فەرید ئەسەسەرد

فایلەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەساڵی تازەدا

  2018-01-25 10:03      544 جار بینراوە        کۆمێنت
ساڵی 2017 دوو شكستی گەورەی بۆ كورد بەجێ هێشت. یەكێكیان شكستهێنانی ریفراندۆمە كە زۆر بە پەڕپوتی بەڕێوچووە، ئەوی دیكەیان لەدەستدانی ناوچە جێناكۆكەكانە كە پێشتر دەوترا "سنوور بەخوێن دیاری دەكرێت" ‌و "لێرە بەدواوە داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 ناكەین چونكە هەموویمان جێبەجێكردووە".
بەدڵنیاییەوە، ئەم دوو شكستە كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر رەوتی داڕشتنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەبێ‌، هەروەك دەشێ‌ كاریگەریشیان لەسەر رۆڵ ‌و پێگەی داهاتووی كورد لەپرۆسەی سیاسیی عیراقدا هەبێ‌.
ئەو ئەنجامەی كە كوردستان لەڕووداوەكانی ساڵی پار پێی دەرچووە ئەوەیە كە دەستەبژێری سیاسیی فەرمانڕەوای كورد، بەپێچەوانەی ئەوەی كە ریكلامی بۆ دەكرا، دەستەبژێرێكی بەئەزموون ‌و بە تواناو شارەزا نییە، خوێندنەوەی دروستی بۆ ئەگەرەكان نییە، بڕیارەكانی سەرپێین ‌و بەپلان ‌و ئەجندای وردو تاوتوێكراو كار ناكات. ئاكامەكەش ئەوەیە كە هەرێم پاش 27 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەو دەستەبژێرە، بە سێكوچكەی شكستی سیاسی- ئابووری- عەسكەری گەیشتووە.
ساڵی تازە بۆ زۆر بابەت ساڵێكی یەكلاكەرەوە دەبێت ‌و گومان هەیە دەستەبژێری سیاسیی شكستخواردوی ساڵانی رابردوو بتوانێ‌ رووبەڕووی ئاڵنگارە قورسەكانی پاش شكستی ریفراندۆم ‌و لەدەستدانی ناوچە جێناكۆكەكان ببێتەوە.
لەخولی داهاتووی پەرلەمانی عیراقدا ژمارەیەك فایلی گرنگ یەكلا دەكرێنەوە، لەسەرووی هەموویانەوە سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی پەیوەندیی سیاسی- ئابووریی نێوان هەولێرو بەغدا. پرۆسەیەك كە لەسایەی لاسەنگیی تەرازووی هێزدا بەڕێوە بچێ‌ بە دڵنیاییەوە بەقەد ئەوەی كە پێویستە لەبەرژەوەندیی هەرێمدا نابێ‌ ‌و لەم پرۆسەیەدا بەغدا داوای "وەرگرتنەوەی" دەسەڵاتە "زەوتكراوەكانی" لەكوردستان دەكاتەوە، هەروەك لەنیوەی دەسەڵاتە هاوبەشەكانیشی خۆش نابێ‌.
لەوەرگرتنەوەكەدا پشت بە ماددەی 110ی دەستوور دەبەستێ‌ ‌و لەدەسەڵاتە هاوبەشەكانیش هانا بۆ ماددەی 114 دەبا. لەهەردووكیشیاندا داواكانی دەستوورین، بەڵام رەنگە بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەكە پێویستی بەدەركردنی یاساو دیاریكردنی میكانیزمی گونجاو بێت. ئەگەرێكی زۆر هەیە كە بەغداش لەو بڕوایەدا بێت كەنابێ‌ چیتر ماددەی 140 بەهەڵپەسێردراویی بمێنێتەوە، بەتایبەتی لەبەر دوو هۆ. یەكێكیان ئەوەیە كە بەغدا لەپێگەیەكی بەهێزەوە قسە دەكاو تەنانەت لەهەندێ‌ رووەوە باز بەسەر حكومەتی هەرێمدا دەدات، بەتایبەتی لەمەسەلەی دابینكردنی مووچەی هەموو یان بەشێكی كارمەندانی هەرێم، لەكاتێكدا كە ئەم ئەركە بەپێی دەستوور‌و یاساكان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە نەك حكومەتی فیدراڵ، وەك ئەوەی كە 12 ساڵە حكومەتی هەرێم پیادەی كردووە.
هۆی دووەم ئەوەیە كە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، ئەگەر بەغدا خۆیشی داوای یەكلاكردنەوەی كێشەی سنووری مێژوویی نێوان كوردو عەرەب نەكات، كورد خۆی هەر داوای دەكات. دەبێ‌ ئەوەش لەبەرچاو بێ‌ كە بەغدای ساڵی پار، لەكاتی گەرم ‌و گوڕیی بانگەشەی ریفراندۆم، ئامادە بوو ساڵی داهاتوو كێشەی سنووریی مێژوویی نێوان كوردو عەرەب بە یەكجارەكی كۆتایی پێ‌ بهێنێ‌، بەو مەرجەی كە كورد واز لەئەنجامدانی ریفراندۆم بهێنێ‌.
لاوازیی دەستەبژێری فەرمانڕەوای كوردستان پاش شكستهێنانی ریفراندۆم، دەستكەوتەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 كەمدەكاتەوە، بەڵام زیانەكانی مانەوەی ماددەكە بەهەڵپەسێردراوی زۆرترن. بۆیە، بۆ كورد دەرچوون لە مەسەلەكە بەقازانجێكی كەمتر، چاكترە لە دەرنەچوون لێی بەهیچ قازانجێك، هەروەك ئەمە لە بەردەوامبوونی ململانێكە بۆ چەند ساڵێكی دیكە چاكترە.
فایلی سێیەم كە لەسەرەتای خولە تازەكەدا دێتە پێش، ئەندازەی بەشداریكردنی كوردە لەدەسەڵاتە فیدرالییەكاندا، كە ئەگەرێكی زۆر هەیە ئەویش، پاش شكستی ریفراندۆم، دابەزین بەخۆیەوە ببینێ‌. رەنگە لەخولی ئایندەدا سوننەكان پڕۆژە كۆنەكەیان زیندوو بكەنەوە كە پڕۆژەی داواكردنی پۆستی سەرۆكی كۆمارە.
لەخولی دووەمی سەرۆكایەتیی تاڵەبانیدا ئەمریكاو توركیاش پشتگیریان لەداوای سوننەكان كرد، بەڵام یەكڕیزیی ئەو كاتەی كورد هەوڵەكەی پووچەڵكردەوەو پۆستەكەی بۆ كورد هێشتەوە. ئێستا گومان هەیە لەسایەی پەرتەوازەیی بەرەی ناوخۆییدا، كورد بتوانێ‌ ئەم پۆستە بۆ خۆی بهێڵێتەوە. بۆیە ئەگەر ئەم پۆستە لەدەست كورد دەرچێ‌. گەورەترین پۆست لەسیستمی سیاسیدا كە بەری دەكەوێ‌، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە.
ئەمە هەمووی بەسەر یەكەوە تەنها یەك مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە كەكورد لەسۆنگەی سەركێشییەكی ژێركەوتووەوە، بەشێكی زۆری دەستكەوتە بەدەستهێنراوەكانی لەدەستدەداو هەرگیز ئەو پێگەیە بەدەست ناهێنێتەوە كە لەسەردەمی سەرۆكایەتیی تاڵەبانیدا لەبەغدا هەیبوو.

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      224 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      437 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      464 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      422 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      355 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو