كاتی خۆیەتی و بەبیانووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هەندێ زانیاری بزانین لەبارەی ئەوەی سەرۆكە كار تەواوبووەكانی ئەمریكا تا مردن چی وەردەگرن و حكومەتی ئەمریكا چییان بۆ دەكات.
هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا بەپێی دەستوور مووچەیان هەیەو خۆیان و ماڵ و مناڵیان هەموو ساڵانی سەرۆكایەتییەكەیان لەكۆشكی سپی نیشتەجێ دەبن و هەموو مەسرەفێكیان لەو ساڵانەدا لەسەر دەوڵەتە، مانای وایە مووچەكەیان بە مفتی بۆ دەمێنێتەوە.
پاش تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتییەكەیان، جا چوار ساڵ بێ یان ٨ ، وەك خانەنشین دەژمێردرێن و مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە تا لە ژیاندا مابن. هەروەها تا سەردەمی ئۆباما بۆ ماوەی دە ساڵ پاسەوانی تایبەتیان بۆ دادەنرا، بەڵام ئەو یاسایەی ساڵی ١٩٩٧ دەرچوو، باراك حسین ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا گۆڕی بۆ تامردن.
مووچەی خانەنشینی بەیاسایەك لەساڵی ١٩٥٨ رێكخراو لەساڵی ٢٠٠١ ەوە بەمووچەی ساڵانەی ٤٠٠ هەزار دۆلار دیاریكرا. هەروەها دەوڵەت ئەركی چاودێری تەندروستی بۆ سەرۆكی خانەنشین بوو لەسەر ئاستێكی باڵا لەئەستۆ دەگرێت و لەتایبەتترین خەستەخانەی سەربازی چارەسەریان بۆ دەكرێت. لەهەمانكاتدا تێچووی پۆست و هەندێ مەسرەفی تر هەر لەئەستۆی دەوڵەت دەبێ، لەنێوانیشیاندا مەسرەفی ئۆفیسی تایبەتی سەرۆكی خانەنشین كراو. لەكاتێكدا گەر سەرۆكی خانەنشینكراو مەبەستی بوو كەسێك بۆ سەرپەرشتی كارەكانی دیاریبكات، ئەوا حكومەتی ئەمریكا مووچەكەی لەئەستۆ دەگرێت، بەمەرجێ ساڵانە لە ١٥٠ هەزار دۆلار زیاتر نەبێ تا یەك ساڵ و نیو، دواتر ساڵانە دەبێتە ٩٦ هەزار دۆلار. لەهەمانكاتدا هاوسەری سەرۆكی خانەنشین كراو ساڵانە بیست هەزار دۆلار مووچەی دەبێ.
ئەوەی روون و ئاشكرایە، سەرۆكەكانی ئەمریكا بەشی هەرە زۆریان ئاستی بژێوی ژیانیان لەئاستێكی بەرزدایە كەدەبنە سەرۆك و هەندێكیان ملیۆنێریش بوون، بۆیە زۆر كێشەی مووچەیان نییە. ئەمە جگەلەوەی دوای خانشین بوونیان پارەیەكی زۆریان دەستدەكەوێت لەڕێی بەشدارییان لەدیبەیتە نێودەوڵەتییەكان و راوێژ پێكردنیان و وانەگوتنەوەو بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانیان. بۆ نموونە ؛ بیل كلنتۆن ملیۆنەها دۆلاری لەبڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانی دەستكەوت كە لەژێر ناوی ژیانمدا بڵاویكردەوە. هەروەها هیلاری كلنتۆنی وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریكاو هاوسەری كلنتۆن، بڕی ١٤ ملیۆن دۆلاری پێشەكی وەرگرت بۆ بڵاوكردنەوەی بیرەوەرییەكانی، هەردووكیشیان چەندین ملیۆن دۆلاری تریان لەوانە گوتنەوەو ئەو دیدارانەی تێدا بەشداربوون، دەستكەوتووە.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێش، ئایە سەرۆكەكانی هەرە پێشووتری ئەمریكا مووچەی خانە نشینی و ئیمتیازاتی تریان هەبووە؟ وەڵامەكە بەڵێ یە! جۆرج واشنتۆن لەنیوەی دوەمی سەدەی هەژدەدا ، بڕی ٢٥ هەزار دۆلاری وەردەگرت ، كە بەنرخی ئێستا دەكاتە بڕی ٧٠٠ هەزار دۆلار.
وەرگیراوەو وەرگێڕدراوە بەدەستكارییەوە