لەو رۆژەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی نیشتەجێ بووە لە پێناو مانەوەیدا لە ململانێدایە، چەند ژمارەی مرۆڤ زیاد بکات، ململانێ و جەنگەکان روو لە زیادبوون دەکەن، ئەمەش پێویستی بە چەکی زەرور و بەهێز هەبووە، چ بۆ پەلاماردان یاخود بۆ بەرگرکردنی کردن، پیشەسازیی سەربازی مێژوویەکی درێژی لە داهێنان و دەستکەوتدا هەیە، کە بە ئەمڕۆشەوە سوود لە بەرهەمەکانی وەردەگرین، ئەوە تەنها لە پەرەپێدان و باشترکردنی تەکتیک و ئەرکە سەربازییەکاندا کورت نەبۆتەوە، بەڵکو لەناو خەڵکی سڤیلیشدا بڵاوبوونەتەوە، چیتر مرۆڤیش ناتوانێ لە ژیانی رۆژانەیدا دەستبەرداریان بێت.
لە دیارترین ئەو داهێنانە، کە رەنگە بە خەیاڵیشتدا نەیەت، کە بنچینەکەی سەربازییە، « ئینتەرنێت» کە ئێستا بەبێ بوونی نازانی ژیان چۆن دەبێت، لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت، چ بۆ مەعریفە یان کارکردن و پەیوەندیکردن و کات بەسەربردن. لە ساڵی 1969، یەکەمین تۆڕی کۆمپیوتەر «ئاربانت» دەرکەوت، کە تا رادەیەکی زۆر لە تۆڕی نوێی ئینتەرنێت دەچێت. کە دەتوانرا تەنها بۆ یەک شوێن بەکاربهێنرێت، پەرەی پێدرا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فراوان تەواوی جیهان بگرێتەوە.
ئوتومبیلی فریاکەوتن، ناپلیۆن لەو هەڵمەتە سەربازییەی کردییە سەر ئینگلتەرا دایهێنا، ئەوکات پێویستییەکی ئێجگار زۆریان بە چاودێریی پزیشکی هەبوو تاوەکو لە کاتی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی زۆری ژمارەی مردنی سەربازە بریندارەکان بەکاربهێنرێت. ئەوکات ئوتومبیلی فریاکەوتن، لە عەرەبانەیەک پێکهاتبوو کە هەموو ئەوەی بۆ گواستنەوەی خێرا و لەباری سەربازە بریندارەکان پێویست بوو تێیدا دابین کرابوو. ئەو داهێنانە بە شێوەیەکی تەواو رێڕەوی جەنگی گۆڕی.
جی پی ئێس، ئەو سیستمەی کە ئیستا لەناو هەموو ئوتومبیلێکدا هەیە، لە راستییدا بۆ مەبەستی سەربازی داهێنرا. ئەم سیستمە لە ساڵی 1964 لە میانی ئاڵۆزبوونی قەیرانی کۆبا پەرەی پێدرا، ئەوکات ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری کەوتنەوەی جەنگ لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیتەت ئامادە دەکرد، لەبەر ئەوە پێویستیی زۆری بە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سەرباز هەبوو بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر سەربازەکان پێی ئاشنا نەبوونە. لە ئیستاشدا، ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ چاکردنەوەی سیستمی مانگی دەستکرد تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی جی پی ئێس بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەمان پێشکەش بکات.
داهێنانی تیپی لەزگە لە ساڵی 1943 لە بنەڕەتدا بۆ هێزی سەربازی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی زەخیرەی سەربازی پێ بپێچنەوە، هەرچەندە بە کردەوە بەکارنەهێنرا، چونکە سەرکردە سەربازییەکان ترسیان لە بەکارهێنانی هەبوو. بەڵام ئەو تیپی لەزگەیە، لە ژیانی رۆژانەی ئەمڕۆماندا ناتوانین دەستبەرداری بین بۆ پێچانەوەی کەلوپەل و گواستنەوەی بەشێوەیەکی دروست و زامنکراو، ئەم داهێنانە سادەیە بۆ زۆرێک لە پێداویستییەکانمان بەکاری دەهێنین.
کاتێک لە نیوە شەو برسیت دەبێت و پێویستت بە گەرمکردنەوەی خواردنە، یەکسەر بەرەو مایکرۆیف دەچیت، کە بە دەگمەن ماڵ هەبێ نەیبێت، پێت سەیرە کە بگوترێ ئەم داهێنانە لە بنچینەدا سەربازییە، لە ساڵی 1946 پێرسی سپنسەری ئەندازیار دایهێناوە، بۆ ئەوەی داهێنانەکەی ببێتە بنچینەی کاری فرنی مایکرۆیف، کە پێشتر تەنها بۆ مەبەستی سەربازی بەکاردەهێنرا، بەڵام دوای یەک ساڵی خەڵکیش سڤیلیش بەکاریهێنا.