لەپاش رووخانی یەكێتی سۆڤییەت و نەمانی شەڕی سارد! خەڵكی جیهان، هەر هیچ نەبێ خۆش باوەڕەكانی وەك ئێمە، بڕوایان وابوو چیتر شەڕو شۆڕ یەخەی جیهان ناگرێ و ركابەرایەتی رۆژئاوا بەسەرۆكایەتی ئەمەریكاو رۆژهەڵات بەسەرۆكایەتی یەكێتی سۆڤییەت نابێتە هۆی تێكدانی وڵاتان، بەڵام ئەم بۆچوونە راست دەرنەچوو، بەپێچەوانەوە، شەڕو نائارامی بەردەوامبوو، بەڵكو زیاتریش بوو.
شەڕی ئیسرائیل و گروپە چەكدارە ئیسلامییە عەرەب و غەیرە ئیسلامییەكان بەردەوامبوو، رۆژئاوا شەڕی لەیۆگسلافیا هەڵگیرساندو ئەو وڵاتە بوو بەچەند پارچەیەك، یانزەی سێپتەمبەر قاعیدە لەناو ئەمریكا پەلاماری ئەمریكای داو ئەمەش دوو شەڕی گەورەی لێكەوتەوە، شەڕی ئەمریكا لەگەڵ قاعیدەو تالیبان لەئەفگانستان و شەڕی ئەمریكاو عیراق كە بەپرۆسەی ئازادی عیراق ناسراوە، پێشتریش شەڕی ئەرمینیاو ئازەربایجان لەسەر ناگۆرنو كاراباخ.
ساڵی ٢٠٠٦ شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لەباشووری لوبنان. ئەمجا ئەو فیلمە دەستی پێكرد كە ناونرا بەهاری عەرەبی و لەڕاستیشدا بەڕای بەندە گەورەترین نەهامەتییە كە بەسەر گەلی ئەو وڵاتانە هاتووە كە بەو بەهارەدا تێپەڕیون و ئەگەر بكرێ بڵیین، ئازارو مەینەتی حوكمی پێشووتر ئەهوەنتر بووە لەوەی ئێستا هەیە، ناهەق ناڵێیین، ئەوە تونس، ئەوە میسر، ئەوە لیبیا كە بۆتە دەپارچەو روسیاو ئەمریكاو سعودییەو توركیاو فەرەنساو ئیمارات و ئیتالیاو قەتەر دەستیان تێخستووە. ئەوە سوریا كە بەهۆی ئەو بەهارە جوانەوە دەیان هەزار كەس كوژراون و دوو هێندەش برینداربوون و چەند ملیۆنێكیش ئاوارەو دەربەدەر بوون و زیاتر لە٤٠٠ ملیار دۆلاریش زەرەر بەو وڵاتە كەوتووەو روسیاو ئەمریكاو فەرەنساو توركیاو سعودییەو ئیمارات و قەتەر دەستیان تێوەرداوەو دەیان هەزار تیرۆریستی هەمە رەگەز روویان تێكردووە.
هاوكات دروستبوونی سەیرو سەمەرەی داعش و هاتنی بۆ سوریاو عیراق و ئەو هەموو تاوانكارییەی كە كردی، هەروەها هەڵگیڕسانی شەڕی یەمەن كە شەش ساڵە بەردەوامەو ئەمریكاو سعودییەو ئیمارات و ئێران دەستیان تێ وەرداوە دەیان هەزار كەس كوژراوو برینداربوون و كاولكارییەكی فراوانیشی جێهێشتووە. ئێستاش شەڕی ئازەربایجان و ئەرمیینیا. ئەمە جگە لەشەڕی ئابووری نێوان ئەمریكاو چین و ئابڵوقەی ئەمریكا لەسەر روسیاو ڤەنزوێلاو ئێران. هەموو ئەو رووداوانە كە هەندێكیان تێپەڕیون و بەشێكیان بەردەوامن، ئەومان پێ دەڵێن كە دونیا بەرەو دواوە دەگەڕێتەوەو ئاشتی و سەقامگیری لەجیهاندا لەمەترسیدان.