خەوتن یەک لە هەرە پێویستییەکانی مرۆڤ و تەنانەت ئاژەڵانیشە. مرۆڤ سێیەکی تەمەنی بە خەو بەسەر دەبات، بە جیاوازیی ژمارەی سەعاتەکانی خەو کە هەر کەسێک بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی پێویستی دەبێت، فەرمانگە تەندروستییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە مناڵ هەر لە رۆژی لە دایکبوونیەوە تا دەبێتە دوو ساڵ، رۆژانە پێویستی بە 14 تا 17 سەعات خەوە، دوای ئەو تەمەنە پێویستیان بە 12 بۆ 14 سەعاتە، ئەم ژمارەیە بەرە بەرە لەگەڵ هەڵچوونی تەمەندا کەم دەکات تا بە 8 بۆ 10 سەعات دەگات بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 17 ساڵدایە، پێگەیشتوانیش لە نێوان 7 بۆ 9 سەعات خەویان گەرەکە، کەسی خەوتوو لە خەوتنیدا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت، هەر قۆناغێک رۆڵی خۆی هەیە، لە قۆناغێکی یەکەم و دووەمدا خەوتن سوکە و لە قۆناغی سێیەم و چوارەمدا مرۆڤ دەچێتە خەوێکی قوڵەوە، ئەو دوو قۆناغەی دوایی زۆر گرنگن بۆ ئەوەی لەش چالاکی و زیندوێتی بۆ لەشی بگێڕێتەوە، کەمبوونی خەوتنیش مرۆڤ بە درێژای رۆژ هەست بە ماندوو بوون و هیلاکی قورسبوونی لەشی دەکات. دوای نزیکەی (90) دەقە قۆناغی ئەوەی پێی دەگوترێ بزووتنی خێرای چاو، خەون بینین لەم قۆناغەدا روو دەدات، ئەم قۆناغە گرنگە بۆ ئەوەی میشک چالاکییەکانی بگێڕێتەوە، تێپەڕین بەم قۆناغانەدا پێی دەگوترێ سووڕی تەواوی خەو، تێبینی ئەوە دەکرێت خەوی قوڵ بە شێوەیەکی فراوان لای بە تەمەنەکان کەم دەکات، خەوی سوک دەبێت و بە درێژایی شەو چەندین جار خەبەری دەبێتەوە، ئەمە یەک لەو هۆکارانەیە وا دەکات بەتەمەنەکان لە رۆژا خەویان بێت، کەمی سەعاتی خەوتن و پچڕپچڕی خەو، بەشێوەیەکی دیار لەش یان میشک یان هەر دووکیان پێکەوە دووچاری تێکچوون دەکات.
قورسبوونی خەوتن و تیکچوونی هەڵكشانی فشاری خۆێن و دڵی مرۆڤ دووچاری گرژی و کەئابە دەکات، لە هەمان کاتیشدا کەم خەوی کێشی مرۆڤ زیاد دەکات و سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکات و توانای تێگەیشتن و تەرکیزی کەم دەکات و رێژەی کەوتنەوەی رووداوی هەمەجۆر زیاد دەکات.
خەوی تەندروست پێویستی بە پابەندبوونە بە کاتی دیاریکراوی خەوتن و هەڵسان و دۆزینەوەی ژینگەیەکی لەباری خەوتن و خۆ دوورخستنەوە لە خواردنەوەی ئاگاکەرەوەکان، بەتایبەتیش ئێواران و شەوان، هەندێک سوکە وەرزیش پێش خەوتن بکرێت و هەرچی خەم و ناخۆشیی هەیە لە دەرەوەی ژووری خەوتنەکەت بەجێ بهێڵیت، ئیواران ژەمە خۆراکێکی سوک بخۆیت.
خەو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی فسیۆلۆجییە، بەڵام یەک لە بنچینە سەرەکییەکانی سەلامەتی و تەندروستی و زیندووێتیی مرۆڤە، بە هیچ جۆرێک لە گرنگیی خواردن و خواردنەوە و هەناسەدان کەمتر نییە.
*گۆشەیەکی هەفتانەیە، زانیاری جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت.