جەمال ئارێز

دۆخی عیراق و بەعس لەدوای عیزەت دوری

  2020-11-01 14:18      269 جار بینراوە        کۆمێنت

كارمان بەسەر ئەو مشتومڕە مێژووییەوە نییە كە رژێمی بەعسی عیراق لە هەردوو كودەتای 8ی شوباتی 1963 و تەمموزی 1968دا چۆن جڵەوی حوكمڕانیی عیراقییان گرتەدەست، چونكە ئەو هەویرە ئاو زۆر دەكێشێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەهێنێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، مەترسی ‌و ئەگەری جارێكی تری گەڕانەوەی ئەو حزبەیە بۆ خولێكی دیكەی حوكمڕانیی، جا بەهاوبەشی بێت یان بە تەنها.

هەر بۆخۆی مانەوەی عیززەت ئیبراهیم ئەلدووری كە جێگر‌و متمانەپێكراوی سەدام حسێن بوو لە 1979 تا 2003 لە ماوەی سەرۆكایەتی سەدامدا و دواتریش هەڵبژاردنی وەك سەركردەی یەكەمی ئەو حزبە لەدوای لەسێدارەدانی سەدام حسێنەوە، سەرەڕای بوونی جۆرێك لە ئینشیقاق و بوونی باڵێكی دیكەی ئەو حزبە لەژێر سەركردایەتیی ئەحمەد یونس كە گویڕایەڵی فەرمانەكانی ئەلدووری نەدەبوون ‌و وەك بەشێك لەو سەركردانەی بەعس كە لەریزی نەوەی فەرمانڕەوادا بوون و لە زیندانی ئەمریكاییەكاندا بوون ‌و دواتر ئازادكراون، لە هەندێك بۆنە و دیدار و چاوپێكەوتندا ئاماژە بەو دوو ئاراستەیەی حزبەكەیان دەكەن كە لەدوای رووخاندنی رژێمە حوكمڕانەكەیانەوە لە ریزەكانی ئەو حزبەدا سەری هەڵداوە.

لەیەكێك لەو دیدارانەدا یەكێك لەسەركردەكانی ئەو حزبە كە تا ئەم دواییانەش لە عەممانی پایتەختی ئوردن نیشتەجێ بوو و دواتر هەر لەوێ سەری نایەوە، «باسی ئەو هەوڵانە دەكات ئەمریكاییەكان كە لە كۆتایی ساڵی 2005دا خستوویانەتە گەڕ بۆ ئەوەی سەدام ‌و سەرانی بەعس لەناو زینداندا بهێننە ژێرباری ئەوەی رێكەوتنیان لەگەڵدا بكەن تا حزبی بەعس دەستبەرداری شەڕو روبەڕوبونەوەی چەكداریی ببن لەگەڵ ئەمریكاییەكان ‌و هێزە هاوپەیمانەكانی ‌و حكومەتی نوێی عیراقدا ‌و لەبەرامبەردا گفتی ئەوەیان پێداون كە لە دەسەڵاتی نوێی عیراقدا بەچەند وەزارەتێك بەشدارییان پێدەكەن، بەناوی حزبێكی نوێ-وە».
بە وتەی ئەو سەركردەیەی حزبی بەعس: «ئەمریكاییەكان گفتوگۆكانیان لەگەڵ تاریق عەزیز ‌و عەبد حەمود دەستپێكردووە و بۆئەوەش سەربازێكی سی ئای ئەی راسپێردراوە كە بەهۆی شكانی قۆڵییەوە، قۆڵی لەگەچ گیراوە، ئەو بابەتە لەسەر گەچەكەی قۆڵی بۆ سەدام دەنووسن و پێی رادەگەیەنن كە باڵی ئەحمەد یونس رەزامەندییان لەسەر دانوستاندن ‌و رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكاییەكاندا دەربڕیووە و چاوەڕوانی رەزامەندیی سەدام حسێنن، گوایە سەدام وەڵامەكەی لەسەر گەچەكە بە نەرێنی ‌و ناڕازیبوون بۆ نووسیونەتەوە و بەوەش كۆتایی بەو دانوستاندنە نهێنییە هاتووە».

ئەوەی لەسەر بەڕە و ژێر بەڕەیە، لەدوای لەسێدارەدانی سەدام و شوێنگرتنەوەیەوە لەلایەن عیزەت ئەلدورییەوە، هیچ قسەوباسێك لەبارەی باڵەكەی ئەحمەد یونسەوە لەئارادا نییە و نازانرێت كە ئاخۆ ئەو باڵەی بەعس ماوە یان نا؟ بەڵام ئەوەی دەزانرێت، لە سەركردەكانی نەوەی حوكمڕانی بەعس چ لە (سەركردایەتی هەرێمایەتی عیراق) ‌و چ لە (سەركردایەتیی نەتەوەیی)، ئەلدووری دوا سەركردەی ئەو حزبە بوو لەو نەوەیە كە پابەندبوون بە قسەو بڕیارەكانی سەدام حسێنەوە، بۆیە بەو پێیەی كە ئەلدووری بەرلە مردنی كەسێكی باوەڕپێكراوی خۆی وەك شوێنگرەوە دەستنیشان نەكردووە، ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەو حزبە تووشی ئینشیقاق ‌و لێكترازانی گەورە ببێت، چونكە:

*مەیلێك لەناو بەعسییەكانی نەوەی دووەمدا هەیە بۆ دووبارە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، جا ئەگەر لە هەموو عیراقیشدا نەبێت، ئەوا لە ناوچە سوننەنشینەكاندا بنكەیەكی جەماوەریی خۆیان هەیە.

*ئەو دانوستاندنەی باس دەكرێت، رەنگە بۆ ئەو سەردەمە كە سەدام و عیززەت دوری لەژیاندا بوون و پێی رازیی نەبوون، كارێكی ئەستەم بووبێت بۆ بەشێك لە كادرو سەركردە لۆكاڵییەكانی بەعس كە بەدزیی و پەنهانی لە ناوچە جیاجیاكاندا چالاكیی سیاسییان كردووە، بەڵام رەنگە بۆ ئێستا ئاسانتر بێت كە سەركردەكانی ریزی پێشەوەی ئەو حزبە یان لەسێدارە دراون، یاخود لە زینداندا یان لەمەنفا مردوون.

*هەندێك لە كەسایەتیە سوننەكان ‌و حزبە عیراقییە عەرەبییە سوننەكان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ كە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا كردووە، ئەگەر بەرەسمیش بەعسی نەبن، ئەوا بەناڕاستەوخۆ هەڵگری هەمان ئایدیا ‌و تێڕوانینن بەرامبەر بە جوگرافیای عیراق ‌و مافی پێكهاتە نەتەوەیی ‌و ئاینییەكان، بۆیە ئەگەر هەیە ئەوانە بەشێكی تر لە كادران و سەركردە لۆكاڵییەكانی بەعس هەڵمژن بۆ ریزەكانیان تا لەدەرگای پشتەوەی پرۆسەی سیاسییەوە بیانهێننەوە سەر شانۆی سیاسی.

*دۆخی ئێستای پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا لەگەڵ هەریەك لە ئێران، سعودیە و توركیا ‌و حوكمڕانانی شیعەی ئێستا لەعیراق ‌و وڵاتانی سوننە مەزهەب، جیاوازە لە دۆخی سەرەتاكانی رووخانی رژێمی بەعس، بۆیە مەترسیی ئەوە هەیە ئەمریكاییەكان بۆ دەرهێنانی جڵەوی عەرەبە سوننەكان لەدەستی توركیا ‌و سعودیە و ئوردن ‌و میسر، پەنا بباتە بەر موغازەلەی ئەو نەوەیەی دووەمی بەعس، بەتایبەتی كە ئێستا خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایی لە باشوور و ناوەڕاستی عیراقدا لەئارادایە و سیاسەتمەدارانی ئەمریكاش دەیانەوێت عیراقێك بنیات بنێت كە لەلایەكەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی سوننەدا پەیوەندییەكی هاوسەنگیان هەبێت و لەلایەكی دیكەشەوە لەگەڵ ئێران ‌و میلیشیا شیعەكاندا نەیاربن، بۆئەوەش دوورنییە بەعسییەكان وەك توخمێكی كیمیایی ئاسان تێكەڵ بە هاوكێشەی كیمیایی سیاسیی ناوچە سوننەنیشینەكانی عیراق بكەن كە ئەگەری یەكگرتن ‌و ئاوێتەبوونی لەزۆرێك لە لایەنەكانی دیكە ئاسانترە، ئەوەش بە قۆستنەوەی هەلی ئەوەی كە حزبی بەعس دوای سەدام ‌و ئەلدووری ‌و سەركردەكانی نەوەی حوكمڕانی پێشوو، ئەو حزبە پتەوە كۆنكرێتییە نامێنێتەوە، چونكە ئەگەری ئینشیقاق و ترازانی گەورەی لێ دەكرێت لە مەسەلەی هەڵبژاردن یان دانانی شوێنگرەوەیەك بۆ ئەلدووری، هەروەك ئەو حزبە لە دوای 2003 وە دابەشبووە بەسەر مەیلی نەتەوەیی عەرەبی راستڕەو و چەپ، ئیسلامیی سەلەفی، ئیسلامیی ئیخوانی، ئیسلامیی قاعیدەیی، تەنانەت ئیسلامیی داعشیش كە گرتنی موسڵ لە 2014 باشترین نموونەی ئەو باڵباڵێنەیە لەو حزبەدا.

ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریكا بەسیاسەتی كوڕی (سێو لەباخەڵ) مامەڵە لەگەڵ ئەم باڵە جیاوازانەدا بكات بەو پێیەی ئەو حزبە سەركردایەتییەكی تۆكمە و یەكگرتووی نامێنێت ‌و هەریەكێكیش لەو باڵانە رازیی بكات بە كەمتر لەو دەستكەوتانەش كە لە 2005 ئامادەبوو پێیان بدات، دوورنییە بەشێك لە سەركردە و كادرانی ئەو باڵانە ئامادەبن بە مەرجی گەڕانەوە بۆ دەسەڵات بچنە ژێربارییەوە.

لەحاڵەتی جێگرتنی ئەم ئەگەرەشدا، ئایندەی عیراق رووی لە دوو ئاراستەیە، یان جەنگێكی ناوخۆیی بەتایبەتی لەنێوان شیعە و سوننە، یان دروستبوونی سێ هەرێمی شیعەو سوننە و كورد، چونكە بەعس وەك بنەما بڕوای بە حكومەتی ئیئتیلافی نییە و لەئێستاشدا وەك پێشتر توانای كۆنترۆڵی هەموو عیراقی نییە و بەم نزیكانەش نایبێت، بەڵام بەهۆی 35 ساڵ حوكمڕانییەوە شارەزاییەكی زیاتریان لە ئیدارە و بەڕێوەبردندا هەیە، كە ئەگەر هەیە بەپشتیوانیی ئەمریكا ‌و وڵاتانی سوننە مەزهەب ئیدارەی ناوچە سوننە نشینەكان بگرنەوە دەست ‌و شوێنپێیەك بۆخۆیان لە پرۆسەی سیاسیی داهاتوودا مسۆگەربكەن، بێگومان ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە خراپیی ئەدای 17 ساڵی رابردووی حكومەت و كابینە جیاجیاكانی عیراق و بەتایبەتتر لە ناوچەی نفوزی سوننەدا.

وتاری زیاتر








بە سیاسیکردنی هەموو کایەکان‬ جەمال ئارێز
2021-11-05 10:13      170 جار بینراوە

با یەكێك وەڵام بداتەوە‬ جەمال ئارێز
2021-10-23 18:41      121 جار بینراوە



بانگەشەو یاریكردن بەهەستی خەڵك‬ جەمال ئارێز
2021-09-18 19:40      140 جار بینراوە

دەنگیش بدە و گلەییش بکە‬ جەمال ئارێز
2021-09-16 12:58      169 جار بینراوە


هونەری گوێ نەگرتن‬ جەمال ئارێز
2021-08-14 14:34      171 جار بینراوە


کۆدی لێکتێگەیشتن دۆزرایەوە‬ جەمال ئارێز
2021-04-24 16:03      243 جار بینراوە




لێدوان، یان هەریەک لە ئاوازێک؟‬ جەمال ئارێز
2021-02-06 19:00      234 جار بینراوە





ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2018-01-17 10:22      385 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-12-12 15:45      479 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-11-21 13:32      561 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو