بورهان شێخ رەئوف

بایدن ‌و سیاسەتەكانی پێشووی ئەمریكا لە سوریا

  2020-12-06 19:56      226 جار بینراوە        کۆمێنت

قەیرانی سوریا یەكێكی ترە لەو قەیرانە ئاڵۆزانەی كە لە 10 ساڵی رابردوودا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناویندا درێژەی هەیە و خوێنی لێدەچۆڕیت، هەر لەو سۆنگەیەشەوە، بووە بە جێگەی بایەخی زۆرێك لە وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەكانی جیهانیش، بە روسیا و ئەمریكاشەوە.

ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمە باسی بكەم، هەڵسوكەوت و سیاسەتەكانی ئەمریكایە لە بارەی سوریاوە، هەر لە ئیدارەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووترەوە تاكو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستا ‌و جۆ بایدن سەرۆكی ئایندەی ئەو وڵاتە.

ئەوەی بەدی دەكرێت، هەر لە ئێستاوە تیمەكەی بایدن لە هەوڵی ئەوەدان ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاوە هەیە، گرنگی پێویستی پێبدەن، هەر لەبەر ئەوەشە كە بایدن و ئەنتۆنی بلینكین پاڵێوراوەكەی بۆ وەزارەتی دەرەوە، بەنیازن لە یەكەم رۆژەكانی دەستبەكاربوونیانەوە هەنگاوی خێرا بنێن بۆ گۆڕینی ئەو سیاسەتانەی ئۆباما لە سوریا، كە ئەوان بە هەڵەی دەزانن.

هەر تایبەت بە سوریا، جۆ بایدن لە كاتی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی ئایوا لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، وتی: بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا لەلایەن سەرۆك ترەمپ-ەوە شكستێكی تەواو بوو، بڕیاری پاشەكشەكە، سورییەكانی كردە ئامانجی هێرشەكانی تیرۆریستان، هەروەها پێداگریی لەسەر پشتیوانیی كوردەكانی سوریا كرد.

هەر تایبەت بە سوریا، بلینكین كە ئێستا پاڵێوراوە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ‌و جێگری راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بووە لە ئیدارەی ئۆبامادا، كاتێكی پێشتر لەمساڵدا وتبووی: سیاسەتەكانی ئیدارەی ئۆباما شكستیانهێنا لە سوریا ‌و زیاتر لۆمەی ئەمەی خستەسەر ئیدارەی ترەمپ، كە فەرمانی كشانەوەی سەربازەكانی ئەمریكای لە سوریا دا، هەرچەند پاشتر پاشگەز بۆوە. بلینیكن هەر بەوەشەوە نەوەستا ‌و وتی: ئۆباما شكستیهێنا لە پاراستنی گیانی سورییەكان ‌و لە بەرگرتن لە كۆچ و ئاوارەبوونی خەڵكی سوریا.

بۆ ئۆباما شكستیهێنا؟
هەرچەندە ئۆباما هێڵی سووری بۆ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا دانابوو لە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی لە بەرامبەر بە گەلەكەی، بەڵام كاتێك میدیاكان باسیان لە بەكارهێنانی غازی سارین كرد لەلایەن سوریاوە، ئۆباما بێدەنگیی هەڵبژارد، دۆخی سوریا ئاڵۆزتر بوو. لە سەردەمی ترەمپ-یشدا كە بڕیاری كشانەوەی دا لە سوریا، هەژموونی ئەمریكا لە سوریا بەتەواوی لاواز و بێ‌ كاریگەر مایەوە، بەڵام كاتێك لە بلینكین-یان پرسی، كە ئایا ئامادەن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی بكەنەوە؟ ئەو وتی، كە لەلایەن منەوە كارێكی نەشیاوە. ئەمە پێمان دەڵێت كە لە چوار ساڵی داهاتوودا سیناریۆی لەو بابەتە نابێت.

هەر لەبەر رۆشنایی ئەو لێدوانە و زۆرێكی تر لە لێدوانی سیناتۆرەكانی نزیك لە بایدن و میدیاكان و راپۆرتە هەواڵگرییەكان، دەگەینە ئەو بڕوایەی كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی بایدن، هەرچەندە بەڵێنی كۆتاییهێنانی شەڕە نەبڕاوەكانی ناوچەكەی دابوو، بەڵام ئێستا بەهۆی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی رەوتە توندئاژۆكانی وەكو ئەلقاعیدە و داعش، لەگەڵ ئەوەدایە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و ئەفغانستان بمێننەوە، بۆئەوەی جارێكی تر خاك و خەڵك و سامانی سروشتی وەكو نەوت و غاز نەكەوێتە بندەست ئەو هێزە توندڕەوانە ‌و بەهۆیانەوە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە و جیهانیش بشێوێنن.

لە كۆتاییدا، گرنگە بۆ سەرۆكی نوێی ئەمریكا، هەماهەنگی لەگەڵ روسیا و وڵاتانی تری ناوچەكە وەكو توركیا و عیراق و ئێرانیش بكات، بۆ ئایندەی سوریاش، ئایا گەمارۆ و سزاكانی سەر ئەو وڵاتە لادەبات لە بەرامبەر ریفۆرم و گەڕانەوەی ئاوارەكان؟ هەروەها سیاسەتی لە بەرامبەر رۆڵی نەتەوە یكگرتووەكان ‌و بڕیاری 1254 ‌و زۆر شتی تری پەیوەست بە سوریا چۆن دەبێت؟

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      144 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو