هەموومان دەزانین كە كوردستان بەدەست چەند گرفتێكەوە دەناڵێنێ و هەندێكیشیان چەند ساڵێكە هەن و بەردەوامیشن، بۆنمونە؛ ناشەفافییەت، گەندەڵی ، ناعەدالەتی، تەزویر لەهەڵبژاردنەكاندا، دیاردەی چەكداری، خۆشویستنی لەڕادەبەدەری كورسی و دەسەڵات، بەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندان و پەلاماردانی دامودەزگاكان، گرفتی دارایی. ئەمانە هەموویان كەم تا زۆر بەرۆكی كۆمەڵگاكەمانی گرتووەوخەریكە تووشی نائومێدیمان دەكەن.
ئەوەی تۆزێ ئاهێكی پێماندا هێناوەتەوە، ئەوەیە كە بۆمان دەركەوتووە دونیا ئەو شامی شەریفە نییە كە باسی دەكرێ و هەندێ لەو كێشەو گرفتانەی لای ئێمە هەیە، لەدونیاشدا هەن، ئەمە بەو مانایە نییە دلخۆش بین و بڵێین لێ گەڕێن با هەر وابێ، نا، نەخێر، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە مرۆڤ هەمویان دەكرێ هەم كاری باش بكەن هەم كاری خراپ. بۆ خۆپیشاندان و سەرجادەگرتن، ئەوە فرەنسا نزیكەی ساڵێكە چاكەت زەردەكان شەمموان دێنە سەر شەقامەكان، بەتایبەت پاریس و لەسەرەتاشەوە زەرەرو زیانی زۆریان بەموڵكی خەڵكی گەیاند، ئەوە تایلاند، هۆنگ كۆنگ، بەغداو شارەكانی باشووری عیراقی لای خۆمان، بیلاروسیا، مالی، ئیسرائیل، ڤەنزویلا، لوبنان، سودان، ئەسیوبیا، بۆلیڤیا، چیلی، كرگیزستان...هتد. باری ئابووری جیهان بەهۆی كۆرۆناوە بەقۆناغێكی خراپدا تێدەپەڕێ و هەندێ وڵاتی تووشی گرفتی گەورە كردووەو وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكا بەپێی قسەی تەڵال ئەبوو غەزالەی ئابووریناس دووهەزار ملیار دۆلار قەرزارە!. لەگەڵ ئەوەی وڵاتی سوید یەكێكە لەوڵاتە سەقامگیرو بێ كێشەكانی دونیا، ساڵی پار زیاتر لە١٥٠٠ كەس خۆیان كوشتووە. بەهۆی گەندەڵی سیاسی و داراییەوە، چەند ساڵێكە وڵاتێكی وەكو لوبنان نائارام و ناسەقامگیرە. لەهەمووی جێی سەرنجتر ئەمریكایە. ئەمریكایەك كە زلهێزێكی دونیایە لەهەموو روویەكەوە، نموونەیەكی جیاواز لەوێنەكەی خۆی پێشكەش ئەكات. بەهۆی كوشتنی جۆرج فلۆییدی رەشپێست، ماوەی چەند مانگێكە، لەچەند ویلایەتێكی ئەمریكا، خۆپیشاندان و ئاژاوەو پەلاماردان بەردەوامەو ئەم حاڵەتە لەم مانگەی دواییداو بەهۆی گەرمبوونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرەی سەندووە. ژمارەیەكی ئێجگار زۆر چەك بەدەست خەڵكەوەیە. لەهەفتەی پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەچەند ویلایەتێك پەلاماری دەیان دوكان و بازار دراو ئەمەش وایكرد لەهەموو ئەو شارانەی كە خۆپیشاندانیان تێدایەو لەو شارانەی مەترسی سەر هەڵدانی ئاژاوەو توندوتیژییان لێدەكرێ بەهۆی دەرەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەوە، سەدان ماركێت و مۆڵ داخراون ودەرگاكانیان زۆر قایم كراون تاكو نەشكێنرێن. مانگێك دەبێ دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەكات كە هەروا ئاسان كۆشكی سپی بۆ جۆ بایدن جێ ناهێڵێ و لەوانەیە تەزویری لێ بكرێ. مانگێك زیاترە ترەمپ و ئیدارەی ئەمریكا باس لەوە دەكەن كە روسیاو ئێران بەنیازن دەست وەر بدەنە هەڵبژاردنەكەوە .
دوو رۆژە ترامپ هاوار دەكات و دەڵێ دیموكراتەكان تەزویر دەكەن و پێنچسەد هەزار دەنگی منیان ونكردووەو تائێستا ستافی پارێزەرەكانی دوو شكاتیان تۆمار كردوە. دوسێ رۆژە هەم ترامپ هەم ستافی بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی بەهۆی پێش كەوتنی جۆ بایدن لەهەڵبژاردنەكاندا، دەڵێن؛ تەزویر كراوەو سەرۆك ترامپ هەروا ئاسان دەستبەرداری سەرۆكایەتی نابێ. لەبەردەم بنكەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكان لەو ویلایەتانەی خەریكە بۆ بایدن ساغ دەبنەوە، ژمارەیەكی زۆر لەلایەنگرانی ترەمپ كۆبوونەتەوەو مەترسی ئەوە دەكرێت پەلاماری بنكەكان بدرێت. لەخودی ئەمریكا چاودێران پێیانوایە، مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ هەیە بەهۆی دەرەنجامی هەڵبژاردنەوەو بەتایبەت گەر ترەمپ بدۆڕێ. ئەمەش حاڵی وڵاتی پێشەنگی ئازادی و دیموكراسی. زۆر دڵمان لەخۆمان دانەمێنێ!