە هاوکاری رێکخراوی تەندروستیی جیهان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە جگەرە کێشان ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار لەسەر ئابووریی ئەمریکا دەکەوێت. هەروەها کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی تاکە کەسیش ناشادرێتەوە، کە رۆژانە یان هەفتانە یان ساڵانە پارەیەکی باشی بۆ تەرخان دەکات، بەتایبەتیش لەگەڵ زیابوونی باجی ساڵانەی سەر جگەرە، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی جگەرەکێش بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستی خۆی خەرجی دەکات، بێگومان ئەمیش لەسەر حسابی خەرجیی خۆی و خێزانی دەبێت. لە کۆتاییدا، قەبارەی ئەو کارەساتە ئابووری و تەندروستی و تەنانەت مرۆییەش کە دەرئەنجامی جگەرەکێشان دەکەوێتەوە، ئێجگار قورسە، دەخوازێت هەموو هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی بخرێتەگەڕ.
هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان یاسای قەدەغەکردنی جگەرەی دەرکردووە، بەڵام ئیرادەیەکی حکومی و رێکخراوەیی و کۆمەڵگەیی دەوێت تاوەکو بخرێتە بواری جێبەجێکردن و ئاسەوارە مەترسیدارەکانی کەم بکرێتەوە.