بەر لەهەر پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا، چەندین راپرسی دەكرێت لەسەر كام كاندید هەڵبژاردنەكە دەباتەوەو دەبێتە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا، بێگومان ئەو راپرسییانە گوزارشت لەو ساتە وەختە دەكات كە وەڵام دەدرێتەوە و ناتوانێ ئاوێنەی وێنە گەورەكەی ئەگەری بەختی هیچكام لەكاندیدانی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە بن، بۆ نموونە لەساڵی 2016، ئەنجامی راپرسییەكان ئاماژەیان بۆ بردنەوەی هیلاری كلینتۆن دەكرد بەڕێژەی (75 %)، كەچی دەرئەنجام دۆناڵد ترامپ كە ئێستاو سەرۆك و كاندیدە بردییەوەو بووە سەرۆك.
مێژووی سەركەوتنی كاندیدەكان
لەمیانی خوێندنەوەو بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا، لەماوەی چەند دەیەیەكی رابردوودا، دەكرێت سەركەوتن یان شكستی كاندیدەكانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ دوو هۆكاری سەرەكی بگێڕینەوە، ئەوانیش ئابووری و بازاڕی پشكە.
مێژووی نوێی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا، كاتێك ئابووری لەداچوون و پوكانەوەدایە، ئەو ساڵە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدەدرێت، ئەوا ئەگەری سەركەوتنی كاندیدی ئەو حزبەی حكومڕانی دەكات زۆر كەمە. بۆ ئەمەش چەندین نموونە هەیە كە لەهەڵبژاردنەكانی ئەو ساڵانەی پوكانەوەی ئابووریی تێدا بووە ئەنجامەكەی چی بووە. لەپوكانەوەی ساڵی 2000، حزبی دیموكراتی ئەمریكا كە حوكمڕان بوون نەیانتوانی هەڵبژاردن ببنەوە، هەروەها لە ساڵی 2008 حزبی كۆماری شكشتیان هێنا لە دووبارە هەڵبژاردنەوەیان. لە ساڵی 1996، بوشی باوك ولایەتی دووەمی لە بەرامبەر بە بیل كلینتۆن دۆڕاند، لە پوكانەوەی ساڵی 1980، جیمی كارتەر ولایەتی دووەمی لە بەرژەوەندیی رۆناڵد ریگن دۆڕاند. لە ساڵی 1976 سەرۆك جیرالد فۆرد ولایەتی دووەمی لە بەرژەوەندیی جیمی كارتەر لە دەستدا. مێژوو پێمان دەڵێت، كاتێك بازاڕی پشكی ئەمریكا لە مانگی ئۆكتۆبەر و سێپتێمبەری بەر لە هەڵبژاردن كە لە نۆڤێمبەر ئەنجام دەدرێت، بە رێژەی (5 %) داشكێت، ئەوا دەرفەتی سەركەوتنی سەرۆكی ئەمریكای كاندید بۆ ولایەتێكی تری حوكمڕانی یان دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆك زۆر كەم دەبێت. ئەمەش لە ساڵانی (2016، 2008، 2000، 1992) روویدا. لە بەرامبەردا، بۆ دووپاتكردنەوەی دروستی ئەم ئەگەرە، دووبارە هەڵبژاردنەوەی بوشی كوڕ لە ساڵی 2004، دەرچوونەوەی سەرۆك بیل كلینتۆن لە ساڵی 1996، كاتێك بوو كە بازاڕی پشك لە روشێكی زۆرباشدا بوو.
سوپرایز ماوە
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دوو هۆكارەی سەرەوە كە باسكرا، بە رەوشی ئێستای ئابووری و بازاڕی پشك بەراوردی بكەین، بەپێی مەزندەی سندوقی نێودەوڵەتیی نەخت تێبینی دەكرێت، ئابووریی ئێستای ئەمریكا لە حاڵەتی داچوون و پوكانەوەدایە. هەروەها داشكانی بازاڕی پشك لە ماوەی سیپتێبمبەری رابردوو، لە (5 %) زیاتر بوو. لەبەر ئەوە بە پێوانەی هەردوو ئەو هۆكارەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێكرا، بەختی دۆناڵد ترامپ بۆ دەرچوون كەمە.
بەڵام ئەم شرۆڤەكردنەش ئەگەر راست و هەڵەی هەیە، سوپرایزی ئەم ماوەیەی ماوە تا سەرەتای نۆڤێمبەر، دەشێ هەموو ئەمەی سەرەوە هەڵبوەشێنێتەوە.