حكومەتەكەی پاشا ئەوەندە نەبوو دامەزرا بوو، خەریك بوو ئارامی و سەقامگیری باڵی بەسەر وڵاتدا دەكێشا، خەڵك ئومێدێكی گەورەی لا دروست ببوو، حكومەت هەموو هەوڵێكی خستبووەگەڕ تاكو ژیانی خەڵك باشتر بكات و بەدوای گلەیی و گازندەكانی خەڵكدا بچێ. ئالەم سەروبەندەدا جەماعەتێك پەیدا دەبن كەوش لەحكومەتەكەی پاشا ئەكەنە پێ و داودەكەن هەڵوەشێتەوە لەبەرئەوەی بەدڵی خەڵك نییەو حوكمەكەی دكتاتۆرییە.
جەماعەت دەكەونە خۆو خەڵك لەخۆیان كۆدەكەنەوە بەناوی ئەوەی ناهەقییان بەرامبەر دەكرێت و مافیان دەخورێت و بژێوی ژیانیان كەوتووەتە مەترسییەوەو پاشاو حكومەتەكەی دەبێ بڕوخێن و بڕۆن. بارودۆخەكە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو لەكاتێكدا كە سەردەمەكە سەردەمێكی گرنگ بوو بەشایەتی هەموو لایەك خەڵك هەستی بەئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دەكرد. بەڵام جەماعەت كاریان گەیاندە ئەوەی خەڵك ببەنە سەر شەقام و كوچەو كۆڵانەكان و پەلاماری دامودەزگاكانی دەوڵەت بدەن و داوابكەن حكومەت و پاشا بڕوخێن و سەقامگیری و ئارامی تێكبدەن. ئەم حاڵەتە ماوەیەكی زۆر درێژەی كێشا، نەپاشا رووخاو نەحكومەت. زەمەن هات و زەمەن رۆیشت، جەماعەت گۆڕان، دروشمی بڕۆخێ پاشاو حكومەت گۆڕرا، بیریان لەوە كردەوە بەشداری حكومەت بن و ببنە دۆست و هاوبەشی پاشا، ئیتر چیتر باسی دیكتاتۆرییەت و ناعەدالەتی و ناهەقی نەما گۆڕا بۆ هاوكاری و دۆستایەتی و هاوبەشی پاشاو حكومەت. ئێستا جەماعەت و پاشاو حكومەت، بەس حەڵاڵیان لەیەك جیایە.