دیموكراسییەت لەسەدەی پێنجی بەر لەزایین لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لەدایكبووەو لەوساوە بووەتە سیستمێكی سیاسیی حوكمڕانی. ئەم سیستمە وڵاتانی خۆرئاوا، ئەمریكاو ئەوروپا، دەمێكە لەخێرو بێرەكەی دەخۆن بەباش و خراپەكەشییەوە. لەخۆرهەڵاتێش لەیەك دوو وڵاتدا هەیەو لەهەندێكی دیكەشدا سەرەتایەتی و لەهەندێكیشیاندا هەر قەدەغەیە باسیش بكرێت. عیراق پاش نەمانی حوكمی پاشایەتی و بەرقەراربوونی حوكمی كۆماری تاك رووخاندنی رژێمی بەعس لە 2003دا، حوكمێكی دیكتاتۆریی تێدا بەرقەراربوو، بەتایبەتی لەساڵی 1968 ەوە.
لەپاش 2003 عیراق ئاهێكی بەبەردا هات و لەساڵی 2005 دا یەكەم هەڵبژاردنی دیموكراسییانەی تێدا بەڕێوەچوو، لەوساوە سێ هەڵبژاردنی دیكە كراوە. ئەوەی جێی سەرنجە، هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن ژمارەی حزب و رێكخراوو بزووتنەوەو هاوپەیمانییەكان زیاد دەبن، تا كار گەیشتۆتە ئەوەی لەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی بڕیارە لەساڵی ئایندەدا بكرێت، 292 حزب و قەوارەو بزووتنەوەو هاوپەیمانی و گروپ بەشداربن ئەمە بۆ وڵاتێك كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 30-35 ملیۆن كەسە. پێدەچێت دیموكراسییەكەی عیراق عەیار 24 بێت و خەڵكەكەی ئەوەندە سوودمەندبووبن لەدیموكراسی حەز بكەن هەموو بەشێوەیەك لەشێوەكان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. لەكاتێكدا لەعیراق 292 لیست لەهەڵبژاردندا بەشداریی دەكات، لەئەمریكا كە شەوو رۆژ دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی بەدونیا دەفرۆشێت و جۆرج فلۆییدی هاووڵاتی ئەمریكی بەبەرچاوی دنیاوە لەژێر ئەژنۆی پولیسی وڵاتەكەیدا دەخنكێ، بەڕەسمی دوو حزب بەشدارە، كۆماری و دیموكرات. لەبەریتانیای عوزمای جاران، ململانێی هەڵبژاردن لەنێوان دوو حزبی سەرەكی، پارێزگاران و كرێكاراندایە، ئەگەرچی چەند حزبێكی تریش بەشدارن. لەئەڵمانیای فیدرال ئەو حزبانەی سەرەكین و ململانێ دەكەن، ناگەنە 10 حزب، هەروەها بۆ فەرەنساو هۆڵەنداو ئیتالیاو وڵاتانی تری ئەوروپاش. لە چین كە تەنگی بە ئەمریكا هەڵچنیووەو خەریكە دەبێتە یەكەمی بێ ركابەر، دیموكراسی و هەڵبژاردن و فرە حزبیش نییە، تەنیا یەك حزب هەیە! ئەوە حاڵی بەشێكی بەرچاوی دنیایە لەدیموكراسی و هەڵبژاردنداو لەعیراقیش 292 حزب و قەوارەو هاوپەیمانی و بزووتنەوەو گروپ بەنیازن بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن. پێدەچێت لەعیراق خێرەكە لەسیاسەتكردندا بێت!