یەکەمین چیرۆکی گواستنەوەی سەرکەوتووی خوێن بۆ مرۆڤ بۆ یۆلیۆی ١٦٦٨ دەگەڕێتەوە، کاتێک پزیشکێکی فەرەنسی بەناوی جان پاتیست دینیس هەستا بە گواستنەوەی خوێنی بەرخ بۆ مرۆڤ و پرۆسەکەش سەرکەوتوو بوو. ئەمە چیرۆکێکی راستەقینەیە و لە کتێبە زانستییەکاندا تۆمار کراوە.
بیرۆکەی گواستنەوەی خوێن بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەم دەگەڕێتەوە کاتێک پزیشکێکی ئینگلیزی بە ناوی ریجارد لوار لە ساڵی ١٦٦٥، توانی خوێن لە نێوان دوو ئاژەڵ بگوێزێتەوە، ئەو پرۆسەیەک لە نێوان دوو سەگ بە سەرکەوتووی ئەنجام درا، ئەو پرۆسەیە هەر لە نێوان ئاژەڵان ئەنجام دەدرا، تاوەکو مانگی یۆنیۆی ساڵی ١٦٦٧، کە جیهان بۆ یەکەمین جار، یەکەمین پرۆسەی گواستنەوەی خوێنی بۆ مرۆڤ بە سەرکەوتووی لەسەر دەستی پاتیست دینیس ئەنجام درا، بە گواستنەوەی بڕێکی کەمی خوێنی بەرخ بۆ مرۆڤ بوو، ئەو خوێنە درا بە گەنجێکی نەخۆش زەرد هەڵگەڕاو. بەم پرۆسەیە جیهان یەکەم دەستکەوتی لە بواری گواستنەوەی خوێن تۆمار کرد، دوای ئەو پرۆسەیە پاتیست ناوبانگی دەرکرد، ئەمەش بووە هاندەری تاوەکو جارێکی تریش دووبارەی بکاتەوە و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
بەڵام ئەو سەرکەوتنەی زۆر درێژەی نەکێشا، چونکە لە سێیەم جاریدا دوای ماوەیەکی کورت نەخۆشەکە گیانی لە دەستدا. بەڵام پاتیست بێ هیوا نەبوو، بۆ جاری چوارەمیش دووبارەی کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەخۆشەکە لە ماوەی گواستنەوەی خوێنەکەدا گیانی لە دەستدا. خێرا خێزانی نەخۆشەکە شکاتی لەو پزیشکە کرد بەوەی بە ئەنقەست مێردەکەی کوشتووە، دادگا پشتیوانی لە داواکە کرد و پرۆسەی گواستنەوەی خوێنی راگرت، هەروەها ئەو پرۆسەیە لە بریتانیاش راگیرا. سەدەی حەڤدەیەم دوای ئەو راگرتنە بەبێ هیچ تاقیکردنەوەیەکی تر تێپەڕی و بۆ سەدەی هەژدەیەمیش درێژەی کێشا، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، کۆمەڵێک زانای گەورە لە بواری زیندەوەرزانی بەدیار کەوتن و توێژینەوەی زۆر گرنگیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد.
لە نێوان ساڵی ١٩٠٠ و ١٩٠١، مرۆڤایەتی جارێکیتر یەکەم پرۆسەی گواستنەوەی خوێنی لە نێوان مرۆڤدا بەخۆیەوە بینییەوە، ئەو توێژینەوانەی پزیشکی نەمساوی کارل لاندشتاینەر پێشکەشی کردن رۆڵێکی گەورەی لەو سەرکەوتنەدا گیڕا، کە تێیدا ئەوەی کە ئێستا بە گروپی خوێن ناسراوە دۆزییەوە، لە توێژینەوەکانیدا دووپاتی کردەوە کە تێکەڵبوونی نێوان دوو گروپی خوێنی لەگەڵ یەک نەگونجاو دەشی مردنی لێبکەوێتەوە وەک ئەوەی لە سێیەم و چوارەمین پرۆسەی گواستنەوەی خوێنی بەرخ بۆ مرۆڤ روویدا.
خوێن لە خۆیدا، بە زۆر لەو ئەفسانە مرۆییانەی لای گەلە جیاوازەکانە پەیوەستە، بە درێژایی مێژوو و جۆرێک لە پیرۆزی وەرگرت، لەرێی خوێنڕشتن وەک قوربانی بۆ خواوەندەکان تاوەکو لە خراپە بەدووریان خات و خێریان بۆ بهێنێت، پێشکەش دەکران. ئەو پرۆسەی گواستنی خوێنەی پاتیست پێی هەڵسا، لە لایەنی میسۆلۆجیاوە دوور نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەو شکاتەی لێیکرا و ئەو دادگاییە بەناوبانگەی لەگەڵیدا کرا، هێندەی دادگاییەکی فەلسەفیانە بوو هێندە دادگایەکی کەتنکارانە نەبوو.