گومانی تیادا نییە ئەمریكا وڵاتێكی گەورەی ئابووری، سەربازی، سیاسی، تەنانەت هونەری و زانستیشە، بەڵام چەند ساڵێكە ئەم بێ گومانییە خەریكە لەق دەبێ بەتایبەت كە ئەمریكا ماوەیەكە ئەركەكانی بە نیوەناچڵ بەجێ دێڵێ و بەڕاست و چەپدا سزا بەسەر ئەم وڵات و ئەو وڵاتەدا دەدا، تەنانەت روسیاو چینیش لەم سزایانە دەربازیان نەبوو.
لەلایەكی تریشەوە چەند مانگێك لەمەوبەر بەبەرچاوی جیهانەوە ئەمریكاییەكی رەش پێست لەلایەن پۆلیسەوە خنكێنراو ئەمەش بووەهۆی ناڕەزاییەكی بەرفراوان لەئەمریكاو جیهانیش بەشێوەیەك كە خۆپیشاندان بەشی هەرەزۆری ویلایەتەكانی ئەمریكای گرتەوەو بەهۆی دروستبوونی توندوتیژی چەندین كەس گیانیانلەدەستدا. لەلایەكی ترەوە ئەمریكا بەو هەموو توانا زانستی و تەندروستییەوە، پەتای كۆرۆنای نوێ زیانێكی گەورەی گیانی لێداوەو تائێستا زیاتر لەدوو سەدو دە هەزار كەس گیانیانلەدەستداوەو چەند ملیۆنێكیش تووشبوون، ئەمە لەكاتێكدایە كە دۆنالد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سەرەتای سەر هەڵدانی پەتاكە بەشێوەیەكی گاڵتەجاڕی باسی دەكردو چەندینجار رایگەیاند كە ئەو پەتایە ناگاتە ئەمریكاو تاكار گەیشتە ئەوەی دۆناڵد ترامپ خۆشی تووشی پەتاكە بوو.
لەپێشهاتێكی تردا یەكەمجارە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەمشێوەیەی ئێستابێ، بەتایبەتی لەو لێدوانانەی پاڵێوراوەكان دەیدەن و بەتایبەتیش ترامپ كە تائێستا چەندجارێك باسی لەوە كردووە، گەر جۆبایدنیش دەربچێ، مەرج نییە كۆشكی سپی هەروا ئاسان جێ بهێڵم. هەروەها چەند جارێك باسی لەوەكردوە كە ئەگەری ساختەكاری زۆرە لەهەڵبژاردنەكاندا، دوا راگەیاندنیشی رۆژی ١٠/٢٦ بوو كە وتی؛ تەنیا كاتێك دەدۆڕێین كە رەوتی هەڵبژاردنەكان تێكبدەن و دەستكاری ئەنجامەكان بكرێ.
چاودێران دەڵێن، بارودۆخی ئەمریكا ناسەقامگیرە، بەهۆی خراپیی باری ئابووری كە پەتای كۆرۆنا هێناوییەتە ئاراوە، هەروا بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بەشێوەیەكی بەر بڵاو، ئەمە جگە لەو بێ متمانییەی پاش كوشتنی جۆرج فلۆییدەوە لەلایەن پۆلیسی ئەمریكاوە، لەنێو رەشپێستەكاندا دروستبووە، هەروەها دابەشبوونی بەشی زۆری ئەمریكاییەكان بەسەر هەردوو كاندیدەكەی هەڵبژاردندا، كە مەترسی شەڕێكی ناوخۆی لێ دەكرێ، بەتایبەت ٦٠٠ ملیۆن پارچە چەك بەدەست خەڵكەوەیەو لەم چەند هەفتەیەی پێشوودا بەڕێژەیەكی بەر چاو كڕینی چەك لەلایەن خەڵكەوە زیادیكردووە.