مولابەساتی رووداوی رفاندنی پارەكەی نەخۆشخانەی شار هەرچییەك بێت و هەر چۆنێك بێت، دەبێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و زیمامدارانی ئومور لەئیدارەی شارەكە بیكەنە وێستگەیەك بۆ پێداچوونەوەو هەڵوەستە كردن، بیكەنە دەرفەت و شۆكێك بۆ راگرتنی ئەو نەزیف و رۆچوونەی دەخوازێت حوكمڕانی یەكێتییانەو مۆدێلی ئیدارەی سلێمانییانە بخاتە ژێر پرسیارەوە.
پێش هەموو شتێك دەبێ یەكێتی و ئیدارەكەی لێرە خۆی بڵێ؛ ئیتر بەسە، لەپاڵ دەستگیركردن و سزادانی دزو تاوانبارانی رووداوەكەدا، بۆ هەمووانی نیشان بدات یاساو تەگبیری سیاسی، كەفالەتی راگرتنی ئەمجۆرە كارانە دەكات، خۆی و هاوپەیمانەكانی لەئیدارەی سلێمانی بەو نەفەسە رێوشوێن دابنێن كە مۆدێلی سلێمانی وەكو دیموكراسی و فرەیی و رەنگاوڕەنگی دەڤەری سەوزەڵانی دەناسێنێ، رێگەش نادات كەس وا وێنای ئەم فرەییە بكات كە یەكسانە بەشپرزەیی و رێگەدان بەئاڵۆزی نانەوە، یەكێتی لەسەرێتی خۆی نموونەی سەرمەشقی چارەسەری ئەم نەزیفە بێت و لەشوێنێك رایبگرێت. وەكو خۆی سەرمەشق بوو لەڕەنج و خەباتی نیشتمانی و دیموكراسیدا، لەكەس و هیچ لایەنێكیش قبوڵ نەكات سلێمانی لەكەدار بكەن.
دەبێ خەمخۆرانی یەكێتی بێژن سەرەڕای هەموو شتێك سەرەنجام هەر مۆدێلەكەی ئێمە سەركەوتوو دەبێت.
یاسا سەروەریی و تەگبیری ئیداری و ئەمنی و خۆگورجكردنەوە، دیوی دووەمی دیموكراسییە كە دەبێ پیشانی ئەوانە بدرێت كە بەهەڵە لەمەسەلەكە گەیشتوون.
دیموكراسیی كۆمەڵایەتی واتای هەست كردن بەئەمن و ئەمانی كۆمەڵانی خەڵكە. بۆ دیوی دەستەبژێرە سیاسییەكەشی واتای دیموكراسی بەرپرسیارانە.