د.سەردار عەزیز

ئەمریکاو کۆتایی بەرپرسیارێتی

  2020-10-11 14:30      254 جار بینراوە        کۆمێنت

لەبەیانی پاش موشەکەکانی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لەشارۆچکەیەکی کوردستان بووم، گوێم لێبوو، کۆمەڵێک خەڵك کە باسی رووداوەکەیان دەکرد، یەکێک بە دەنگێکی بەرز و زولال وتی، ئەی ئەمریکا بۆ هیچ ناکات؟ پرسیارەکەی ئەو سادەو بەڵام لەهەمانکاتدا ئاڵۆزبوو. ئێمە لەدەربڕینی ڕۆژانەماندا بڕێکی زۆر لەدونیابینی ئاڵۆز لەناخماندا ناوەکی دەکەین، لەمیانەی بیستن و دووبارەبوونەوەو تەشەنەکردنی، ئیتر دەبێت دۆگمایەکی ئاینی و خەڵك دەیڵێنەوە.
ئەم خەڵکانەی کە ئەمڕۆ لەکوردستان دەژین، بەزۆرییان لەسایەی ئامادەیی و چالاکی و پاراستنی ئەمریکیدا گەورە بوون، بۆیە دەربڕینی لەوجۆرە، نەک بەلای کەسەوە جێگای سەرسوڕمان نییە، بەڵکو وەک پرسیارێکی ڕەوا دەبینرێت.
بەڵام رەنگە وەرچەرخانێک لەسیاسەتی ئەمریکدا روویدابێت و هێشتا بەباشی پەیامەکەی نەگەشتبێتە ناوچەکە. بەکورتی سەردەمی گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی هات. ئەگەر عیراق کێشەی میلیشیای هەیە، کێشەی عیراق خۆیەتی. چیدی ئەمە کێشەی ئەمریکا نییە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەمریکا دەستبەرداری ناوچەکە دەبێت، بەڵکو بەمانای ئەوەدێت کە دەیەوێت ئەوانی تر بەرپرسیاربکات لەکێشەکانیان، ئەگەر خۆی کەوتە مەترسییەوە ئەوا داکۆکی لەخۆی بەرژەوەندییەکانی دەکات. ئەم وەرچەرخانە لە دایەلۆگی ستراتیژیدا، لەمامەڵەی ئەمریکا، نەک تەنها لەگەڵ هێزە نەیارەکانیدا، بەڵکو لەگەڵ دۆستەکانیشیدا بەڕوونیی دەردەکەوێت. 
ئەم ڕێچکە نوێیەی ئەمریکا بۆ ئەمریکاییەکانیش نوێیە. بەڵام هەردوو حیزب لەسەری کۆکن، هەرچەندە لەسەر چۆنێتی بەرجەستەکردنی جیاوازن. ئەمریکا چیدی نایەوێت پارەو خوێنی بۆ هیچ کەسێکی تر بەفیڕۆبدات. بەڵام ئەمریکا بەدەگمەن بەخواست هاتووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەرچی بەرژەوەندی هەبووە، بەڵام خواستی شەڕی نەبووە. ئەم مێژووە نوێ نییە. وەک مایکڵ ئۆرین لەکتێبە نایاب و قەبەکەیدا پێمان دەڵێت مێژووەکەی لەدوو سەدە زیاترە. بەلای ئەوەوە لەسەرەتای دروستبوونی ئەمریکاوە، لەڕۆژگارێک هێشتا ئەمریکا دەستووری نەبوو، هێزی دەریاوانی نەبوو، سوپایەکی ئەوتۆی نەبوو، خەمی پاراستنی کەشتیوانە بازرگانەکانی بوو لەدەریای ناوەڕاست. کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک بوو لەو بەهانانەی کە فیدرالیستەکان دەیانهێنایەوە بۆ نووسینی دەستوورو دروستکردنی هێزی دەریاوانی. چونکە بەبێ دەستوور حکومەتی ناوەندی دروست نەدەبوو، بەبێ حکومەتی ناوەندی نەدەتوانرا ئەو هەموو میلیشیایە ڕێکبخەن و سوپاو دەریاوانی دروستبکەن. بۆیە دروستکردنی سوپای دەریاوانی و چون بۆ شەڕ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵنەری یەکەمی سیاسەتی ئەمریکابوە لەمێژووی نزیکەی دوو سەدەو نیویدا لەناوچەکە. پاش هێز باوەڕ دێت، پاش ئەوە خەیاڵ.
با لەم پاشخانەوە ئەمڕۆ بخوێنینەوە 
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات ئەمەیە. میلیشیاکان بەبەردەوامی هێرش دەکەنە سەر ئەمریکاییەکان. ئامانجی میلیشیاکان ئەوەیە کە پەنێک بە ترەمپدا بدەن، بەهیوای ئەوەی ئەو پەنە ببێت بەهۆکاری دەرنەچوونەوەی لەهەڵبژاردندا. چونکە ئێران بڕوای وەهایە ئەگەر ترەمپ دەرنەچێتەوە ئەوا بەهاتنی بایدن دۆخی ئێران باشتر دەبێت. ئەمریکا دەیەوێت خۆی لەمە بپارێزێت. نایەوێت جارێكیتر باڵوێزخانەکەی ئابلۆقە بدرێت و وەک زەلیلێک دەرکەوێت. زەلیل بوون، سوکایەتیکی گەورەیە بۆ هەموو هێزێک لەئاستی نیودەوڵەتیدا. بیرمەندی سیاسی فەرەنسی بێرنارد بادی کتبێکی قشتی لەسەر نووسیوە.
لەبەرامبەر ئەمەدا ئەمریکییەکان دەیانەوێت خۆیان بپارێزن و لەهەمانکاتدا وەهای دەربخەن کە هەوڵیان بۆ دەرچوون لەبەغدا، لەبەر ئەوە نییە کە خۆیان بپارێزن، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەتا سەربازەکانیان لەمەترسی دووربخەنەوەو لەئاسمانەوە شەڕی خۆیان بکەن. گواستنەوەی شەڕ بۆ ئاسمان یەکێکی ترە لەخەسڵەتەکانی گۆڕانی پەیوەندی ئەمریکا لەناوچەکە. ئەمریکا دەتوانێت چاوێکی نەپتێنراویی، نیمچە خودایی هەمیشەیی هەبێت لەئاسمان و لەهەموو ئان و ساتێکدا دەستی خۆی بوەشێنێت.
بەڵام ئەوەی گۆڕاوە لە ئەمەدا ئەوەیە کە ئەمریکا زیاترو زیاتر بە عیراقییەکان دەڵێت کێشەی میلیشیاکانتان چارەسەر بکەن. چیدی خۆی بەهاوبەشێک نازانێت لەو پرسەدا. ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر حکومەتی عیراقی دروستکردووە، چونکە وەک جۆرێک لەدەستلێبەردان و کۆتایی سەردەمێک و گۆڕانی خوییەک دەبینرێت. عیراق کە ناتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بووەستێت، داوای لێدەکەن شەڕ بکات. ئێران وەک لایەنی هەڵسوێنەری سەرەکی لەم یارییەدا، نایەوێت عیراق بکەوێت، چونکە زیانێکی گەورە بەر ئێران دەکەوێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ناشیەوێت عیراق بەهێزبێت. بۆیە ئامانجی دووەم ئەوەیە، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت لەعیراقدا هەراسان نەکرێت ئەوا دەبێت لەگەڵ ئێراندا دانوستان بکات. ئێران کە چاوەڕیی ئەوە نییە ترەمپ لەگەڵیدا بچێتە دانوستان، یان نایەوێت لەگەڵ ترەمپدا بچێتە دانوستان، چونکە وەهای لێکدەداتەوە کە دەبێتە مایەی دەرچوونەوەی ترەمپ، ئەوا بەهاتنی بایدن دانوستان بەبەشێک لەپرۆسەکە دەبینێت.
دانوستان بۆ ئێران پێچەوانەی زەلیلی و ملکەچکردنە، دانوستان یانی ڕێزو هاوتایی، ئەگەر جارێكیتر بگەڕێینەوە بۆ تێزەکەی بادی. 
بەڵام ئەوەی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە ئەو ڕووداوانەی کە ڕودەدەن کە لەپانتایی عیراق و ناوچەکەدا قەتیس نەماون. لەڕووی کاتەوە ئێمە لەکاتێکی تایبەتداین لەمێژووی سیاسی ئەمریکی. ئێستا ساڵی هەڵبژاردنەوەو مانگی ئۆکتۆبەرەو ئەم مانگەش بەمانگی سوپرایز ناسراوە لەمێژووی هەڵبژاردنی ئەمریکیدا. ئەگەر لە واشنتۆنەوەو بەتایبەت لەدیدی ترەمپەوە تەماشای هاوکێشەکە بکەین ئەوەیە، ئەگەر ئێران دەیەوێت ناچاری کارێکی وەهای لێبکات کە ببێتە هۆکاری دۆڕانی ئەوا، ئەم دیدە بۆ ترەمپیش ڕەوایە، ئایا چۆن ئەمە بکرێتە بەشێک لەکەمپەینی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە ترەمپی تووش بوو بەکۆرۆنا، لەدۆخێکی خراپدایە، بەڵام بێهیوا نییە. ئایا کشانەوەی باڵوێزخانە بەئامانجی زەمینەسازان بۆ لێدان نییە؟ بەجۆرێک ئەو هێرشانە وەها بۆ جەماوەری ترەمپ لێکبدرێتەوە کە ترەمپ بەهێزە . بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەم دیاردەیە پێشینەی هەیە، کوشتنی قاسم سلێمانی بووە هۆی بەهێزبوونی پشتیوانی خەڵك بۆ ترەمپ لەکاتەدا. بەڵام ئەم هەوڵە چەند کێشەیەکی هەیە، یەکەم، بەرزبوونەوەی پشتیوانی خەڵك بۆ سەرۆک لەبەر هەر کارێکی دەرەکی، ئەگەر شەڕی درێژخایەن و داکۆکی ڕاستەوخۆ لەئەمریکا نەبێت، ئەوا پشتیوانییەکی کاتییە. ڕەنگە لەدۆخی ئێستادا کاتی ئەم پشتیوانییە لەهەموو ساتێکی تر کورتتر بێت. بۆیە ئیدارەی ترەمپ، ئەگەر نیازی کارێكی وەهای هەبێت دەبێت بەوردی کاتەکەی هەڵبژێرێت بەجۆرێک بەسوودی دەنگدانی بشکێتەوە. بەڵام لەهەمانکدا کاتدا ئەمە هەوڵێکە مەرجی سەرکەوتنی گەرەنتی نییە. زۆرجار ئەمریکا لەهەوڵیدا شکستی هێناوەو پاشان باجەکەی داوە. بۆیە پەنابردن بۆ ئەم ڕێگایە، وەک دوا کارت دەبینرێت لەدۆخێکی وەهادا. 
ئەوەی جێگیرە گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکایە لە هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی. ئەم گۆڕانی هەڵوێستە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەند کوردو ئەمریکاش دەبێت. ڕەنگە چیدی دەرفەتی ئەوە بۆ کورد نەمابێت کە هێزی ڕێکنەخات و پێشمەرگەی یەکنەخات. چونکە ئەگەر ئەمریکا نەیەوێت بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، ئەوا یەکەم کاردانەوەی ئەوەیە کە دەبێت خۆت بتوانێت بەرپرسیاری بگریتە ئەستۆ. کورد بەبێ هاوکاری ئەمریکا ناتوانێت کارێکی وەها بکات. بەڵام هاوکاری ئەمریکا مەرجی ئەوەیە کە دەبێت ڕیفۆرم بکات. بۆیە ڕیفۆرمی هێزی چەکدار لەهەموو ساتێک زیاتر هەنووکەیی ترەو زەمینەی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی داهاتووە.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      117 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      125 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      199 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      747 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      146 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      565 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      411 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      757 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      404 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      229 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      134 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      195 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      178 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      259 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      169 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      174 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      197 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      174 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      151 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      264 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو