بەپێی بۆچوونی زۆربەی زۆری چاودێران، چ لەدەرەوەی ئەمریكاو چ لەناوەوە، ئەمریكا قۆناغی مەترسی تێنەپەڕاندووە، بەپێچەوانەوە بەرەو مەترسی نادیار هەنگاودەنێ و گومانی دروستبوونی كێشەو ئاڵۆزیی زۆر دەكرێت.
ئەم مەترسی و گومانە بۆ؟
یەكەم: بەپێی دەستوور وتا راگەیاندنی رەسمی ئەنجامەكان، هێشتا ماوییەتی بگوترێ بایدن دەبێتە سەرۆكی ٤٦ ەمینی ئەمریكا. هەركاتێكیش پاش یەكلاكردنەوەی ئەو هەموو تانەیەی ترامپ لەدەرەنجامەكانی داوە كە چەند هەفتەیەكی پێدەچێ، جۆ بایدن بەسەركەوتوو ژمێردرا، ئەوە تا (20/1/2021) ترامپ هەر سەرۆكە.
دووەم: هەڵبژاردن كۆمەلگای ئەمریكای كردۆتە دوو بەشەوە، چونكە گەر ترامپ دۆڕاویش بێ، نزیكەی حەفتا ملیۆن دەنگی هێناوە. واتە بەمانایەكی تر ئەو حەفتا ملیۆنە هەروا ئاسان بڕوا بەدۆڕانی ترامپ ناكەن.
سێیەم: بارودۆخی ئەمریكا لەڕووی ئابوورییەوە، بەهۆی كۆرۆناوە، زۆر خراپەو كورتهێنانی بودجە زۆر گەورەیە كە كەم وێنەیە لەمێژووی ئەمریكاو تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە لەساڵانی داهاتوو هەروا ئاسان نییە.
چوارەم: كۆرۆنا زەبرێكی گەورەی لەتەندروستی ئەمریكا داوە، زیاتر لە ٢١٠ هەزار كەس گیانیان لەدەستداوەو چەند ملیۆنێكیش تووشبوون.
پێنجەم: میدیاكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن كە ١٣٠٠ گروپ و میلیشیای چەكدار لەناو ئەمریكادا هەن و زۆربەیان پەیڕەوی ترامپیزم دەكەن. شەشەم: بەهۆی سەرهەڵدانی جیاوازیی رەگەزی لەنێوان، رەش وسپی، كۆچبەران و خەڵكی ئەمریكا، درزێكی گەورە كەوتۆتەوە نێو كۆمەڵگای ئەمریكاوە، كە بەئاسان چارەسەرناكرێت.
بەپێی بۆچوونی چاودێران هەموو ئەوانە گرفتی گەورەن بەرۆكی ئەمریكا دەگرن لەئایندەدا. لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیەكە ترامپ تا٢٠ی كانونی یەكەمی ساڵی ئایندە هەر سەرۆكە گەر بەڕەسمیش دۆڕاندنی رابگەیەنرێ، لەم دوو مانگ و تۆزەی كە ماوە، ترامپ دەتوانێ بەپێی دەسەڵاتی خۆی زۆر كاربكات و زۆر بڕیاریش بدات كە هەم بارودۆخی ناوخۆ، هەم دەرەوەش ئاڵۆزتر بكات، سەرەتاكانیشی دەركەوتوون، لادانی وەزیری بەرگری، سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێرانداو ئامادەكاری بۆ ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەت كە مایك پۆمپیۆ هەفتەی داهاتوو سەردانی، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات دەكات و بەدڵنییاییەوە یەكێك لەباسە گەرمەكانی كۆبوونەوەكانیشیان، ئێرانە.