شوان كەریم كابان

كوردستان و كێشەی عەرەب ئیسرائیل!

  2020-09-12 20:59      268 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەوەی ئێستا ئەینوسم بەهەزاران كەسی تر نووسیویانەو گووتویانەو دەشیڵێنەوە، لەوانەشە زۆر كەسیش بڵێن ئەم قسانە نەبڕانەوە؟ من دەڵێم نەخێر پێویستە رۆژانە سەدان جار بیڵێینەوە، تاكو هەمیشە بیرمان بێ و بیرمان نەچێت و ئەوانەش كە ئاگایان لێی نییەو نایزانن، بیزانن، ئەویش ئەوەیە كە گەلی كورد سەدەیەك زیاترە خەبات دەكات و تێ دەكۆشێ لەپێناو مافە رەواكانیداو لەم پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە.

بەندە هێشتا نەچووبوومە مەكتەب كە باوكم لەسەر سیاسەت و كوردایەتی و حزبایەتی نەفی خوارووی عیراق كراو سەرەتاییم لەوێ تەواوكردو چوار خوشكیشم لەو غەریبییە لەدایكبوون و بەداخیشەوە دووانیان لەوێ كۆچی دواییان كردو نێژراشن.
ئەوسا كێشەی كورد كێشەی مووچەو بودجەو نەوت نەبوو! بەڵكو كێشەی نەتەوەیەكی چەوساوەی بێ چارەی زوڵملێكروای ماف خوراو بوو! پاش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بەپێی بەڵێنی بلفۆر لەساڵی ١٩٤٨ كێشەی نێوان عەرەب ئیسرائیل دەستی پێكرد، ئەگەر چی جیاوازی زۆرە لەنێوان ئەم كێشەیەو كێشەی جاران و ئێستای نێوان گەلی كوردستان و رژێمە رابوردووەكان و حكومەتی ئێستا بەحوكمی ئەوەی عەرەب چەندین دەوڵەتی تری هەیەو داوای دەوڵەتێكیش دەكا بۆ فەلەستینییەكان، كورد دەوڵەتی تری نییەو داوای دەوڵەتیشی نەكردووە كە یەكێكە لەهەڵە مێژوییەكانی، بەڵام هەم كورد هەم فەلەستینییەكان لەخەباتیاندا، پەنایان بۆ چەك بردووە. كورد داگیركردنی كوێت و رووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانان و عیراقی قۆستەوەو راپەڕینی بەرپاكردو بەهەموو كەموكوڕییەكانییەوە پەرلەمان وحكومەتی دروستكردو پاش رووخانی رژێمی بەعس و بنیاتنانی عیراقی ئێستا، دەستووری عیراق كە بەهیمەتی سەرۆك مام جەلال و كورد بەدەستوورێكی دیموكراتی و فیدرالی لەدایكبوو، هەرێمی بەیاسایی ناسی، فەلەستینیش پاش قورباییەنییەكی زۆری خەڵكەكەی و چەندین ساڵ شەڕ لەنێوان ئەوان و هەندێ دەوڵەتی عەرەب لەلایەك و ئیسرائیل لەلایەكی تر، پرۆسەی ئاشتی عەرەب ئیسرائیل هاتە كەیەوەو بەشێك لەدەوڵەتانی عەرەب و فەلەستینییەكان بەچارەسەری دوو دەوڵەتی رازی بوون، یانی دەوڵەتی ئیسرائیل كە خۆی هەیەو دروستكردنی دەوڵەتێكیش بۆ فەلەستینییەكان لەسەر پانتاییەك زەوی، بەمەرجێ بە قۆناغ بێ. ئێستا بۆ دوو ساڵ ئەچێ چەند پڕۆژەیەك بەسەرۆكایەتی ئەمریكا خراونەتە سەر مێزو لەهەمووشیان دیارترو بەناوبانگتر، سەودای سەدەیە، كە فەلەستینییەكان پێیان وایە فێڵێكی ئاشكرای ئیسرائیل و ئەمریكایە بۆ لەناو بردنی خەونی دەوڵەتی فەلەستین و لەناوبردنی ئەوەی كە هەیە، گرنگترین بەڵێنیش كە ئەمریكا پشتی پێ دەبەستێ، بەجێگەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنانەو بۆ وڵاتە عەرەبییەكانیش، ئەمریكا چەندین وڵاتی قایل كردووە بۆ ئیمزا كردنی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بەبەڵێنی وەبەرهێنان و خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنانی دەیان ملیار دۆلار، نموونەش، ئیمارات و بەحرەین و وڵاتی تریش بەڕێوەیە. بۆ كوردیش خەریكە حكومەتی عیراق لەگەڵ هەرێمدا هەمان پیلان بەكاردێنێ ، كاتێك هەرێم بەهۆی بێ بەرنامەیی و گەندەڵی و ناشەفافییەت رووبەڕووی قەیرانێكی قوڵی سیاسی و دارایی دەبێتەوە، عیراقێك كە غەرقی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێ ئاوی و بێ كارەبایی و گیرۆدەی دەستی میلیشیای چەكدارو كوشتن و رفاندن و دەست تێوەردانی چەندین دەوڵەت، دێت و خۆی وەك فریادڕەس پیشان دەدات و وادەكات كە مەسەلەی ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان و ماددەی ١٤٠ و مەسەلەی پێشمەرگەو  قەرەبووی شەهیدانی هەڵەبجەو ئەنفال لەبیر هەرێم و خەڵكی كوردستان بەرێتەوە لەبەرامبەر مووچەو بودجەو ئەوەش بەكوردستان و خەڵكەكەی بڵێ؛ ئێوە بەشێكن لەعیراق و لەژێر  دەسەڵاتی ئێمەدان و بودجەو مووچەشتان بەو مەرجە دەدەینێ كە بەخەیاڵیش بیر لەشتی تر نەكەنەوەو سەردانەكەی بەڕێز مستەفا كازمیش هەر لەم چوارچێوەیەشدا بوو هەر هیچ نەبێ بەعەقڵی خۆم و بەداخیشەوە لەسەردانەكەی بەڕێزیشیدا جارێكی تر پاش ١٧ ساڵ لەڕووخانی رژێمی بەعس گوێمان لەكوردێك بوو هاواری دەكرد سەید ئەلرەئیس. بەكورتییەكەی ئێستا ئەم بیرۆكەیە لای نەتەوە باڵادەستەكان پەیڕەو دەكرێ، پارەت بەمەرجێ ئەدەمێ، مافە رەواكانت لەبیركەیت، كە ئەمە لای تێكۆشەرانی كوردایەتی، سەرف نابێ!

وتاری زیاتر

عیراق وڵاتی ئینقیلاب!‬ شوان كەریم كابان
2022-08-30 20:54      118 جار بینراوە

شیمال ئەلعیراق‬ شوان كەریم كابان
2022-08-02 21:59      90 جار بینراوە


بەهیوای دیدار‬ شوان كەریم كابان
2022-06-05 10:14      65 جار بینراوە







راستییەکان ناشاردرێنەوە‬ شوان كەریم كابان
2022-03-12 13:45      127 جار بینراوە



رەوتی سەدر چی دەوێ؟‬ شوان كەریم كابان
2022-02-22 18:57      114 جار بینراوە

ئاسایش بۆ کێ؟‬ شوان كەریم كابان
2022-02-20 16:54      103 جار بینراوە

سلێمانی نزیکترە یان نەجەف؟‬ شوان كەریم كابان
2022-02-05 20:14      108 جار بینراوە

ئاواتەکەی شەھد‬ شوان كەریم كابان
2022-01-08 16:35      120 جار بینراوە


وەرزش وسیاسەت‬ شوان كەریم كابان
2021-12-21 15:14      160 جار بینراوە

میدیای سەدەی بیست و یەک‬ شوان كەریم كابان
2021-12-19 17:32      150 جار بینراوە



نامرن ئەوانە‬ شوان كەریم كابان
2021-11-21 23:07      118 جار بینراوە




هەڵبژاردن وگومانەكان!‬ شوان كەریم كابان
2021-10-21 22:09      105 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو