جەمال ئارێز

خۆتان لەڕوونكردنەوەی درەنگوەخت بپارێزن

  2020-10-24 15:41      231 جار بینراوە        کۆمێنت

زۆربوونی سایت ‌و پەیج و كەناڵەكانی میدیایی، دۆخێكی دروستكردووە كە بەداخەوە زمانی ریپۆرتەر و هەواڵسازەكان بۆ وەرگرتنی لێدوانێك لەبارەی رووداوێكی هەنوكەییەوە، زۆر جیاوازە لەو داڕشتنەی كە هەواڵ یان راپۆرتەكەی پێ دادەڕێژرێتەوە لە كەناڵ یان سایت یان پەیج و تەنانەت رۆژنامەو گۆڤارەكانیش، بۆیە زۆرێك لە كەسایەتی ‌و شرۆڤەكاران و بەرپرسان بەزمانی شیرین ‌و كەف لەبنپێدانی هەواڵساز و ریپۆرتەرەكان تێدەكەون ‌و دەكەونە هەوای خۆیانەوە ‌و چی لە هەگبەیاندایە بۆیانی هەڵدەڕێژن.

گومان لەوەدا نییە كە زۆرێك لەو میدیایانە بە بینراو و بیستراوو خوێندراو سیاسەتێكی میدیایی تایبەت بەخۆیان هەیە و ئەوە لە قسەكانی لێدواندەرەكە بڵاودەكەنەوە كە سیاسەتی كەناڵەكە دەیخوازێت ‌و ئەوی دیكەی یان توڕهەڵدەدەن، یاخود ئەگەر زانیارییەكی نهێنیی تێدابێت ‌و پەیوەست نەبێت بە بابەتی هەواڵ یان راپۆرتە هەنووكەییەكەیانەوە، دەیكەنە كەرەستەی خاوی هەواڵێكی دیكە.

پێدەچێت بەشێك لە بەرپرسان و كەسایەتییەكان وەك پێویست موتابەعەی هەواڵ ‌و راپۆرتی هەموو كەناڵ ‌و پەیج ‌و سایتەكان نەكەن ‌و ئاساییشە كە نەتوانن بەهەموویدا رابگەن، چونكە ژمارەیان ئەوەندە زۆر بووە كە هەر بەشی زۆری ناوەكانیشیان لەیەكترییەوە نزیكە، ئەوە جگە لە سایت ‌و پەیجە فەیكەكان كە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و لەسەر راسپاردەی شوێن و كەسێكی نادیار دروست دەكرێت، بەڵام خۆ هەریەك لە بەرپرسان بەتایبەتی كە مەبەستەكەی ئێمە لەوانە زیاتر، سكرتێرێكی رۆژنامەوانییان لای خۆیان دامەزراندووە، دەتوانن بەر لە هەر لێدوانێك بۆ كەناڵێك یان پەیجێك یاخود سایتێك، لەرێی ئەو سكرتێرە رۆژنامەوانییەوە ناسنامەی ریپۆرتەرو هەواڵسازەكە یان سیاسەتی پەیج ‌و سایت ‌و كەناڵەكە و ئاراستەی سیاسیی بزانن، ئەوكات لێدوانیان بۆ بدەن یان زانیارییان بدەنێ.

میدیای ئێستا میدیای جاران نییە، چونكە پەیامنێران ‌و ریپۆرتەر و هەواڵسازەكان هەموو قسە و لێدوانەكان هەر لەڕێی مۆبایلەكەیانەوە تۆماردەكەن ‌و سبەی رۆژ ئەگەر سكاڵاشی لەسەر تۆماربكەن، ئەوا كەیسەكە لە دادگا دەباتەوە و روونكردنەوەش بدەن، بەهۆی بەڵگە دەنگییەكەوە هەر دەتوانن كەیسەكەیان لێ ببەنەوە.

ناكرێت كە دنیای میدیا ‌و تەكنۆلۆژیای راگەیاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی بەسەریداهاتووە، بەرپرسان ‌و كەسایەتییەكان كە بەشی زۆریان بۆخۆشیان لەهەموو پێشكەوتنەكانی دنیای تەكنۆلۆژیاو نوێگەریی بیناسازیی ‌و ئەتەكییەتی پۆشین ‌و خواردن ‌و كەرەستەی ناوماڵ بەهرەمەندن، بەڵام هەر بە عەقڵییەتی نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لە میدیا بڕوانن، بەڵكو دەبێت ئەوانەی قسەكانیان سەنگ ‌و پێگەیەكی هەیە، بۆهەر لێدوانێك كە دەیدەن، هەزارو یەك حساب بكەن ‌و نەكەونە تەپكەی قسەو ئەلقابگەلی شیرینی پەیامنێران ‌و میدیاكارانێكەوە كە لەڕووی ئەتەكییەتی میدیاییەوە بەوپەڕی لوتف ‌و كەرەمەوە پرسیاریان ئاراستە دەكەن و لەولاشەوە گەورەترین زانیارییان لەبن زار دەردەهێنن.

ئێستا زۆرێك لە بەرپرسان لەدوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەكانیان كە هەندێك جار مانگێك پێش بڵاوبوونەوەی لە شوێنێك ‌و بە بۆنەیەكی جیاوازەوە داویانە، روونكردنەوە دەدەن كە لێدوانی لەو جۆرەیان نەداوە، ئەمەش دوو دیاردەی لێكەوتۆتەوە:

*دەشێت راست بێت ‌و لێدوانی لەو جۆرەی نەدابێت، بەڵام خێرایی بڵاوبوونەوەی لێدوانی هەڵبەستراو یان شێوێنراو و قرتێنراو پێویستی بەوەیە دەستبەجێ ‌و لە هەمان كەناڵ و شوێن روونكردنەوەی لەسەر بدرێت، نەك پاش دوو سێ رۆژ كە تەواوی رای گشتی لەدەوری خۆی هەڵدەخڕێنێت، ئیدیی ئەو دواكەوتنە لەبەرژەوەندیی كاكی لێدواندەر نابێت.

*دەبێت هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی بكرێت و داوا بكرێت روونكردنەوە لەسەر ناڕاستیی بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵ یان لێدوانە لە هەمان شوێندا دابنرێت ‌و هەواڵ و لێدوانە شێوێندراو یان قرتێندراوەكە لاببرێت ئەگەر پەیج و سایت بوو.

*بەر لە لێدوان بۆ هەر كەناڵ ‌و پەیج ‌و سایت ‌و رۆژنامەو گۆڤارێك، ناسنامە و ئاراستەی سیاسەتیان لەلایەن سكرتێری رۆژنامەوانیی ئەو بەرپرس ‌و كەسایەتییانەوە بزانرێت، تا نەكەونە تەپكەی نەیارو ركابەرە سیاسییەكانیانەوە.

*بۆ رێگریی لە قرتاندن یان شێواندنی لێدوان و زانیاریی، دەكرێت سكرتێری رۆژنامەوانیی بەرپرسەكە یان خودی دەنگی خۆی و پەیامنێرەكە و ئەوەی لە گفتۆگۆكانیاندا دەگوزەرێت تۆمار بكات و هەر لەسەرەتاشەوە ئاگاداری بكات لەو تۆماركردنە، تا زاتی شێواندن و قرتاندنی نەكات، بەمەش ئەو بەرپرسە ئیداریی ‌و حزبی ‌و كەسایەتییانە دەتوانن خۆیان لە زۆرێك لەو گێچەڵ و جەنگە سیاسییەی ركابەرو نەیارەكانیان لابدەن كە ئاگرەكەی لەشوێنێكە و دوكەڵەكەی لە میدیایەكەوە سەرهەڵدەدات و لێدوان ‌و شرۆڤە لەسەر هەندێك بابەتی چارەنووسساز لێگەڕێن بۆ ئەهلی لێدوان و وتەبێژی رەسمیی حزبی یان ئیداری ‌و لەپێناوی دەركەوتنێك یان ناوهێنانێكدا لە میدیایەكی نەناسراودا خۆیان نەكەنە بنێشتەخۆشەی بن زاری نەیار ‌و ناحەزەكانیان، چونكە دواتر بە سەد روونكردنەوە نایەنەوە مایەو ناتوانن تێڕوانینی بەشێك لە كۆمەڵگە لەسەر خۆیان بگۆڕن كە یەكەمجار لێدوانەكەی ئەوان وەردەگرن ‌و ناشیانەوێت روونكردنەوە لەسەر ئەو بابەتە لەدوای دوو رۆژ بخوێننەوە.

وتاری زیاتر








بە سیاسیکردنی هەموو کایەکان‬ جەمال ئارێز
2021-11-05 10:13      173 جار بینراوە

با یەكێك وەڵام بداتەوە‬ جەمال ئارێز
2021-10-23 18:41      122 جار بینراوە



بانگەشەو یاریكردن بەهەستی خەڵك‬ جەمال ئارێز
2021-09-18 19:40      140 جار بینراوە

دەنگیش بدە و گلەییش بکە‬ جەمال ئارێز
2021-09-16 12:58      170 جار بینراوە


هونەری گوێ نەگرتن‬ جەمال ئارێز
2021-08-14 14:34      171 جار بینراوە


کۆدی لێکتێگەیشتن دۆزرایەوە‬ جەمال ئارێز
2021-04-24 16:03      245 جار بینراوە




لێدوان، یان هەریەک لە ئاوازێک؟‬ جەمال ئارێز
2021-02-06 19:00      235 جار بینراوە





ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2018-01-17 10:22      385 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-12-12 15:45      480 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-11-21 13:32      566 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو