ئۆپرا وێنفری دەڵێ « گرنگترین گۆڕانکاریی لەبچووکترینییەوە دێت، گۆڕانێکی سادەی رەفتارەکانت، دەشێ هەموو جیهانت بگۆڕێت، دووبارە ئایندەت بونیات بنێتەوە».
راهێنەرانی پەرەپێدانی خودو بەهرەمەندان، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو هەوڵی ئەوەیان داوە، کە هانی خەڵکی بدەن بەوەی بڕوا بەو قسەیەی سەرەوە بکەن، کە هاندەری بیرکردنەوەی ئەرێنییە لەمیانی گۆڕینی بیرکردنەوەی نەرێنی بەبیرکردنەوەی ئەرێنی، کە لێوەی رەفتارێکی ئەرێنی لێدەکەوێتەوەو ئەنجامەکەیشی ئێجگار گرنگ دەبێت. لەگەڵ ئەو هەموو دەورەو راهێنان و سیمینارو ۆرکشۆپ و وانەوتنەوانەو کتێبەکانی لەمەڕ پەرەدانی خود، کۆرۆنا لەماوەی چەند مانگێک گۆڕانێکی ریشەیی لەبیرکردنەوەدا دروستکرد، کە هەموو ئەو هەوڵانەی لەو ماوە درێژە درابوون، تێپەڕاند. کۆرۆنا توانی لەماوەیەکی پێوانەییدا زۆرێکی بیرکردنەوەو رەفتارەکانی خەڵکی بگۆڕێت، سەلماندی، کە مرۆڤ دەتوانێ تەواوی بیرکردنەوەو ژیانیشی بگۆڕێت، بەدەر لەهەر بەهانەیەکی نادروست و ناواقیعی کە زۆربەمان گوێ بیستی بووین.
ماوەیەکی درێژە کۆمەڵناسان و دەروونناسان، باس لە گرنگیی خێران و زەرورەتی بەسەربردنی کاتێکی زۆرتر لەگەڵ خێزان دەکەن، کەس گوێی پێ نەدا و بەهەندی وەرنەگرت. بەڵام کۆرۆنا زۆرێکی ناچار کرد کە زۆرترین ماوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، دوای ئەوەی کە پێشتر ماڵ وەک وێستگەیەکی پشوودان بوو لایان، زۆرێکی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی بوونە ماڵدار، چێژ لە پێکەوبوونی خێزانەکانیان وەردەگرت، جارێکی تر یەکتریان دەناسی، پێکەوە گتفوگۆ و یاری و فیلم تەماشاکردن و … دەکرد.
ئابووریناسان داوایان لە خەڵکی دەکرد، لە سایەی ئەو هەلومەرجە بارگۆڕاوەی ئابوورییەی جیهان تێی کەوتوە، پرنسیپی پاشەکەوت پراکتیزە بکەن، هانی دەدان کە دوای کەمالیات و بانگەشەی بازرگانیی بەکاربردن نەکەون، کە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن پارەکانیان دەکێشنەوە، لە سایەی ئەو هەوەسی بانگەشەیە کە زۆرێک لە فیگرەکانی هونەر، کە خوازیاری رواڵەت و لاساییکردنەوە، رۆڵی کارای بانگەشەکانیان دەگێڕا، بەڵام کۆرۆنا زۆرێکی خەڵکی ناچار کرد، دەستگیرۆیی بکەن و دەستبەرداری کڕینی بێ بنەما بن، ئاگاداری گیرفانەکانیان بوون، بەتایبەتیش کە سبەێنێیان لا روون نەبوو، وێڕای ئەوەی ئاسۆی وەرگرتنی موچەکانیان لێڵ و نادیار بوو.
شارەزایانی بوازی خێزان، داوای بەسەربردنی کاتی زیاتریان لە ژن و مێرد دەکرد، بۆ تاواندنەوەی ئەو بێدەنگییە سۆزدارییەی نێوانیان و دووبارە ژیاندنەوەی گیانی خۆشەویستی بۆ ژیانی رۆتینییان، بەڵام مەشغولبوونی پیاو بە گروپەکەی خۆی و ژنیش بە منداڵ و گرفتەکانیان، رێگر بوون لەوە، بەڵام کۆرۆنا وایکرد لێکیان نزیک بکاتەوە و پێکەوە لە زۆرێکی کاروباری ماڵ بەشداری بکەن، بەوەش سەهۆڵبەندانی بێدەنگیی تواندەوە، زۆرێکی خێزانەکان دەرکیان بەوە کرد کە کاتێکی زۆر خۆشی ژیانیان بە هەدەر داوە.
هیچ لێبوردنێک بۆ نەگۆڕینمان نییە، ئەوەی بیەوێت دەتوانێت، کۆرۆنا ئەمەی فیر کردین.
*گۆشەیەکی هەفتانەیە، زانیاری جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت.