بورهان شێخ رەئوف

شكستی ترەمپ پەیامێكی گرنگ بوو

  2020-11-16 18:13      226 جار بینراوە        کۆمێنت

هەرچەندە تا ئێستاش كە من ئەم بابەتە دەنووسم، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكەیدا دانی بە شكستی خۆیدا نەناوە، هەر رۆژەی قسەیەك دەكات، بێ ئەوەی بەڵگەیەكیشی لابێت كە وتەكانی بسەلمێنێ بەوەی ساختەكاری و فێڵ كرابێت لە پڕۆسەكەدا، بەڵام بە هەرحاڵ یاسا و سیستمی ئەمریكا مكوڕتر و چەسپاوترە.
ئەمریكییەكان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا كە بەجۆرێك كێبڕكێیەكی سەخت هاتە ئاراوە، لە 100 ساڵی رابردوودا بەشداریی وا چڕی بە خۆیەوە نەدیبوو، هیچ كاندیدێكی سەرۆكایەتیش وەكو بایدن هێندە دەنگی نەهێنابوو، بۆیە ئێستا هەست بەوەدەكەن كە جارێكی دی ئەمریكا، دیموكراسی و نەریتە باڵاكانی بە دەستهێنایەوە، لەبەرئەوەی ئەمریكییەكان باش دەزانن وڵاتەكەیان لەسەر بنەمای فرەچەشنی و فرەڕەنگی ‌و گۆڕانكاریی ریفۆرمی ئاشتی بنیاتنراوە، هەر لەبەرئەوەش بوو كۆچەرانی كۆن و نوێ لە هەموو رەنگە جیاوازەكان بە رەش و سپییەوە، لاوان بە پێشخانە ئایینی و ئیتنییە جیاوازەكانیانەوە، لە ئاسیاوە تا ئەفریقیا، لە ئەمریكای لاتینەوە تاوەكو ئاسیا، زۆربەی زۆریان دەنگیان دا بە بایدن، بۆئەوەی بەربگرن لەو پۆپۆلیستییەی كە دەیخواست روخساری ئەمریكا بە قازانجی رەگەزپەرستی بگۆڕێت ‌و جیاوازی بكات لە نێوان هاووڵاتییەكی ئەمریكی و هاووڵاتیەكی تر، لە نێوان كۆچەری كۆن و نوێ، لە نێوان رەنگێك و رەنگێكی تردا.
بەشێكی زۆری ئەو هۆكارانەی وایانكرد بایدن ئەم سەركەوتنە گەورەیە بە دەستبهێنێت، بۆ كامالا هاریس دەگەڕێتەوە، ئەو ژنەی كە كاندیدی دیموكراتەكان بوو بۆ پۆستی جێگری سەرۆك، كە لە باوكێكی كۆچەری جامایكی و دایكێكی كۆچەری هندیی رەشپێستە، ئەمەش یەكەمجارە لەو وڵاتەدا ژنێكی رەشپێست ببێتە جێگری سەرۆكی ئەمریكا كە نەوەی كۆچەرانە، ئەوەش پێشووەچوونێكی تری سیستمی دیموكراسیی ئەمریكایە، وەك چۆن یەكەمجار ساڵی 2008، باراك ئۆباما بووە یەكەم سەرۆكی رەشپێست. لەلایەكی تریشەوە، هەڵبژاردنی بایدن-یش دووەم سەرۆكی كاسۆلیكییە لە دوای جۆن كینێدی لە مێژووی ئەمریكادا.
ئەگەر ئەم نموونەی سیستمی دیموكراسییەی كە لە جیهان و ئەمریكاشدا هەندێكجار خەریكە لە ناوەوە خۆی بخواتەوە و وەكو رژێمە دیكتاتۆر ‌و تۆتالیتارەكان لەق بێت، ئەوا لە ئەمریكا بە پێچەوانەوە بەرگری لەخۆی كرد و سەركەوتوو بوو، جارێكی تر هەرچەندە ترەمپ-یش دەنگی كەمی نەهێنا، بەڵكو 70 ملیۆن كەس پشتیوانییان كرد، بەڵام بایدن زۆر لەو ژمارەیە زیاتر خەڵكی وڵاتەكەی دەنگیان پێدا.
لە كۆتاییدا، دەبێت ئەو راستییەش بزانین كە ئەوەی بەری بەم رەوتە پۆپۆلیستییە گرت، ناوەندی دەسەڵاتی بە هێزی ئەمریكا نەبوو، وۆڵ ستریت نەبوو، ملیاردێرەكانی ئەمریكا نەبوون، هێزەكانی بزووتنەوەی سەهیۆنیزم نەبوون، بەڵكو هێزی جەماوەر و گەلی ئەمریكا بوون لە دژی رەگەزپەرستی و ئەو بزووتنەوانە بوون كە دژی لادان بوون لە سیاسەتی ئابووری وڵات ‌و لایەنگری ئابووریی هاوسەنگ بوون، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا، لایەنگرانی فرەیی و دادپەرەوەری و لێبووردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیان، سەركەوتن.

وتاری زیاتر




شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      104 جار بینراوە



























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو