كورد له ناساندنی دڕنده‌یی و دیكتاتۆربوونی رژێمی رووخاوی به‌عس، رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی، به‌شێكی له‌و پێناساندنه، ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه بوو كه به درێژایی ته‌مه‌نی به‌عس له درێژه‌ی خه‌باتی خۆی به‌خشی، به‌شه‌كه‌ی تریشی له رۆڵی دیپلۆماسییانه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد بوو به‌تایبه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال كه به‌رده‌وام له هه‌وڵدا بوو بۆ ناساندنی رژێمی به‌عس به جیهان و قایلكردنی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی چاویان له تاوانه‌كانی رژێم ده‌پۆشی.
كاتێكیش زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌وانه‌ش كه دۆستی بوون، دڵنیابوون له‌وه‌ی چیتر سه‌رده‌می سه‌دام نه‌ماوه، كورد به‌گه‌رمییه‌وه به‌شداریی پرۆسه‌ی ئازادیی عیراقی كرد به سه‌رپه‌رشتیی ئه‌مریكا.
دواتریش كورد به ویستی خۆی و به‌هه‌موو توانایه‌كییه‌وه چووه به‌غدا تا له بنیاتنانی عیراقی نوێ‌دا به‌شداربێت.
هه‌رواش بوو، كورد له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینی و هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وتن كه چیتر كورد نه‌ته‌وه‌ی پله دوو و چه‌وساوه نییه، به‌ڵكو هاوبه‌شێكی گرنگه و هه‌رێمێكی فیدرالی هه‌یه.
له‌وه‌ش گرنگتر، كورد له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه رێكه‌وت كه سازان له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه‌كان بنه‌مای رێكه‌وتن بێت، نه‌ك زۆرینه و كه‌مینه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداره.
كه‌س ناتوانێت بڵێت كه له‌هه‌رێم گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافییه‌ت و نادادپه‌روه‌ریی نییه، به دڵنییاییه‌وه كێشه‌ی گه‌وره له ناڕوونی له داهاتی نه‌وت و داهاته‌كانی تردا هه‌یه، جگه له كێشه‌ی سیاسی و نه‌بوونی متمانه، باشه ئه‌ی عیراق شامی شه‌ریفه؟ نه‌خێر، عیراق بۆخۆی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی له ناڕوونیی داهاتدا هه‌یه! زۆربه‌ی زۆری شاره‌زایانی ئابووریی ده‌ڵێن %40 ی داهات ده‌چێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی عیراقه‌وه. به‌پێی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عیراق، له ساڵی 2005ه‌وه 320 ملیار دۆلار دیار نه‌ماوه. عیراق دوو جاره بۆ دابه‌شكردنی مووچه قه‌رز ده‌كات، نزیكه‌ی 160ملیار دۆلار قه‌رزاره.
به‌پێی ئاماری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پێنج ملێۆن هاووڵاتی عیراق له‌خوار هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن، هه‌موو پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خواروو به‌ده‌ست نه‌بوونی پڕۆژه و خزمه‌تگوزارییه‌وه ده‌ناڵێنن. یه‌ك ساڵه له هه‌موو شاره‌كانی عیراقدا خۆپیشاندانه، بارودۆخی سیاسی له‌وپه‌ڕی خراپیدایه.
ئه‌م قسانه داكۆكیكردن نییه له حكومه‌تی هه‌رێم كه ناڕێكی و كه‌م و كورتیی زۆره، به‌ڵكو داكۆكیكردنه له مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم. جێی خۆیه‌تی هه‌رێم پاره‌ی ئه‌و بڕه نه‌وته بداته حكومه‌تی عیراق، له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ی له داهاتهكاتی تر داوای ده‌كات، تا بیانووی نه‌مێنێت، به‌ڵام ئایا مه‌سه‌له‌كه لێره‌دا چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟
به‌بڕوای به‌نده نه‌خێر، ده‌ره‌نجامی كۆتایی ئه‌م گوشارانه‌ی به‌غدا هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووره و نه‌هێشتنی هه‌رێمه و بوونه‌وه‌مانه به (شیمالونا ئه‌لحه‌بیب). له‌ڕاستیشدا ناكرێت گله‌ییه‌كیش له خۆمان نه‌كه‌ین، ئێمه دووانمان به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵناكه‌ین، بێگومان ئه‌وه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێت كه گهلهكۆمهكێمان لێ بكه‌ن.
زۆر گرنگه له‌م كاته‌دا، حزبه‌كان هه‌موو كۆششێكیان بخه‌نه گه‌ڕ هه‌م بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم، هه‌میش بۆ پاراستنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌مه‌شدا ئه‌ركی گه‌وره و قورس ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوسه‌رۆكه‌كانی و پێویسته هه‌موو كۆشش و توانایه‌كی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی هه‌رێم و گه‌له‌كه‌مان تووشی گرفت و نه‌هامه‌تی تر نه‌بێت و پێگه‌ی كورد له عیراقدا پارێزراوبێت.