پیشەی نوێ و نامۆ ئەبیستین، بەڵام ئەو پیشە سادەو ساکارانە کە خەڵکی ئاسایی ئەنجامی دەدەن و لەبنەڕەتدا ئەوەی ئیشەکە دەکات پێویستی بەشارەزایی یان تەنانەت خوێندن و نوسینیش نابێت، بگۆڕێت بۆئەوەی لە زانکۆکاندا کۆلێژو بەشی بۆ بکرێتەوەو پسپۆری لێ وەربگیرێت و ببێتە هەڵگری بڕوانامەی زانکۆیی. ئەوە شتێکی نامۆیە، لەبەرئەوە بەهەندێک لەو شارەزایی و پسپۆرییانە دەگوترێت (میکی ماوس) و قسەو باسی زۆر لەسەر دەکرێت. ئایا قەت شوانی مەڕێکت دیوە شانازی بەبڕوانامەی زانکۆییەکەیەوە بکات، پێت بڵێت من دەرچووی زانکۆم و بەکالۆریۆسم لەشوانییدا هەیە، زانکۆی گینگیز ڤالی لەویلایەتی تکساس ئەم بڕوانامەیە دەبەخشێت بەوانەی کە ئارەزووی شوانیکردنی مەڕیان هەیە، ئەم پیشەیە لەوێ بەشێوەیەکی زۆر خواستی لەسەر هەیە، لەبەرئەوە ئەو مەنهەج و بەرنامەیەی بۆ دانراوە کە بگونجێت لەگەڵیدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەشوانییکردنی مەڕەکاندا وەردەگرێت. ئەو کەسەی کە دەموچاوی بەئاگری تەنوری نانکردن سووربووەتەوە، تاوەکو نانێکی گەرمت بۆ ئامادە بکات و سفرەی بەیانیت بۆ بڕازێنێتەوەو لەبرسێتی رزگارت بکات و خۆشحال بیت بەخواردنی نانەکەی بەگەرمی، ئێستا وەک هەر خاوەن بڕوانامەیەکی تر لەپشت سەرییەوە بڕوانامەکەی هەڵواسیوە، ناچاریشت بکات وەک هەر خاوەن پیشەیەکی تر پێویستی بەخوێندنی دوو ساڵ یان زیاترو راهێنانی عەمەلییە، نەک تەنیا لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی نان، بەڵکو لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی سەرکەوتوانەی پرۆژەکەی، لەکۆتاییدا بڕوانامەی زانکۆیی لەئیدارەدانی تەکنەلۆجیای نان وەردەگرێت، وەک ئەوەی زانکۆی ساوسباک لە لەندەن دەیکات.
کۆلیجی بلمبتۆن تاکە کۆلێژە پسپۆڕییەک ئامادە دەکەن، کە بێهاوتایە ئەویش (رەزداری و دروستکردنی شەرابی ترێ) یە، ماوەی خوێندنی سێ ساڵەو دوای ئەوە بڕوانامەی زانکۆیی وەردەگریت، تێیدا چۆنیەتی دروستکردنی شەراب و شێوازەکانی دروستکردنی جۆرە دیارەکانی دەخوێندرێت. خلیسکان چیتر یارییەکی ئارەزومەندانە نییە، بەڵکو پسپۆرییەکەو لەکۆلێژی کۆرنیل دەخوێندرێت و ناوی ( زانست و تەکنەلۆجیای خلسیکان) ی لێنراوە، خوێندنی ئەم پسپۆرییە دوو ساڵ دەخایەنێت، تێیدا مێژووی خلیسکان و چۆنیەتی دروستکردنی ئەو لەوحەی خلیسکانی پێ دەکەیت، هەروەها چۆنیەتی خلیسکان دەخوێندرێت، هەروەها لایەنی دەروونیی ئەوانەی مومارەسەی خلیسکان دەکەن و پەیوەندیی ئەو خلیسکانە بە لەشجوانییەوە دەخوێندرێت. لەکۆتاییدا ناهێڵن بێکار دانیشیت، بەڵکو خۆیان بەدوای کاردا دەگەڕێن، واتە دوای تەواوکردنی خوێندن کۆلیجەکە خۆی دەرفەتی کارت بۆ دەدۆزێتەوە.
لەزۆربەی شەقامە گشتییەکانی وڵاتانی جیهان هەندێک جاریش لای خۆمان، منداڵان دەردەکەون کە لەسەر شەقامەکان گوڵ ئەفرۆشن، وەک جۆرێکی جوانی سواڵکردن، بەڵام زانکۆی میسیسیپی بەها بۆ گوڵ دەگەڕێنێتەوەو بەشێکی بۆ خوێندنی گوڵفرۆشی کردووەتەوە بەناوی (زانستی گوڵفرۆشی)، بۆ ئەوەی کەسانی پسپۆری ئەو پیشەیە دەربچوێنێت، تاوەکو بتوانن بەباشی لەڕووی تەنسیق و شێوازەکانی گوڵفرۆشییەوە شارەزایی وەربگرن.
زۆرێک هەن حەزیان لەسەرکێشییە، بەڵام نازانێت چۆن بیکات و نازانێ چی بۆ ئەو گونجاوە، لەبەرئەوە کۆلیجی گرین ماونتەین، بڕیاری کردنەوەی بەشێکی لەکۆلێجەکەیدا تاوەکو ئەو شارەزایانە دەربچوێنێت کە توانای داهێنانی سەرکێشییان هەبێت چ ئەو سەرکێشییە لەشاخەکان بێت یان لەبیابانەکان یان لەناو دەریاو رووبارەکاندا بێت. بەوەش ئەوانەی حەزو ئارەزووی سەرکێشییان هەیە ئەتوانن بەشێوازیکی جیاوازو بەرنامە بۆ داڕێژراو چێژ لەسەرکێشییەکانیان وەربگرن و رادەی مەترسییەکانیشی کەمبکەنەوە.