بورهان شێخ رەئوف

نەریتی دۆڕان لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا

  2020-11-08 14:23      232 جار بینراوە        کۆمێنت


پەندێكی باو هەیە دەڵێت: دۆڕان هەتیوە و باوكی نییە، كەس خۆی ناكات بە خاوەنی ‌و سەركەوتن و بردنەوە فرەخاوەنە، بەڵام لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە خاوەنی یەكێك لە كۆنترین سیستمە دیموكراسییەكانی جیهانە، دۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا خاوەنی نەریتی تایبەتی خۆیەتی، هەروەكو چۆن بردنەوە و سەركەوتن خاوەنی نەریتی تایبەتی خۆیەتی و مەراسیمی شایستە و بە شان و شكۆی بۆ رێكدەخرێت.

لەبەرئەوەشە، بە درێژایی چەندین دەیەی رابردوو، هەموو دۆڕاوەكان لەو پڕۆسەیەدا رێزی تەواویان لەو نەریتە گرتووە و هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی و تێكدانی ئاشتەوایی گشتی.

هەر لەو روانگەیەشەوەیە، كە هەموو كاندیدە سەرنەكەوتووەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردنەوە، وتارێكیان بۆ گەلی ئەمریكا راگەیاندووە، كە لە فەرهەنگی سیاسی ئەو وڵاتەدا بە وتاری دەستبەرداربوون (تنازل) یان داننان بە دۆڕاندا، ناسراوە.

ئێستا ئەو وتارە بۆتە یەكێك لە كۆڵەكە و پێگە گرنگەكانی سیستمی هەڵبژاردن و دیموكراسیی ئەمریكا، هەرچەندە لە دەستوور و یاسادا هیچ ئاماژەیەكی پێنەكراوە، بەڵام وەكو زۆر شتی تر بووە بە عورف و ناكرێت بایەخی تایبەتی پێنەدرێت. هەر لەو كاتەوە لە ساڵی 1896 دوای دوو رۆژ لە دۆڕانی (ویلیام جیننگز بریان) كاندیدی سەرۆكایەتی، بروسكەیەكی لە رێگەی تەلیگرامەوە ئاڕاستەی ركابەرە براوەكەی (ویلیام ماكینلی) سەرۆكی بیست و پێنجەیەمینی ئەمریكا كرد و وەكو خۆشحاڵی و پیرۆزبایی و لە هەمانكاتیشدا داننان بە دۆڕان، ئیتر لەوساوە ئەمە بۆتە عورفێك لە دیموكراسیی دێرینی ئەمریكادا.

هەر لەو نامەیەدا (ولیان بریان)، پیرۆزبایی خۆی بە سەرۆكی هەڵبژێراو راگەیاند، كە توانیویەتی متمانەی ئەمریكییەكان بەدەستبهێنێت، ئیتر ئەمە وەكو خاڵی سەرەتای وتاری دۆڕان و داننان بە شكستدا دێتە ئەژماردن لە شەڕی هەڵبژاردندا، دواتریش لە ساڵی 1928، (ئەلفرێد سمیس) كاندیدی دۆڕاو، لە ئیزگەوە یەكەم وتاری دۆڕان و شكستی خۆی خوێندەوە، دواتریش لە ساڵی 1952، (ئەدلای ستیڤێنسون) كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، وتاری دۆڕان و شكستی خۆی لە بەرژەوەندیی (دوایت ئیزنهاوەر) سەرۆك و كاندیدی براوە لە تەلەفزیۆنەوە خوێندەوە.

ئەگەر چاوێكی خێرا بە مێژووی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا بخشێنین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە لە ماوەی 120 ساڵی رابردوودا، 32 وتاری داننان بە شكست و دۆڕانی تێدایە، كە لەلایەن كاندیدە سەرنەكەوتووەكانەوە خوێنراونەتەوە، یان ئاڕاستەی سەرۆكە براوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كراون، كە هەموویان چەند تەوەرێكی هاوبەشیان لەخۆگرتووە، ئەویش داننانە بە دۆڕان و پیرۆزبایی لە ركابەرە براوەكە، هەرچەندە دۆڕاوەكان خۆیان پاراستووە لەوەی ناوی دۆڕان و شكستی خۆیان بهێنن، بەڵكو لە وتارەكانیاندا داوای یەكڕیزییان كردووە لە سەرۆكی تازە و دووركەوتنەوە لە ریزبەندیی حزبی و ناكۆكی و دابەشبوونی كۆمەڵایەتی دوای بانگەشە و تای هەڵبژاردن.

لەوەش زیاتر، لە وتارەكانیاندا دەرخستنی شانازی بە نموونەی دیموكراسیی ئەمریكا و سوپاسی ئەو ملیۆنان كەسەی كە بەشداریی پڕۆسەكەیان كردووە.

خاڵێكی تر كە كاندیدە دۆڕاوەكان ئاماژەیان پێداوە، ئەوەیە كە بەڵێنیانداوە بەردەوام دەبن لە خەبات و تێكۆشان لەپێناوی ئەو پرۆگرامانەی لە هەڵمەتی بانگەشەدا هاتبوون ‌و داوا لە لایەنگران و هەوادارانیان دەكەن، تاکو شكست و دۆڕان خاویان نەكاتەوە و هەر بەردەوام بن.

وتاری زیاتر





شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      163 جار بینراوە


























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو