«ئەگەر پێیان راگەیاندی داهێنانێک بەڕێوەیە و دەتوانێ بەهۆیەوە تەنها لە ماوەی پێنج خولەک دەگەیتە ئەمریکا، بە درۆی مەخەرەوە، چونکە هەموو ئەوەی بە درۆمان خستەوە بوونە راستییەکی حاشا هەڵنەگر».
ئەوەی بەدواداچوون بۆ رێڕەوەی رووداوەکانی مێژوو دەکات، بە باشی دەرک بەو راستییە دەکات کە ئەوەی ئێستا مێشکی ئێمە وەری ناگرێت و بە درۆی دەخاتەوە، رۆژێک دێت دەبێتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر. نکۆڵی کردن لە پرسە نائاساییەکان سروشتێکی مرۆییە، لە ساڵی 1901، مارکۆنی فیزیازانی ئیتالی توانی یەکەمین ئامێری رادیۆی لاسلکی دروست کرد، ئەوکات زۆرینەی خەڵکی تووشی شۆک بوون و گومانیان لەو کارەی کرد، هەندێک پێیان وابوو ئەوە یەک لە نیشانەکانی کۆتایی جیهانە، دوای بڵاوبوونەوەی ئامێری رادیۆ و کڕینی لە لایەن خەڵکییەوە، ئەوەی خەڵکی لێی دەترسان و بە درۆیان دەخستەوە بووە شتێکی ئاسایی، هەروەها داهێنانی تەلەفۆن شۆکێکی تر بوو کە عەقلی مرۆڤ وەری نەدەگرت، چۆن دەبێ کەسێک لە ئەمریکاوە لەگەڵ کەسێکی تر لە چین قسە بکات، بەڵام دوای ئەوەی بڵاوبۆوە و خەڵکی بەکاریان هێنا، وەک راستییەک قبووڵکرا و لای خەڵکی بووە شتێکی ئاسایی، ئەم پرسە لەگەڵ هەر داهێنانێکی نوێ دووبارە دەبۆوە و دەبێتەوە، سەرەتا بە گومان و دڵەڕاوکییەوە و بڕوانەکردنەوە لێی دەڕواندرێت، پاشان وەک راستییەکی حاشا هەڵنەگر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و خۆی لەگەڵ دەگونجێنێت.
کاتێک دوای ماندوو بوونت لە ئیشوکاری رۆژانەت دەگەڕێتەوە ماڵەوە، دوای پشوو و سەر دەخەیتە سەر سەرینەکەت بۆ ئەوەی بە هێمنی بخەویت، پێت وا نەبێت هەموو وەک تۆ دەکەن، بەڵکو عەقڵی داهێنەر هەیە هێور نابێتەوە، ئیش دەکات و داهێنانی دەبێت، بزانە شۆڕشێکی زانستی گەورە لە ئایندەدا لە تەقینەوەدایە، بڕوا بکەیت یان نا، جیهان لەسەر رێی تەقینەوەیەکی زانستی تەکنەلۆجییە، کەس ناتوانێ مەودای ئەو شۆڕشە دەرک پێ بکات.
تیۆری رۆیشتن بە «زەمەن» دا، تیۆرێکە لە ئێستادا جێی پراکتیزەکردن نییە، عەقڵی مرۆیی ئەمڕۆمان ئەستەمە بڕوای پێ بهێنێت، چونکە هۆکارەکانی سەرکەوتنی فەراهەم نەبوونە هێشتا، بەڵام دوای هەزار ساڵ، بە گریمانەی ئەوەی جیهان بە هەمان رەوتی خێرایی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زانست بەڕێوەدەچێت، ئایا پراکتیزەکردنی ئەستەم و قورس دەبێت؟ بڕوا ناکەم. زیرەکی دەستکرد کە لە پێناوی خزمەتکردنی مرۆڤدا دروستکرا، تاوەکو لە رێی پرۆگرامکردنییەوە کۆمەڵی ئەرک و کاری ورد و گرنگ بکات، هەندێک ترسیان لێی هەبوو بەوەی دەبێتە هۆکاری بێکارییەکی زۆر، بەڵام کارەساتەکە لێرەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کاتێک زیرەکی دەستکرد پێش زیرەکی مرۆڤ دەکەوێت، ئەوکات مرۆڤ توانای کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی ئەو زیرەکە دەستکردەی نامێنێت، جیهان دەکەوێتە ئەو حاڵەتەی کە ستیڤن هۆکینگ هۆشداری لەبارەوە دا، کە دەڵێ، ناچار دەبیت خۆت و خۆشەویستانت لە ماڵەوە لێی دابنیشن تاوەکو لە باڵادەستی و وەحشیەتی رۆبۆتەکان بپارێزیت، بە دڵێکی خۆشەوە یادەوەری رۆژانی گۆشەگیری خۆتو خێزان و دەوروبەرت بۆ نەوەکانت دەگێڕیتەوە.