بەر لەماوەیەک پیاوێکی هندی بەناوی «براهلاد جانی» لەتەمەنی نەوەد ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیەک زۆرێکی توێژەرانی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بەوەی بۆ چەند ساڵێکی بەردەوام بەڕۆژوو دەبوو، هەر لەتەمەنی یازدە ساڵییەوە، دەستی بەڕۆژووگرتن کردووە، واتە نزیکەی 79 ساڵ بەبێ ئاوو زاد ژیاوە.
ئەو رەوشەی بووە جێی سەرنجی پزیشکەکان و چەندین پشکنینیان بۆ کرد، یەکەمیان لەساڵی 2003 بوو، کاتێک دکتۆر سودهێر لەنەخۆشخانەی ستیرلینگ، بۆ ماوەی دە رۆژ خستییە ژێر چاودێریی وردەوە، لەو ماوەیەدا بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێی کرد، تەنانەت پێویستی بەسەر ئاویش نەبوو، تێبینی کرا کە میز لەمیزڵدانیدا کۆدەبێتەوە.
لەساڵی 2010، لەلایەن پەیمانگای بەرگری و زانستی پزیشکی و رێکخراوی توێژینەوەو پەرەپێدانی بەرگرییەوە توێژینەوەیەکی تری لەسەر ئەنجامدرا، جارێکی تر بۆ ماوەی پازدە رۆژ لەهەموو شتێک دایان بڕی و بەڤیدیۆ چاودێری دەکرا، دوای ئەوە لەڕێی نوێترین ئامێرەوە هەموو ئەو پشکنینانەی هەبوو بۆی کرا، دەرکەوت کە تەندروستی و هەموو نیشانەکانی زۆر باشەو هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لەجەستەیا نییە. بەڵام ئایا ئەو ماوەیە بەسە بۆ ئەوەی بڕوای پێ بکرێت بەوەی بۆ ماوەی حەفتا ساڵ بەبێ ئاوو خۆراک ژیاوە؟
زانایان هۆکاری ئەو حاڵەتەی «جانی» بۆ ئاستی هۆرمۆنی لیپتین و گریلین لەجەستەیا گەڕاندەوە، ئەو دوو هۆرمۆنە بەشەهییەتی خواردنەوە پەیوەستە، توێژەرانی رێکخراوی (DRDO) گریمانەی ئەوەیان کرد، کە جانی شێوەیەکی زێدەڕۆیی لەخۆگونجاندن لەگەڵ برسێتی و تینویتیدا هەیە، پەرۆشی زانایان لەبایەخدانیان بەمجۆرە توێژینەوەیاندا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەمەیدانی جەنگ بۆ سەربازەکان و قوربانیانی کارەساتە سروشتییەکان سوودی لێ وەربگیرێت، کاتێک ناتوانرێ لەکاتی خۆیدا ئاوو خۆراکیان پێ بگات و پشت بەجەستەی خۆیان ببەستن بۆ خۆتێرکردن و ئاوخواردنیان.
ئەم دیاردەیە بە (هەناسەدار) ناسراوە، واتە مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ ئاوو خۆراک و تەنها بەهەوا بژی، ئەوەی تا ئێستا زانست خستویەتیەڕوو، مرۆڤ دەتوانێ بۆ چەند رۆژێک دەشێ بگاتە چەند هەفتەیەک، بەرگەی برسێتی بگرێت، بەڵام ناتوانێ بۆ چوار رۆژی بەردەوام بەبێ ئاو بژی. ئەم دیاردەیە لەنێو سۆفی و راهیبەکان بڵاوە، مێژوو چەند حاڵەتی لەوە جۆرەی بەخۆیەوە بینیوەو خاوەنەکانی باسیان لەتوانای رادەبەری خۆیان کردووە، وەک بودا کە دوا ساڵەکانی ژیانی، رۆژانە تەنها بە یەک دەنکە ترێ ژیاوە، تیریزا نیومانی قەشە وەک دەڵێن بۆ چەند ساڵێک بەبێ ئاوو خوراک ژیاوە. بەڵام درێژترین ماوە کە بۆ مرۆڤێک تۆمارکرابێت کە توانیویەتی بەبێ ئاوو خۆراک بژی، بۆ لۆرنس ماکوینە، کە دوای 70 رۆژ ناچار کرا خواردن بخوات.
جانی کۆچی کردو نهێنییەکەیشی لەخۆیدا بردە گۆڕەکەیەوە، ئایا ئەو کەسە تەڵەکەبازە یان دیاردەیەکی خارقەو تەحەدای زانستی مرۆیی و پەرەسەندنی زانستییە کە ئەم سەردەمە بەخۆیەوە دەیبینێت؟ ئایا بڕوا هێنان بەتوانای مرۆڤ بەوەی بۆ چەند ساڵێک بەبێ خۆراک و ئاو بژی ئەوە کارێکی ئەستەمە؟!