بەپێی هەموو راگەیاندنەكانی ئەمریكا جۆ بایدن دەبێتە ٤٦ ەمین سەرۆكی ئەمریكاو بەوەش ترامپ هەرچییەكی كرد نەیتوانی جارێكی تر متمانەی گەلی ئەمریكا بەدەست بێنێتەوە. لەماوەی چوار ساڵی رابوردوودا ترامپ زۆری كرد تاكو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سوودی لێ وەربگرێ و بەدەنگ بۆی بگەڕێتەوە. ترامپ چیكردو كورد گوتەنی بۆی نەبوو بەخێر؟ دوژمنایەتییەكی هەم سیاسی هەم ئابووریی توندی لەگەڵ چین هێنایە ئاراوەو كۆمەڵێك سزای هەمەجۆری بەسەر چیندا سەپاند. لەگەڵ روسیا تێكی داو لەڕێكەوتنی مووشەكی مەودا ناوەندەكان كشایەوەو سزای هەموو ئەو كۆمپانیانە دا كە لەخەتی گازی روسیا بۆ ئەوروپا - ستریم دوو- كاریان كردووەو جگە لەسەپاندنی سزای جۆراو جۆری تر.
لەگەڵ فەنزویلا زۆر بەتوندی جووڵایەوەو گەیشتە ئاستی ئەوەی مادۆرۆ بڕوخێنێ و ژمارەیەكی زۆر سزای هەمەجۆری بەسەریدا سەپاند. لەڕێكەوتنی ٥+١ ی تایبەت بەبەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەنیا كشایەوەو سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. لەڕێكەوتنی كەشو هەوا، كە لە پاریس ئیمزا كرا كشایەوە. لەڕێكخراوی یونسكۆی سەربە UN كشایەوە هەروەها رێكخراوی تەندروستی جیهانی.
پشتگیری سعودیەو ئیماراتی كرد لەشەڕی یەمەن كە تائێستاش بەردەوامە. سزای سەپاند بەسەر ژمارەیەك بەرپرسی لوبناندا. سەودای سەدەی پەیوەست بەكێشەی عەرەب ئیسرائیلی راگەیاندو لەو چوارچێوەیەشدا رێكەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیمارات و بەحرەین لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی ترەوە ئیمزا كرا. چاوپۆشی لەدەیان پێشێلكاری سعودییە كرد لەبواری مافی مرۆڤدا، هەر لەكوشتنی جمال خاشقچی رۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری ناسراوی سعودی تا گرتنی دەیان چالاكوانی ژن و پیاوی سعودی، تا گرتنی دەیان ملیۆنێری سعودی و لێسەندنی ملیارەها دۆلار لێیان. كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی عیراق و چەندین كاری تر لەسەر ئاستی دونیاو ئەمەریكا هەمووی بۆ ئەوە بوو كە دەنگدەران رازی بكات و هەڵبژێردرێتەوە. بەڵام هەموو ئەوانە دادی نەدا، چونكە هەڵسوكەوتەكانی شكۆی ئەمریكای شكاندبوو، ئەمە جگەلەوەی زۆربەی ئەمریكییەكان وەك جۆرج فلۆید نەیان دەتوانی هەناسە بدەن، بۆیە دەنگیان بۆ نەدا ، تاكو نەخنكێن!