دیدێکی وەها باوە کە بایدن پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی سەردەمی ئۆباما. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. لەناو دیموکراتەکاندا سێ دیدی جیاواز هەیە. ئەگەر سوزان رایس ببێت بەوەزیری دەرەوە، ئەوا ڕەنگە لەهەمووان زیاتر مەیلی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەبێت، بەڵام ئەوانی تر وەهای نابینن. دوو دیدی تری ناو دیموکراتەکان وەهای دەبینن کە دەبێت رێککەوتنەکە فراوانبکرێت بۆئەوەی دوو مەرجی تری بۆ زیاد بکرێت، پشتیوانی نەکردنی میلیشیاکان و ڕۆکێتە بالیستییەکان، بەڵام ئێران نایەوێت جارێکی تر دانوستان بکاتەوە، ئێران بۆ زەمینەسازی بۆ رێگری بۆ کارێکی وەها مەرجی ئەوە داوا دەکات کە دەبێت قەرەبووبکرێتەوە لەلایەن ئەمریکاوە، چونکە ئەمریکا کشاوەتەوە، ئەگەر ئێران لەسەر ئەم خواستەی سووربێت، ئەوا رێککەوتن نابێت. دیدی دووەم، دەیانەوێت تەنها ئابڵۆقەکان سووک بکرێن.
زۆر لەچاودێران وەها دەبینن کە گەڕانەوە سەختە، هەروەها ئێرانییەکانیش، بەتایبەتی باڵی توندڕەوە حەزناکەن دەستوبرد ئەم کارە بکرێت، بەڵکو بۆ پاش هەڵبژاردنی هاوین دوا بخرێت هەتا نەبێتە دەستکەوتی میانڕەوەکان. بەڵام ڕێگری سەرەکی سێنات یان ئەنجومەنی پیرانە. کاتێک ئۆباما ڕێککەوتنەکەی ئەنجامدا بەمەرجێک بوو کە دەبێت هەموو شەش مانگێک ڕاپۆرتیان بداتێ هەتا بزانن مەرجەکان چۆن فەراهەم دەبن. لەئێستادا دیموکراتەکان لاوازترن، ئەوا کارێکی ئاسان نابێت بەبێ ڕەزامەندی سێنات بگەڕێنەوە بۆ دانوستان.
بایدن کاتێک باسی لەزیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە کرد لەکاتی بانگەشەدا، زیاتر ئامانجی باڵی چەپی دیموکراتەکان بوو، ساندەرزییەکان کە عەشقی ئێرانن، هەروەها لۆببی ئێرانییەکان لە لۆس ئەنجلس.