فەرید ئەسەسەرد

یاری لەگەڵ زلهێزەكان

  2019-03-29 13:13      350 جار بینراوە        کۆمێنت

هەر چەند سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر بەمتمانەوە هەڵسوكەوت دەكات، بەڵام ئەو یارییەی كە لەگەڵ روسیاو ئەمریكا دەیكا یارییەكی مەترسیدارەو زۆر ئەستەمە بەئاسانی پێشبینی سەرەنجامەكەی بكرێ‌. یارییەكە گەیشتۆتە رادەیەك كە یاریكەرەكە هەر دەبێ‌ لەسەری بەردەوام بێ‌ و پەراوێزێكی فراوانی بۆ پاشگەزبوونەوە نییە.
ململانێی نێوان ئەمریكاو روسیا گوێزراوەتەوە ناو خاكی توركیاو بەشێوەی ململانێ‌ لەنێوان موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی و موشەكی ئێس 400 ی روسی رەنگی داوەتەوە. هەردوولا لەپێشبڕكێدان بۆ فرۆشتنی موشەك بەتوركیا. بەڵام مەسەلەكە مەسەلەی بازاڕ نییەو هەروەها مەسەلەی ئەوە نییە كە كام موشەك لەوی تر باشترە. مەسەلەكە ئەوەیە كە هەڵبژاردنی هەر كام لەم دوو موشەكە، دەشێ‌ ببێ‌ بەوەرچەرخانێكی گەورە لەمێژووی توركیاو كاریگەریی قوڵ لەسەر رێچكەی ستراتیجی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەجێ‌ بهێڵێ‌.
توركیا دەوڵەتێكی ئاسایی نییە. كاتێك دەوڵەتێكی ئەندامی پەیمانی ناتۆ بڕیار دەدا چەك لەنەیاری پەیمانەكە بكڕێ‌، ئەمە بەم واتایە دێت كە ئەو دەوڵەتە بەپێی رێساكانی یاریی هاوپەیمانێتی كار ناكا.
ناتۆ زۆر لەم هەڵسوكەوتەی توركیا نیگەرانە. رۆژنامەی تایمز لەسەروتاری هەفتەی رابردوو بەمجۆرە گوزارشتی لەو نیگەرانییە كردووەو وتویەتی توركیا بەكڕینی موشەك لەڕوسیا، هەڕەشە لەئاسایشی هاوپەیمانەكانی دەكا لە ناتۆ.
نیاز وایە لەحوزەیرانی داهاتوودا توركیا دەست بەوەرگرتنی موشەك بكا لەڕوسیا. تا ئێستا ئەردۆغان وا دەردەكەوێ‌ كە نیازی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نییە. نەك هەر ئەمە، بەڵكو بەمتمانەیەكی زۆرەوە قسەیەكی واشی فڕێداوە كە روسیا كۆپییەكی لەئێس 400 پێشكەوتووتری هەیە كە بە ئێس 500 ناسراوە. ئەمەش بەم مانایە دێت كە ئەگەر توركیا ئێس 400 بكڕێ‌، رەنگە دواتر ئێس 500 یش بكڕێ‌. پەیامەكە زۆر روون بوو. بەڵام كێشە گەورەكەی توركیا لەوەدایە كە مەسەلەكەی گەیاندۆتە ئاستێك كە پەشیمانبوونەوە لێی بۆتە كارێكی ئەستەم.
ئەگەر توركیا سوور بێ‌ لەسەر كڕینی ئێس 400، ئەمریكا دەستەوەستان ناوەستێ‌. تەنانەت رەنگە مەسەلەكە بگاتە رادەی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی توركیا لەناتۆ یاخود دەركردنی. لەهەردوو ئەگەردا رۆژئاوا توركیا لەدەستدەداو روسیا توركیا دەگرێتە باوەش، جگە لەوەی كە ناتۆ بنكەی ئینچەرلیك لەدەستدەدا. دوور نییە یەكێتیی ئەوروپا، توركیا لەلیستی كاندیدەكانی ئەندامێتی دەركاو رایەڵە ئابوورییەكانی لەگەڵ بپچڕێنێ‌. دەشێ‌ ئەم هەنگاوانە كاریگەریی خراپ لەسەر ئابووریی توركیاو لیرەی توركی بەجێ‌ بهێڵن. هەروەها دەشێ‌ ئەمریكا بگەڕێتەوە سەر بەكارهێنانی كارتی كوردی سوریاو توركیای پێ‌ بترسێنێ‌.
ئەگەر توركیا لەكۆتاییدا لەكڕینی موشەكە روسییەكان پاشگەز بێتەوە، بەدڵنیاییەوە روسیا دەستەوەستان ناوەستێ‌ و هەموو كارتەكانی بەكار دێنێ‌. لانی كەم دەتوانێ‌ وەرزی گەشتیاری لەتوركیا وێران بكاو گەورەترین كێشە بۆ لیرەی توركی دروست بكا، هەروەك دەشتوانێ‌ كۆتایی بەهەموو مامەڵە ئابوورییە ستراتیجییەكانی لەگەڵ توركیا بێنێ‌، جگەلەوەی كە لەئەمریكا باشتر دەتوانێ‌ كارتی كورد بەقازانجی خۆی بەكار بێنێ‌، سەرباری ئەوەی كە دەتوانێ‌ بەپشتگیریكردنی سوپای ئەسەد، هەموو ناوچەی ئیدلب لەگروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆن پاكبكاتەوە كە ئەمەش بەواتای كۆتاییهاتنی لێك تێگەیشتنەكانی ئەستانە دێت. وەك دەردەكەوێ‌، توركیا لەهەردوو دۆخدا زیانی بەر دەكەوێ‌. تاكە بژاردەی بەردەم توركیا لەو هەلومەرجەدا، ئەوەیە كە ئەو بژاردەیە هەڵبژێرێ‌ كە كەمتر زیانی پێ‌ دەگەیەنێ‌. رەنگە وازهێنان لەكڕینی موشەكی ئێس 400 كەمتر زیان بەتوركیا بگەیەنێ‌. لەڕاستیدا نازانرێ‌ سەركردایەتیی توركیا چ بژاردەیەك هەڵدەبژێرێ‌، هەر وەك روونیش نییە چۆن بیر دەكاتەوە. لەهەردوو ئەگەردا وەرگرتنی هەر هەڵوێستێك سەركێشییەكی گەورەیەو ئاكامەكانی مەترسیدارن.
بەپێی شیكردنەوەی سەروتارەكەی تایمز، رەنگە سەركردایەتیی توركیا ئومێد لەسەر ئەوە هەڵچنێ‌ كە لەگەڵ روسیا یان لەگەڵ ئەمریكا بگا بەسەودایەك لەسەر كوردی سوریا. كامیان سەوداكەی لەگەڵدا بكا، واز لەلایەنەكەی تر دێنێ‌. بەڵام تەنانەت لەم سیناریۆیەش، توركیا بەسەلامەتی لێی دەرناچێ‌.
رەنگە توركیا بتوانێ‌ ئەجینداكەی لەدژی كوردی سوریا جێبەجێ‌ بكا، بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێ‌ كە توركیا لەسەوداكەدا دەبێ‌ خۆی لەنێوان روسیاو ئەمریكا یەكلابكاتەوەو خۆی لەسەنگەری یەكێكیاندا بدۆزێتەوە. ئەمەش وا لەلایەنەكەی تر دەكا، دەست بەجێبەجێكردنی هەڕەشەكانی بكاو زیان بەتوركیا بگەیەنێ‌.
یاری لەگەڵ زلهێزەكان یارییەكی مەترسیدارە. هیچ كام لەزلهێزەكان دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی نابێ‌ و لەكۆتاییشدا یاریكەرە بچووكەكان باجەكەی دەدەن.

وتاری زیاتر








یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      224 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      437 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      465 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      422 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      355 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو