لەشی مرۆڤ، جگە لەمێشک، تۆڕێکی تەواوکاری ئاوەڕۆی بۆ فڕیدانی پاشەڕۆکەی هەیە، تاوەکو خۆی لەو ژەهرانەی تێیدا کۆدەبێتەوە رزگار بکات، زاناکان بۆ ساڵانێکی زۆر بەدوای ئەوەدا وێڵبوون، کە چۆن مێشک پاشەڕۆکانی فڕێ دەدات کە ساڵانە بڕی ئەو پاشەڕۆیەی بەقەدەر قەبارەکەی خۆیەتی، واتە نزیکەی (١٤٠٠) گرامە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بەتەندروست و مێشکێکی سەلامەتەوە بژی، بەڵام نازانرێ چۆن، بەتایبەتی کە مێشک تاکە بەشی لەشە کە ئەو شارەزاییەی نییە لەوەی چۆن وەک گورچیلەو گەدە، پاشەڕۆکانی رەوانەی بەشەکانی تری لەش بکات و خۆی لێ قوتار بکات.
ئایا رێی تێدەچیت ئەم بەشە گرنگەی لەشی مرۆڤ، کە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ئێجگار گەورەو مەزن دیزاین کراوە، وەک بەرهەمهێنانی هزرو بڕیاردان، سیستمێکی بەتوانای بۆ فڕێدانی پاشەڕۆکانی نەبێت. ئەم پرسیارە زاناکانی بۆ چەندین ساڵ دووچاری سەرسوڕمان کرد، بۆ ئەوەی بە تازە بیدۆزنەوە کە چۆن مێشک پاشەڕۆکانی فڕێ دەدات، مێشک بەو قەبارە بچوکە کە (٢٪) نێوەنجی لەشی مرۆڤە (١.٤) کیلۆگرامە، نزیکەی چوار یەکی کۆی وزەی لەشی مرۆڤ بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی بەکاردەبات، لەبەر ئەوە دەبوو رێگەیەک هەبێت تاوەکو پاشەڕۆی ئەو وزە زۆرەی بەکاریدەبات رزگاری بێت، کە لەو بەکاربردنەی پیسی و پاشەڕۆی ژەهراوی و زیندووی لێ دروست دەبێت و کەلەکەبوونی لە ناو مێشک لاسەنگیی لە وەزیفە سەرەکییەکانی مێشک دروست دەکات، لێوەی نەخۆشی عەقلی و دەروونی دەبێت، دیارترینیان نەخۆشی زەهایمەرە، کە کەڵەکەبوونی ئەو پاشەڕۆیانە، وەک پرۆتین یەک لە هۆکارەکانی بێت.
ئەو پرۆتینە کەڵەکەبووەی ناو خانەکانی مێشک، زۆربەیجار لەگەڵیدا گرژی دروست دەکات و دەبێتە رێگر لە ناردنی ئاماژە کارەبایی و کیمیاییەکان لە مێشک و بۆ مێشکیش، زیانێکی گەورەی هەیە کە چارەسەر ناکرێت،، دیارترین بەڵگەی زیان گەیاندنی، زیادبوونی بەرهەمهێنانی پرۆتینی ناو مێشکی ئاژەڵەکانی تاقیگەکان، دووچار بوونیانە بە نەخۆشییەکانی وەک زەهایمەر، ئیفلیجی و لەرزۆکی کە لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن روودەدەن.
لەم دواییانەدا زاناکان بە دۆزینەوەیەکی ئێجگار گرنگ گەیشتن، ئەویش بوونی کەناڵ و رێڕەوە کە لە کەناڵە لیمفاوییەکان دەچێت، بەڵام ئەمانە بە مێشک و حەبلی شەوکییەوە پەیوەستن، ناوی سیستمی جیلیمفاوی لێنراوە، ئەرکیان رزگارکردنی مێشکە لەو پاشەڕۆیانە، ئەوەی سەیرە، لە کاتی خەوتندا لەو پەڕی چالاکیدا دەبێت، کە ئەرکی خەوتن تەنها لە نوێکردنەوەی چالاکی مرۆڤدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو مێشکیش پاک دەکاتەوە.
وەک تێبینی دەکرێت، ئەوانەی نەخۆشی زەهایمەریان هەیە، بە دەست پچڕپچڕی ماوە درێژی خەوەوە دەناڵێنن بەر لەوەی دووچاری خروف بوون بن، کەمی خەو، خەوی پچڕپچر، تەنانەت کەسە ساغەکان و کەم تەمەنەکانیش دووچاری نەخۆشی مێشک دەکەن، لەوانە کەمبوونی تەرکیز، لەدەستدانی کاتی زاکرە، هیلاکبوون، توڕەیی، هەلوەسە. کەم خەوتن دەشێ بەهۆی کەڵەکەبوونی پاشەڕۆکانی مێشکەوە مردنی لێبکەوێتەوە.
*گۆشەیەکی هەفتانەیە، زانیاری جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت.