دیستۆیفسکی دەڵێ:» چی دەبوو ئەگەر ئەو عەنکەبوتەی لەژوورەکەی خۆتا کوشتت، بەدرێژایی ژیانی پێیوابوو کە لەو ژوورەتدا هاوڕێتە».
ئەم قسەیەی دیستویفسکیم بیر کەوتەوە، کاتێک ئەم دوو رووداوە ناخۆشەم خوێندنەوە کە جیهانی تووشی شۆک کرد. یەکەمیان، فیلێکی مێینەی سکپڕی برسی، لە دارستانەکە بەدوای خواردندا دەگەڕا، دوای ئەوەی هیچی دەستناکەوێت، روو لە جیهانی مرۆڤ دەکات بەو هیوایەکی دڵێکی بە رەحەم بدۆزێتەوە و هەندێک خۆراکی پێ بدەن، بەڵام لە بێ شانسی دەکەوێتە بەردەستی چەند کەسێکی دڕندە، کە پێیان وابوو چێژوەرگرتن و خۆشی یاریکردنە بە ژیانی ئاژەڵەکان، ئەوانە هەندێک تەقەمەنییان خستە نێو ئەناناسێکەوە و وەک خواردن بەو فیلەیاندا، هەر لەگەڵ خواردنیدا لەناو دەمی تەقییەوە و بووە سەرچاوەی برینێکی گەورە بۆی. لە تاو ئازارا بۆ ماوەیەکی زۆر بەناو ئەو دێیەی نزیک دارستانەکە بەو ئازارەوە دەهاتوو دەچوو، بەبێ ئەوەی کەسێک بەهانایەوە بچیت، دواتر بە ناچاری خۆی دەخاتە نێو رووباری نزیک گوندەکە بەڵکو تۆزێک لە ئازارەکەی کەم بێتەوە و ئەو مێش و مەگەزەی لە برینەکەی کۆبۆتەوە رزگاری بێت، بەڵام دوای چەند رۆژێکی کەم ئەو فیلە دەرئەنجامی ئەو مامەڵە دڕندەیەی بەناوی رابواردن و گاڵتەکردنەوە گیان لە دەست دەدات.
رووداوی دوومیان، قارەمانەکەی کچە هەشت ساڵێکی پاکستانییە بە ناوی زوهرە شا، بەهۆی هەژاری و نەداری و خراپی رەوشی ژیانیانەوە، باوکی ناچاری دەکات لەماڵێكی گەورەی دەوڵەمەندێک بەناوی حەسەن سدیقی و خێزانەکەی وەک خزمەتکار کار بکات، ئەو خێزانە بەڵێنیان بەباوکی دابوو کە لە بەرامبەر بەو خزمەتەی دەیکات خەرجی خوێندنەکەی بۆ دابین بکەن. ئەو کچە داماوە چاوەڕێی ئەو کۆتاییە کارەساتبارەی لەو خانووە گەورەیەدا بۆ خۆی نەدەکرد، رۆژێکیان لەکاتی پاککردنەوەی قەفەزی توتییە گرانبەهاکاندا، بیری دەچێت دەرگای قەفەزە دابخات، توتییەکان دەفڕن، پەرچەکرداری ئەو ژن و پیاوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی ئەو کچە بوو تا گیانی دەسپێرێت.
ئەو دوو رووداوە، دەیسەلمێنن، کە دڵی مرۆڤ هەندێک جار لەدڵی ئاژەڵە دڕندەکانی دارستانەکان دڕندەتر و توندترە، هەموو ئەو هۆکارانە کە پاڵنەری کەوتنەوەی ئەو رووداوانە و رووداوە هاوشێوەکانین، بە هیچ جۆرێک بەهانەی کوشتنی روحی کەسانی بێتاوان نین، کە تاکە هەڵەیان ئەوە بووە خۆیان تەسلیمی ئینسانیەتی مرۆڤ کردووە. لە زەمەنێکدا کە دەبوو مرۆڤ لە سایەی تەکنەلۆجیا و ئەو هەموو ئامێرانەی بۆ ئاسودەیی و بەختەوەری مرۆڤە فەراهەم کراوە، دەرفەتی سەرکەوتن و بەدیهێنانی خەونەکانی بۆ رەخسێندراوە، پێچەوانەی ئەوە رووبدات، توندوتیژی و دڕندەیی و نامرۆڤانەیی و بێ رەحمی گەشەی کردووە.
هەندێک جار بە ئەستەم جیاوازیی لە نێوان دڕندە و هەندێک مرۆڤ دەکرێت.