دەبێ هەموو پزیشکێک ناوی «بادۆڤا»ی لە یاد بێت، ئەو شارە پزیشکییەی کە کەوتۆتە باکووری ئیتالیا، ئەگەر زانا و زانکۆی ئەو شارە نەبووایە، جیهان بەو پێشکەوتنە زانستییەی بواری پزیشکی و مەعریفەیەی لەشی مرۆڤ کە ئەمڕۆ پێیگەیشتووین، نەدەگەیشت. لەو شارە پزیشکی زانست و توێژینەوە دەستی پێکرد، لەوێوە جەستەی خۆمانمان ناسی، دوای ئەوەی کە لە پزیشک و حەکیمەکانی ئەو زەمانە حەرام بوو دەست بۆ لاشەی مرۆڤە مردووەکان ببەن، کاتێک دەیانویست زیاتری لەبارەوە بزانن، جگە لە مەیمون هیچی تریان لە بەردەست نەبوو پەنای بۆ ببەن.
پزیشکانی سەدەی دووەمی زایین تاوەکو کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست، بڕوایان وابوو وەزیفەی بەشەکانی لەشی مەیمون و لە وەزیفەی بەشەکانی لەشی مرۆڤ دەچێت، ئەو بڕوا باوە، جێی مشتومڕی نێوان پزیشکانی توێکاری و کلۆدیۆس گالینۆسی پزیشکی گریگ بوو، کە مەرجەعی زانایانی خۆرئاوای ئەوروپا و دەوڵەتی بێزەنتی بووە لە هەموو ئەو پرسانەی بە پزیشکییەوە پەیوەست بوو.
تاقیکردنەوەکانی گالینۆس دەرگای بە رووی پزیشکانی جیهان بۆ پەرەپێدانی پزیشکی بە درێژایی چواردە سەدە کردەوە، هەرچەندە کۆمەڵێک هۆشداری و حەرامکراو رێگەی ئەو هەنگاوانەی گرتبوو، شاری بادۆڤا و زانکۆکەی ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت رێگەی لە بەردەم پزیشکاندا ئاوەڵا کرد، شاری بادۆڤا، کە رۆژێک لە رۆژان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی بوو، بۆ چەند سەدەیەک ناوەندێکی خوێندنی پزیشکی بوو، ئەو مێژووە دامەزراندنی زانکۆی بادۆڤای لە ساڵی 1222 چەسپاند، ئەو زانکۆیە بووە سامپڵێکی لێبوردەیی ئاینی و داهێنەرێکی بێهاوتای زانستی توێکاری بوو.
لە ساڵی 1405 کۆماری ڤێنیسیا شاری بادۆڤای داگیر کرد، ڤێنیسییەکان پارێزگارییان لەو زانکۆیە کرد و بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی فێرکاریی کۆمارەکەیان، بەو هەنگاوەیان ویستیان ناوبانگ پەیدا بکەن و سەرنجی خەڵکی بەلای دەستکەوتەکانی کۆمارەکەیان رابکێشن، هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو کاریان بۆ راکێشانی باشترین پزیشکانی هەموو ناوچەکانی ئەوروپا بەوەی ئازادی وانەوتنەوە و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکەیاندا هەیە، بەوەش ئەو زانکۆیە بووە رووناکی رێگەی ئەو زانایانەی بە دوای مەعریفەدا وێڵ بوون.
بەو هەنگاوانە زانکۆی بادۆڤا بووە ناوەندی زانستی سەردەمی رێنسانس، تێیدا میتۆدی ئەزموونگەریی و پشکنینی زانستی لە دایک بوو و بڵاوبووەوە لە بری پشتبەستنی تەواو بە کتێب و مەعریفەی تیۆری.
لە زانکۆ بادۆڤا، گالیلۆس ماتماتیکی دەگوتەوە، لێوەی میتۆدی بڕەکی ئەزموونی بڵاوکردەوە کە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر پزیشکی هەبوو. ویلیەم هارڤی، یەکەم کەس بوو وەسفی سیستمی سوڕی لەشی مرۆڤی بە تەواوی کردووە، خوێندکارێکی ئەو زانکۆیە سانتۆریۆی داهێنا، یەک لە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە، ترمۆمتەری داهێنا. جیۆڤانی باتیستا مۆرگانی، یەک لە مامۆستاکانی توێکاریی زانکۆکە بوو، زانستی نەخۆشی توێکاری لە سەدەی هەژدەمین دامەزراند. لە ساڵی 1985 یەکەم نەشتەرگەری چاندنی دڵ لە شاری بادۆڤای ئیتالی کرا. هەر لەوێ لە سەدەی شازدەیەم یەکەمین شانۆی بەردەوام نەک بۆ نواندن بەڵکو بۆ توێکاری دامەزرا.