بڵێسە جەبار فەرمان

هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق بە خواستی خۆپیشاندەران دەبێت یان حزبەكان؟

  2020-11-07 17:39      337 جار بینراوە        کۆمێنت

خۆپیشاندانەكانی مانگی ئوكتۆبەری ساڵی پار لە عیراق، سەرەتا بۆ نان و خزمەتگوزاری بوو، چونكە پارێزگاكانی باشوور غەرقی نادادپەروەریی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و بەرزیی رێژەی بێكاری و هەژارین.

لە سەرەتاوە داواكاریی خاوەن بڕوانامە باڵاكان لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دامەزراندن و بڵاوەپێكردنیان بە زۆرەملێ سەری كێشا بۆ خۆپیشاندانی گەورە و داوای دامەزراندنی زیاتر و چاكسازیكردن و گۆڕانكاریی و خزمەتگوزاری.

ئەو خۆپێشاندانانەی بۆ داوای مافی سەرەكی هەموو هاووڵاتیەك دەستیپێكرد بە دەستێوەردانی حزبەكان و لایەنەكان و وڵاتان، ناونیشان و لیستی داواكارییەكانی رۆژ بەڕۆژ زیادی دەكرد.

لەڕۆژان و مانگەكانی خۆپیشاندانەكاندا، هەموو خواستێكی حزبەكان شۆڕدەبۆوە بۆ ناو خۆپیشاندەران و بەرگ و خواستی میللەتی لەبەردەكرا.

بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە یاسایەكی نوێ، ئەمەش خرایە ناو لیستی داخوازیی خۆپیشاندانەوە.

لە عیراقدا چوار جار هەڵبژاردن كراوە و هەر جارە و بەشێوازێك و بە سیستێمێك و تاقیكردنەوەی ئەو هەموو جۆرە شێوازی هەڵبژاردنانەش تەنها لە قازانجی حزبە گەورەكاندا بووە.

داوای گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن و داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت لە راستیدا خواستی سەرەكیی حزبە شیعە گەورەكان بوو بە بیانووی ئەوەی كە ئەوانەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا دانیشتوون هەڵبژێردراوی راستەقینەی ناوچەكانیان نین و داخوازیی بچوككردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن زیادیكرد.

تا ئەوساتەی ئەنجومەنی نوێنەران ناچاركرا یاسایەك پەسەند بكات كە لەلایەن حزبە گەورەكانەوە داڕێژرابوو ئینجا بە خواستی میللەت بانگەشەی بۆكرا.

ئەم یاسایەی كە زۆرێك لە حزب و لایەنەكان لەگەڵیدا نەبوون و هیچ قەوارەیەك نەیدەویست بە دەنگی بەرز كەموكوڕییەكانی ئەم سیستمە بخاتەڕوو لە ترسی ئەوەی دژبە گەل و شەقام تۆمەتبار نەكرێت.

ئێستا عیراق خاوەن سیستمێكی نوێی هەڵبژاردنە، بازنەكانی لەسەر ئاستی پارێزگا لە 18 بازنەوە گۆڕدراوە بۆ ئاستی چەند قەزایەك و پێوەری كۆتای ژنان دەستنیشان كراو بەو پێوەرە گوڕدرا بۆ 83 بازنە.

بە میللەت دەوترێت كە بەرژەوەندییان لە بچووككردنەوەی بازنەی هەڵبژاردنەكانە و بەو شێوەیە دەتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان كە دانیشتووی قەزا و ناوچەی خۆیانە راستەوخۆ بپاڵێون.

بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە بەم شێوەیە زۆر ئاسانتر دەنگدەران كۆنترۆڵ دەكرێن و كەسانی دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوو و سەربە هۆز و عەشیرەتە گەورەكان سەردەكەون، هەروەها كاندیدی حزبە گەورەكان بەئاسانی دەنگ دەهێنن و كەسانی تەكنۆكرات و تایبەتمەند و شارەزا دەرچوونیان مەحاڵە.

پەرلەمان جێگەی دەركردنی یاسایە و یاسای هەڵبژاردن یەكێكە لەو یاسایانەی كە لەلایەن ئەوانەوە دەردەچێت.

كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەپێی یاسا دەبێت بێلایەن بێت و كاروباری تەكنیكی و گەورەیی و بچووكی سنووری بازنەكان و بنكەی دەنگدانەكان و لیستی ناوی دەنگدەران بەشێكن لە كاری ئەوان، بەڵام ئەوەی بینرا جیاواز بوو.

گەر تائەمڕۆ دەزگای هەڵبژاردنی سەربە حزبەكان بووبێت بە شاراوەیی و لەپشتی پەردەوە كارەكانی خۆیان دەكرد، ئەوا بۆ ئەم یاسای هەڵبژاردنە بەئاشكرا لەناو پەرلەمانەوە كارەكانیان دەكرد.

