لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا سوریا سەرتاپای سوریا لە دیمەشقەوە تا قامیشلو بە ژانێكی پڕ لە سوێوە رۆژگار بەڕێ دەكات، ئەزموونی تاڵی یەك لە دوای یەك، قەیران لە دوای قەیران، ئەوجا قەیرانی ئابووری بێت، سیاسی بێت، یان سەربازی، یاخود كۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەوەوەیە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستپێشخەرییەكی وردیو بەرنامە بۆ داڕێژراو لە ئارادا نییە تا ئەم خوێن ڕشتنەی بەسەر گەلانی سوریا دێت رابگرێت.
سوریا بەر لە قەیرانەكە ناوچەیەكی ئارام بوو
سوریا بەر لەم قەیرانە، ناوچەیەكی ئارام بوو، ئەگەرچی هەندێك ناكۆكی سیاسیو ئایدیۆلۆژی تێدا بوو، بەڵام ئەو ناكۆكییە تەنیا لە نێوان كورد و رژێمدا بوو، ئۆپۆزسیۆنێكیش هەبوو بەناوی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی، لەراستیشدا ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەر سەر بەرژێم بوو ل ژێر چەتری جەبهەی وەتەنی تەقەدومی-دا بوو، ئەو جەبهەیەش هەر حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی لەحەفتاكانەوە تا سەرهەڵدانی قەیران بەڕێوەی دەبرد، بەڵام ئێستا سوریا لە ناوچەیەكی ئارامەوە گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێكی كراوە بۆ شەڕی نێوان لایەنە ئیقلیمیو نێودەوڵەتییەكان، لایەنی ئیقلیمی وەك ئێرانو توركیاو نێودەوڵەتیش وەك روسیاو ئەمریكا.
رێك نەكەوتنی ئەمریكاو روسیا لەسەر ناوچەكانی دەسەڵاتیان سوریای دابەشكردووە بۆ دوو ناوچەی گەورە، ناوچەی خۆرئاوای رووباری فوراتو ناوچەی خۆرهەڵاتی رووباری فورات، خۆرئاوای فورات كەوتۆتە ژێردەسەڵاتی روسەكان بەسازان لەگەڵ توركیاو ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی، خۆرهەڵاتی فوراتیش ناوچەی دەسەڵاتی ئەمریكایە بە سازان لەگەڵ كوردو هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەڵام هەژموونی روسیا خەریكە بەرەوخۆرهەڵاتی فوراتیش دەكشێ، بە تایبەتیش دوای دەستپێكردنی گەشتە هاوبەشەكانی نێوان روسیاو ئەمریكا لە لایەكو گەشتی هاوبەشی روسیاو توركیا لە لایەكی دیكەوە، كە زۆر نامەردانە دەست لە كاروباری سوریا وەردەدەن بێ ئەوەی رژێمیش هەست بە بەرپرسیاریی بكات، وەك ئەوەی لەدۆڵێكی دیكەو دوور لە هەموو رووداوەكان بژی.
بەهۆی سازانو رێكەوتنی روسیاو توركیاوە كورد عەفرینی لە دەستدا، پاشان گرێ سپیو سەرێ كانیشی لەدەستدا، بەهۆی رێكەوتنی روسیاو ئێرانو توركیاشەوە گەلی سوریا ئەلبابو ئەعزاز و جەرابلس-ی لە دەستدا، هەموو ئەم رێكەوتنانەش پێشوەخت كراوەو هیچ گرەنتییەكیشیان نییە بەگوێرەی كۆنگرەكانی ئاستانەو سوچی، هەموو ئەو كارەساتانەش لەسەر حسابی ئاسایشو ئارامی گەلی سوریایەو بەئازاری گەلی سوریا تەواو دەبێت.
نەهامەتی گەلی سوریا بەهۆی گروپە چەكدارەكانەوە
گەلی سوریا ئەم دۆخەی كە تیایدا دەژیو ئەو هەموو نەهامەتییەی كە تا ئێستاش بەردەوامە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گروپی چەكدارەوە تێی كەوتووە، كە لایەنە ئیقلیمییەكان پشتیوانییان لێ دەكەن بۆ ئەوەی خاكی سوریا بكەنە وێرانە، ئەویش بە ئەنقەستو بەئەجێندای ئەوتۆ كە لەراستیدا نەخزمەت بەناوچەكە دەكاتو نە بەقازانجی نەخشەی داهاتووی ناوچەكەشە. مەترسی توركیا ئێستا بۆتە مەترسییەكی ناوخۆ بۆ سوریا، هەڕەشەكانی ئەو وڵاتە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەشێوەی جیاجیا دووبارەبۆتەوە، كۆمەڵی نێودەوڵەتیش بێدەنگەی لێكردووەو ئەو وڵاتانەش كە بەوڵاتانی زامنی قەیرانی سوریا ناسراون دۆخەكەیان بە دڵە.
رێگەچارەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەستێوەردانە بەتەنیا لای كورد هەبوو، چونكە ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی لەهەموو شتێكدا پشتی بەتوركیا بەستووەو لەسەر نەخشە سوریای پێشكەشی توركیا كردووە، بەتایبەت لەكۆبوونەوەكانی ئەستەنبوڵو ئەنكەرە، وڵاتێكی دیكەش كە پێی دەوترێ زامن روسیایە، ئەویش خۆی بێدەنگ كردووەو وادیارە هەڵوێستیشی لەگەڵ توركیایە، بە تایبەت دوای ئەوەی توركیا چەكی لێ كڕی، كڕینی ئەو چەكانەش لەبەرامبەر بێدەنگبوونی روسیا بوو بەرامبەر بەداگیركارییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان لەرۆژاڤا.
ئەو بێدەنگییە نێودەوڵەتییەی سەرەتا دواتر گۆڕا بۆ مەترسییەكی گەورە، چونكە ئێستا توركیا بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپاو لەتوانایدا هەیە راستەوخۆ لەشارەكانی وەك ڤیەنناو پاریسو ئەمستەردام بدات، ئەو مەترسییەش توركیا وەك كارت بەكاری دەهێنێت بەرامبەر بە ئەوروپا، ئەوەش دەرەنجامی بێ هەڵوێستی ئەوروپابوو بەرامبەر بەداگیركارییەكانی توركیاو پەلهاویشتنی لەناوچەكەدا، ئێستا توركیا بەبەكارهێنانی تیرۆر، بەراستو چەپدا هەڕەشە لەهەموو جیهان دەكات لەپێناو شكستپێهێنانی هەر هەوڵێك بۆ جێگیركردنی ئارامی لە ناوچەكەداو بەتایبەتیش سوریا، ئەو سوریایەی زۆر دوور نییە لەچارەسەری سیاسییەوە، بەڵام توركیا لێ ناگەڕێو بەردەوام تەپڵی شەڕ لێدەدات، لەبەرئەوەی كارتی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی بەهەردوو باڵی سیاسیو سەربازییەوە لەدەست خۆیدایە.