مێژووی گەلی كورد، مێژووی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانە، مێژوویەكە پڕە لەنەهامەتی و مەرگەسات، سەركەوتن و شكست، قەتیس بوون و بەرەوپێش چوون، ئاوهاش هێشتا پاش دەیان ساڵ زەحمەت و ماندوبون، مەترسی گەورەی لەسەرەو خواش هەڵناگرێ، خۆی لەنەیارو دوژمنەكانی لەگەڵ خۆی خراپترە. لەهەموو قۆناغ و شۆڕشەكاندا، كەسانێكی گیان بەختكەر بوونەتە قوربانی و شەهید بوون لەپێناو گەلەكەیانداو لەهەر سەردەمێكدا بەهەزاران بوون.
شۆرشی نوێی گەلەكەمان بەسەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بێبەش نەبووە لەشەرەفی بەخشینی هەزاران تێكۆشەری ریزەكانی رێكخستن و پێشمەرگایەتی بەئەندامی سادەو كادیری پێشكەوتوو سەركردایەتییەوە. (ی.ن.ك) لەخەباتی درێژخایەنی خۆیدا، كەهێشتا بەڕای بەندە بەردەوامە، زیاتر لەبیست هەزار شەهیدی لەهەموو ئاستەكاندا بەخشیوە، ئەمەش وادەكات ئەو شانازییەی پێ ببڕێت نازناوی حزبی شەهیدانی پێ ببەخشرێ. لەوانەیە ناهەقی نەبێ گەر بڵێین، یەكێتی زۆرترین شەهیدی بەخشیوە بەكوردستان و هەروەها زۆرترین سەركردەو فەرماندەی بوونەتە قوربانی كە لەمێژوودا بێ وێنەیە. هەموو ئەوانەی لەڕیزەكانی یەكێتیدا، لەسەنگەردا، لەزینداندا، لەڕووبەڕووبوونەوەی سەر شەقامەكاندا گیانیان بەختكرد، بڕوایان بەمەسەلەی رەوای گەلەكەیان بوو، دڵنیابوون لەوەی گیانی خۆیان بۆ مەسەلەیەكی پیرۆز دەبەخشن و خاتر جەمیش بوون كە هاوڕێ و هەڤاڵەكانیان لەتێكۆشان بەردەوامدەبن و پەیامەكەیان دەگەیەننە جێ و هەرواش بوو.
ئێستاش كە یادی ئەو سەروەرانە دەكەینەوە، سەری رێزو نەوازش بۆ گیانی پاكیان دادەنەوێنین، جێی خۆشییەتی بڵێیین، ئەركی سەرشانی حزبەكەیانە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەردەم لەسەر رێبازی شەهیدان بێ، حزبی داكۆكیكار لەماف و داوا رەواكانی خەڵك بێ، حزبی تێكۆشانی بێوچان بێ لەپێناوی كوردو كوردستاندا، وەك هەمیشە حزبی ئەركە قورسەكان بێ.
لەڕۆژی شەهیدی (ی.ن.ك) دا، سڵاو بۆ گیانی سەرۆك مام جەلال، سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان، هەر زیندوو بێ یادو یادەوەرییان.