زانیاری بایەخێكی زۆر گەورەی بۆ گەشەو پەرەپێدانی ئابووری هەیە، بەشداری لەدانانی پلانو بەرنامەكانی ئایندەدا دەكات، لەمیانی زانیارییەوە دەكرێ پێشبینی بۆ ئایندە بكرێتو ئامانجەكانی دیاری بكرێن، زانیاری بەتوخمێكی سەرەكی هەر كارێكی مرۆیی دادەنرێت، ئامرازیكی گرنگی پێكگەیشتنی نێوان تاكو كۆمەڵگەو نێوان كۆمەڵگەكانیشە، هەروەها بەدەرامەتێكی ئابووریش دادەنرێت.
بایەخی زانیاری بۆ دەوڵەتانی گەشندە
خۆرئاوا لەكۆمەڵگەی كشتوكاڵییەوە كە لەئابوورییدا پشتی بەكەرتی كشتوكاڵ بەستبوو، گۆڕا بۆ كۆمەڵگەی پیشەسازی، كەپیشەسازی بووە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی داهات، پاشان بەرەو كۆمەڵگەی زانیاری گۆڕا، كە بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكاری دەهێنن، كۆمەڵگەی زانیاری لەگەشەكردنو پەرەسەندنیدا پشت بەو داتاو زانیارییانە دەبەستن كە لەتۆڕەكانی ئەنتەرنێتو كۆمپیوتەرو دامەزراوە هەمەجۆرەكانیاندا هەیە، لێرەوە شۆڕشی زانیاری گەشەی كرد، بەجۆرێك ئێستا بەسەر هەموو لایەنەكانی ژیاندا زاڵ بووە، پشت بەوەی پێی دەوترێت تەكنەلۆجیای فكری دەبەستێت كە بەرهەمو خزمەتگوزارییە نوێیەكان دەگرێتەوە، بازاڕی كاریش ئەو دەستیكارە دەگرێتەخۆ كە هەڵدەستن بە بەرهەمهێنانو چارەسەركردنو بڵاوكردنەوەو دابەشكردنی ئەو بەرهەمانەی بەتەكنەلۆجیای زانیارییەوە پەیوەستن، وێڕای خستنە بازاڕیان.
لەم ساڵانەی دواییدا، كەرتی زانیاری لەگەڵ گەشەكردنی ئابووریی جیهانییدا بەشێوەیەكی بەرفراوان گەشەی كردووە، زانیاری بایەخێكی گەورەی بۆ دەوڵەتانی گەشندەش هەیە، زاراوەی زانیاری سێ بواری بنەڕەتی دەگرێتەوە، ئەوانیش داتاو زانیاریو مەعریفەیە، دەكرێ بوارێكی تریشی بۆ زیادبكرێت، ئەویش زیرەكییە، بەو ئیعتبارەی ئامرازی بەرهەمهێنانی مەعریفەو تەوزیفكردنیەتی لەبوارە سوودمەندەكانی ئابووریو كۆمەڵایەتییدا.
گەشەپێدانی پیشەسازیی زانیاری
سوودوەرگرتن لەمەعریفە لەناو كۆمەڵگەدا پێویستی بەهەلومەرجی گونجاو هەیە، گرنگترینیان بەدەستهێنانی مەعریفەو تێگەیشتنو تەوزیفكردنیو گرتنەخۆی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە، هەندیكجار بەدەستهێنانی مەعریفە ئاسانە، وەلێ شێوازو رێگەی بەكارهێنانو سوودوەرگرتنی كێشەیە بەتایبەتی لەدەوڵەتانی گەشندە. زانیاری لەدەوڵەتانی خۆرئاوا بەهای ئابووری هەیەو بۆ چارەسەركردنی چەندین پرسو كێشە كۆمەڵایەتیو ئابوورییەكاندا بەكاردەهێندرێن، كەواتە كێشەكە لەچۆنێتی تەوزیفكردنی ئەو زانیارییانەو سوودوەرگرتنە لێیان بەشێوەیەكی دروست. زۆرجار رووپێویو توێژینەوەو ئەژماركردن دەكرێت، بڕێكی ئێجگار زۆر لەزانیاریو دەرئەنجام دەست دەخرێت، وەڵی دەرئەنجامەكانیان لەناو دۆڵابەكاندا زیندانی دەكرێنو كەم كەس بەكاری دەهێنێو سوودی لێ وەردەگرێت، هەرچەند بڕێكی ئێجگار زۆر پارەو ماندووبوونی تێدا خەرجكراوە، زانیارییەكان بەردەوام لەنوێبوونەوەو گۆڕاندان، ئەگەر لەكاتی خۆیدا بەكارنەهێندرێن، دوای ماوەیەكی تر ئەو بەهایەیان نامێنێت.