ئەگەر تائێستا حزبەكان هەوڵیان دەدا شاراوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا بسەپێنن، ئەوا ئێستا بەئاشكرا لە ژووری سەرۆكی پەرلەمانەوە بڕیار لەسەر سنووری بازنەكان دەدرێت و بەواژوو كراوی رەوانەی كۆمسیۆن دەكرێت. ئەو جۆرە رەفتارانە بەپێچەوانەی داخوازیی خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریر و مەیدانەكانی تر بوو.

خۆپیشاندانەكان ئامانجی خۆیان نەپێكا، بەنەهێشتنی دەستێوەردانی حزبەكان لە كۆمیسیۆن و رێگەنەدان بەوان كە نەخشە رێگەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵكو بەپێچەوانەوە بووە هۆی زیاتر لە پێشوو دەستوەردان لەكاری پەرلەمان و كۆمسیۆن و بەئاشكرا و بێ هیچ رێگرییەك دەسەڵاتی كۆمسیۆنیان قۆرغ كرد.

هەڵبژاردنێك كە بەم شێوەیە داڕێژرابێت، چاكەی بۆ پرۆسەی بەرەوپێشچوونی كاروباری سیاسی لە عیراق نابێت و بەتەواوەتی دەبێتە وڵاتی چەند حزبێكی دەسەڵات و گۆڕەپانێك بۆ حزبی بچووك نامێنێتەوە و كاری ئۆپۆزیسیۆن زۆر سەخت و ئەستەم دەبێ.

پەرلەمانیش بە بوونی ئۆپۆزسیۆنەوە بەهێز دەبێت، بێگومان چەند كەسێكی بێلایەن دەنگی پێویست بەدەست دەهێنن و دەبن بە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام ژمارەیان زۆر كەم دەبێت، بەشێوەیەك كە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر سیاسەتی وڵات نابێت.

ئەمە جگە لەوەی تێچووی ئەم هەڵبژاردنە زۆر زیاتر دەبێت لە هەڵبژاردنی جارانی پێشوو كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆر دەخاتە سەرشانی میللەتێكی برسی و ئابوورییەكی داڕماو.

راستە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وڵاتدا لایەنی ئیجابیی زۆرترە و گۆڕانكاریی دروست دەبێت، ئەگەر رووكەشیش بێت، بەڵام مەبەستی من ئەوەیە كە بڵێم گۆڕانكارییەكە مانای بەرەوپێشەوەچوون ناگەیەنێت و بەم شێوەیەی ئێستا خواستی راستەقینەی خۆپیشاندەران نەبووە.

گروپی خۆپیشاندانەكانی عیراق نەیانتوانی گۆڕانكاریی زۆر بەدەستبهێنن، لەوانەیە خۆیان هەڵگرتبێت لە هەڵبژارندا بەشداریی بكەن، وەك تاك و لەوێوە تەقەللا بكەن بێنە ناو پەرلەمان و دروشمەكانیان كار پێ بكەن، بەڵام ئەو خەونەیان هیچ ئاسان نییە.

سەبارەت بە كوردستان و حزبە كوردییەكان
پێم باشە لایەن و گروپە كوردییەكان سیمینار و چالاكیی زۆر بكەن بۆ بەرچاو روونبوون لە هەموو مادە و ناوەڕۆكی یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، چونكە چارە نییە دەبێت كورد بە گەرمی بەشداریی لەو هەڵبژاردنەدا بكات و هەوڵبدات كورسی زیاتر بەدەستبهێنێت.

تا حزبە دەستڕۆیشتووەكان تاك لایەنە لە پەرلەماندا زۆرینە بن، دژایەتیی هەرێم گەورەتر دەبێت و دەستەبەركردنی مافی میللەتەكەمان ئەستەمتر دەبێت.

داواكارم بە باشی دیراسەی نەخشەی هەڵبژارنی ناوچە دابڕێنراوەكان بكرێت لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە.

گرنگ ئەوەیە لەناوچە دابڕێنراوەكاندا كورد هەموو پێكەوە هاوكاریی یەكتریی بن بۆئەوەی زۆر زەرەرمەند نەبین لەم سیستمە نوێیە.

*ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی ی.ن.ك

وتاری زیاتر







راپەرین بۆ كرا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-03-05 13:45      126 جار بینراوە



دادگای ئیتحادی بڕیاریدا‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2022-02-06 20:16      157 جار بینراوە





کارەبا بەرانبەر بە ئاو‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-11-22 21:23      137 جار بینراوە















نەوەی چوارەم لە جەنگ (4GW)‬ بڵێسە جەبار فەرمان
2021-03-08 21:28      252 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو