بۆ ئێمە کە لەدەرەوەی ئەمریکا دەژین، تێگەیشن لەزمانی میدیای و دیپلۆماسی و سیاسی ئەمریکی، نەک هەر بۆ کوردێکی ئینگلیزی نەزان، بەڵکو بۆ ئینگلیزی زانێکیش سەختە. بەشی زۆری زمانی سیاسی ئەمریکی زمانی وەرزشە، وەرزشی بەیسبۆل و باسکەو تۆپی پێی ئەمریکی، کە زۆرینەمان یاساو ڕێساو زمانەکانی تێناگەین، بۆیە زۆرجار وەک خۆی وەرگرتنی لێدوان و دەربڕینەکان دەبێتە مایەی خراپ تێگەیشتن.
بەڵام ئەم پرسە تەنها زمانەوانی نییە، بەڵکو ئاستی تری هەیە، لێرەدا مەبەستگەرایی گرنگە. کاتێک سیاسییەکی ئەمریکی لێدوان دەدات، دەبێت بزانرێت ئایا لێدوانەکەی بۆ ناوەوەیە یان بۆ دەرەوە، لە چ کاتێکدایە، دەیەوێت چ ئامانجێکی پێ بپێکێت؟
با نموونەیەکی سادە بهێنینەوە کە ئەم ڕۆژانە باس دەکرێت. ئەمریکا دەکشێتەوە. کشانەوە چەمکێکی هەتا بڵێی ناڕوونە، چونکە ئایا هەمووی دەکشێتەوە، بڕێكی دەکشێتەوە، ئایا باسی کشانەوە بۆ ئەوەیە پەیامێک بۆ بازنەی هەڵبژاردن و هەواداران بنێردرێت کە پەیمانێک جێبەجێکراوە یان هۆکاری دەرەکی هەیە؟
لەئێستادا ترەمپ ئامانجیەتی کە ئەو پەیامە بگەیەنێت کە دەکشێتەوە. بۆ؟ چونکە ترەمپ لەئێستادا هەموو ئامانجی ئەوەیە کە هەوڵی ئەوەبدات کە چ شۆرەتێک بەجێدەهێڵێت. دەبێت بزانین کە ترەمپ ئامانجیەتی پارتی کۆماریی لەدەستی دەرنەچێت، ٧٠ ملیۆن دەنگدەر سەرمایەو هیزێکی گەورەیە دەیەوێت سەرمایەگوزاری لەسەر بکات، دەیەوێت بیانکاتە بینەری هەمیشەیی کەناڵە تەلەفزیونییەکەی کە دایدەمەزرێنێت و مێشکی بایدنی پێ وێران ئەکات. دەیەوێت بڕیاردەری سەرەکی بێت لەوەی کە کێ دەبێت کاندیدی کۆمارییەکان لەدەورەی داهاتوودا. بۆیە زۆر گرنگە بۆی کە ئەو پەیامە بگەیەنێت هەوادارانی کە پەیمانەکانی جێ بەجێکردوە، یان هیچ نەبێت هەوڵی بۆ داوە.
کەواتە دەرخستنی نییەتی کشانەوە، دروستکردنی ڕووداوێکی میدیایی زۆر گرنگترە لەدۆخە ڕاستییەکە، چونکە وەک جەیمس جێفری وتی، هەمیشە ڕاستییان لە ترەمپ شاردووەتەوە.
بەڵام کشانەوە ئاستی تەکنیکیشی هەیە. بۆ نموونە کاتێک دەڵێن ١٠٠٠ سەرباز لەشوێنێکە، مانای وەها نییە کە هەموو ژمارەی سەربازەکان ئەوەندەن، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە بە بەشی لۆجیستی دادەنرێت لەناو ئەو ١٠٠٠ کەسەدا نین.