پێویستە ژینگەو هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێنرێت تاڕێگە بەگەشەو پەرەسەندنی پیشەسازیی زانیاری بدرێت، ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ رەوتی پێشكەوتنو پەرەسەندنەكانو بەشداریی ئابووریی نوێی جیهاندا بەرەوپێش بڕۆین، كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەشۆڕشی زانیاری دەبەستن، ئەگەرنا بۆشاییەكی گەورە لەنێوان دەوڵەتانی گەشندەو دەوڵەتانی پێشكەوتوودا فراوانتر دەبێت، رۆژانە تەكنیكی نوێ بەتایبەتی لەبواری پەیوەندیو كۆمپیوتەر دەدۆزرێتەوەو كێبڕكێیەكی توندو خێرا لەجیهانی زانیارییدا هەیە.
لەلایەن هەندێك لەدەوڵەتە دەوڵەمەندو رێكخراوە تایبەتمەندەكانەوە هەوڵی نەهێشتنی هەژاری دراوە، بەوەی هەژاریو برسێتی فرە رەهەندە، تەنیا بێبەشبوون لەخۆراكو ئاوو شوێنی نیشتەجێبوون ناگرێتەوە، بەڵكو بێبەشبوونە لەمەعریفەو زانیاری، ئەوەی نانی رۆژانەی بەئەستەم دەستبكەوێت، چۆن دەتوانێ ببێتە خاوەن تەكنەلۆجیاو زانیاریی دەست بكەوێت، لێرەوە پێویستە هەوڵەكان بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ دەوڵەتە هەژارەكان زیاتر بكرێت، بۆئەوەی نانی رۆژانەیان دەستبكەوێتو بەڕەوتی پێشكەوتن بگات.
فەراهەمكردنی سیستمی زانیاریو مەعریفە
پێویستە راستگۆییو شەفافیەت لەپڕۆسەی دەستكەوتنی دەرئەنجامەكاندا هەبێتو پاشان دەرئەنجامەكان وەك خۆیان بەبێ دەستكاری بڵاوبكرێنەوە، ئازادی ئابووری بەبێ بوونی شەفافیەت لەهەموو كەرتەكاندا گەشە ناكات، زانیاری كاریگەریی گەورەی لەسەر رای گشتی هەیە، كە لەدەوڵەتە پێشكەوتووەكاندا رۆڵكی گەورەی هەیە، نەبوونی شەفافیەتو خستنەڕووی زانیاری كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی سیاسی، ئابووریو كۆمەڵایەتیی دەوڵەتان دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستە زانیارییەكان بخرێنەڕوو وەك ئەوەی هەیە.
زۆرێك هۆكارەكانی قەیرانی ئابووریی ساڵی ١٩٨٧ كە ئابووریی جیهان دوچاری داڕمان بوو، بۆ نەبوونی شەفافیەتو نەبوونی زانیاریی دروست دەگەڕێننەوە، سەبارەت بەنەوتو نرخەكانیو ئەو هەڵبەزو دابەزەی بەخۆیەوە دەبینێت، بەشێكی بەرچاوی بۆ هۆكاری سیاسییو زانیاری نادروستو ناڕوون دەگەڕێتەوە، كە بڕیاری نادروستی لێدەكەوێتەوە، لەگرنگترین ئەو هۆكارانەی كە وەبەرهێنەران سەرمایەكانیان لەدەوڵەتانی خۆرئاوا بەگەڕدەخەن بوونی زانیاریو داتای راستو روونە، لەكاتێكدا ئەوە لەدەوڵەتانی گەشندە بەكوردستانیشەوە ونو ناڕوونەم لەبەر ئەوە بوونی زانیاریو داتاو ژمارەی راستو دروستو بەئاسانی بەدەستی خوازیارانی بگات، نیشانەیەكی گرنگی شەفافیەتو دیموكراسیو بەهێزكردنی متمانەیە لەنێوان حكومەتو هاووڵاتیاندا، فاكتەرێكی گرنگی راكێشانی سەرمایەگوزارانی بیانییە بۆ ناو كەناڵەكانی ئابووریی.
لەپێناوی گەیشتن بەڕەوتی پێشكەوتنو گەیشتن بەسەردەمی زانیاریو مەعریفە، دەبێ بونیادی بنەڕەتی پێویستی بۆ سیستمی زانیاریو مەعریفە فەراهەم بكرێت، وێڕای پەرەپێدانو هەمواركردنی یاساو سیستمەكانو نوێكردنەوەی بەرنامەكانی خوێندنو پشتیوانیكردنی داهێنان لەبوارەكانی زانستو تەكنەلۆجیا، هەماهەنگیی هەوڵەكانی نێوان دامەزراوە گشتیو تایبەتەكان، زانیاری بخرێتە بەردەست هەمووان، بەجۆرێك كە بەئاسانی لەڕێی تۆڕەكانی ئەنتەرنێتو ئامرازەكانی تری گەیاندنو پەیوەندییەوە بەدەستیان بگات.
*سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان
100You, Younis Hamad, Chenar Jola and 97 others
12 comments
4 shares
Like
Comment
Share