رۆژی سێشەممە بەکاتی ئەمریکا دوا رۆژی دەنگدانە. دەنگدانی ئەمجارە وەک هیچ جارێکی تر نییە، میلیشیایەکی زۆر لەسەر پێن. یەکێک لەکاندیدەکان هەڕەشەی ئەوە دەکات کە قبوڵی ناکات. هەرچەندە ئەمریکا بەوە ناسراوە کە دەنگدان تیادا هەرگیز دادپەروەرانە نەبووە، چونکە سیستەمی جێریماندەرینگ و رێگریکردنی جۆراو جۆر لەدەنگدەری دیموکراتەکان، لەگەڵ ئیلکتۆرال کۆلیج، دۆخێکی زۆر نا دادپەروەریان دروستکردووە، بەڵام ئەمجارە قوڕەکە خەستترە.
ئەم هەڵبژاردنە لەچەندین ئاستی تردا جیاوازە. وەک سیڤین وەرپیم پێمان دەڵێت لەڕۆژانی جەنگی جیهانی دووەمدا ئەمریکا بڕیاریدا کە باڵادەستی سەربازیی بکاتە بنەمای باڵادەستی لەدونیادا. بەدیدی ئەو ئەم پرینسیپە نەبووە هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا ئاشتی بۆ دونیا بهێنێت، بەڵکو ئەمریکا بەدوای شەڕدا دەگەڕاو شەڕ بەدوای ئەمریکادا. بەجۆرێک بازنەیەکی داخراو لەشەڕو بەردەوامی شەڕ هاتە ئاراوە. وەک پۆل کەنەدی پێمان دەڵێت لەکتێبە مەزنەکەیدا، هەڵكشان و داکشانی زلهێزەکانی، ١٥٠٠-٢٠٠٠، باڵادەستی یان هەژەمۆنی زۆرجار دەبێتە هۆکار کۆتایی هەژەمۆنییەت و داڕوخان. چونکە هەژەمۆنیەت تێچوونی زۆرە. شەڕەکانی ئەمریکا هەتا ئێستا ٦ تریلیۆن دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە کەوتووە. ئەم بارگرانییە وەهای کردووە کە ئەمریکا پشت لەناوەوەی بکات. ئەوانەی کە پشتگوێخراون زۆرن و خاوەن دیدی جۆراوجۆرن و تووڕەن. بەشێکی زۆر لەقاعیدەی هەردوو پارتە سیاسییەکە پێکدەهێنن. هەرچەندە وەها دەردەکەون کە دژ بەیەکن، بەڵام لەزۆر رووەوە هاودیدن، سەرباری جیاوازی زمانی دەربڕین و ئامرازیان . هەموو دژ بە واشنتۆن و نوخبەی سیاسی و سیستەم و شەڕە ناکۆتاکان و نادادپەروەری ئابوری و زۆر خەسڵەتی ترن.
لەکاتێکدا سێشەممەی ئەمریکا دوا ڕۆژی دەنگدانە، بەڵام ئەم وەرزی بانگەشەیە کەمترین باسی سیاسەتی دەرەوەی تیادا کرا، باس لەشەڕ نەکرا. هەرکاتێکیش بەخێرایی باسی ئەمانە کرابێت ئەوا لەڕوانگەی ناوخۆوە بووە، هەروەها بۆ دژایەتی بووە.
نوخبەی ئەمریکی لەژێر فشاردایە کە ئاوڕێك لەناوەوەی بداتەوە. ئاوڕێک لەمیلیشیا ڕاستڕەوەکانی، لەلاوە میلانیالەکانی (ئەوانەی لەدەوروبەری ساڵی ٢٠٠٠دا لەدایکبوون)، لەکێشەی ڕەگەز، لە دۆخی ئابووری. هەموو ئەمانە فشارن بۆ ئەوەی ئەمریکا پشت لەسەربازەکانی بکات. هەر گەلێک سەربازەکانی بپەرستێت هەمیشە لەقەراغی مەرگدایە. ئەمە بۆ ئێمەی کوردیش راستە. یەکێک لەفەلسەفە سەرەکییەکانی دونیا سەربازی ئەوەیە کە دەبێت سەرباز هەبێت بۆئەوەی بە کارنەهێنرێت.
هەرچەندە ئەمریکا خاوەنی هەرە بەهیزترین سوپای جیهانە، بەڵام هەمیشە براوە نییە. ئەم راستییە مایەی تراژیدیایە بۆ ئەمریکا. لەکاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی زاڵکردنی سەربازەکانی بووە، هێزەکانی تر لەبوارەکانی تردا براوەبوون لێی. بەپێچەوانەی ستیڤنەوە، من بڕوام بەوە نییە ئەگەر ئەمریکا سەربازەکانی بکشێنێتەوە ئەوا ئاشتی بەرقەرار دەبێت. بەڵام بە نەکشانەوەشی هەر ئاشتی بەرقەرار نابێت. کەواتە ئاشتی دۆخێکی سروشتی نییە. بەپێچەوانەوە شەڕ دۆخی سروشتی مرۆڤە.
کاتێک ئەمریکاییەکان دەڕۆن بۆ دەنگدان ڕەنگە بیر لەبوارێکی تەسک و خەسڵەتێکی بێ بەهاو ئامانجێکی تایبەت بکەنەوە، بەڵام هەموو دونیا دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو کارەیانەوە. وەک دەنگدان لەدونیای کوردیدا دەریدەخات، مرۆڤی دەنگدەرو پرۆسەی دەنگدان کردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کارێکە لەهەناوو کەلتوورو بەهاو نەریت و باوەڕو ئەفسانەو سیستەمی خزمایەتی و ڕق و کینەو بێزاری و تووڕەیی و هەستی ساتەوەختیی و زۆر پاڵنەری تری ناعەقڵانیەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەمووان چاوەڕوانین، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە چەندین هەفتەی بوێت هەتا دەزانین کێ بەڕاستی براوەیە.