لەسێبەردا ژیان بەسەر دەبەن، کارەکانیان بەناوی مێرد یان هاوڕێکانیانەوە دەبردرێن و ئەوانیش لەبیردەکرێن، چەندین ژن لەپشت مێرد یان برا یان بەناوی خوازراوەوە لەدەستچوون بەبێ ئەوەی زۆرێک لەسەر کەسایەتییە داهێنەرەکانیان بزانرێت، ئەویش بەهۆی ئەو سیستمە باوکسالارییە لەسەدەی هەژدەو نۆزدەی زاینی لەهەموو جیهان باو بوو، یەک لە ژنانە، هاوژینی ناودارترین زانای سەر گۆی زەوی بوو، کە خاوەن ئەو رووە دروەشاوە کە لە بیری نەوەکاندا دەمێنێتەوە، ئەویش ئەلبێرت ئاینیشتاینە، بەڵام کێ لەئێمە میلیڤا ماریتچ دەناسێت؟
ئەم ژنە زۆر جوان نەبوو، بەڵام خوێندکارێکی ناوازەو زۆر زیرەک بوو بەتایبەتی لەبیرکاری، میلیڤا لەکانوونی یەکەمی ١٨٧٥ لەشارۆچکەی «تیتیل» کە ئێستا بەشێکە لەسڕبیا، لەخێزانیکی بەهێزو کاریگەرو خاوەن هەژموون لەدایکبووە.
هەر لەمنداڵییەوە باوکی هەستی بەزیرەکی ئەم کچەی کردووە کە حەزێکی ئێجگار زۆری بۆ خوێندن هەبووە، لەبەر ئەوە باوکیشی پەرۆشی خوێندنی کچەکەی بووە، دوای هەوڵێكی زۆری باوکی، مۆڵەتی تایبەتی لەوەزیری پەروەردەی سڕبیا بۆ کچەکەی وەرگرتووە تاوەکو وەک خوێندکارێکی ئامادەیی کوڕان بەردەوامی بەخوێندن بدات، ئەوکات بەیاسا رێگە بەکچان نە دەدرا تاوەکو لەئامادەیی بخوێنن.
دوای تێپەڕاندنی ئیمتحانی بیرکاری بە باڵا، لەساڵی ١٨٩٦ میلیڤا چووە زانکۆی زیورخ، ئەوکات لەکۆی شەش خوێندکار تاکە ژن بوو کە لەبەشی بیرکاری، پێنجەم ژنیش بوو لەو بەشەی کە ژنی وەرنەدەگرت بۆ تەواوکردنی خوێندن. لەم بەشە یەکەم دیداری نێوان میلیڤاو ئاینشتاین روویدا، بوونە دوو هاوڕێی زۆر نزیکی یەکتر، ئەمە سەرەتای دەستپێکیان بوو.
میلیڤا لەبواری بیرکاری و فیزیای پراکتیکی بەدیار کەوت، تەنانەت لەبیرکارییدا پێش ئاینشتاین کەوت. لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی خۆشەویستیی لەنێوانیاندا دروستبوو، لەساڵی ١٩٠١ یەکەم مناڵیان کچێک بوو بەناوی «لیسریل» بوو، بەڵام کەس هیچ شتێک لەسەر چارەنووسی ئەو کچە نازانێت، دەگوترێ داویانە بەکەسێک بۆیان بەخێو بکات.
دوای زەواجیان، ئاواتەکانی بەرە بەرە نەما، هەرچەندە چەندین توێژینەوەی لەبواری فیزیاو بیرکاری و فەلەکناسی پێشکەشکرد، هەروەها هاوبەشی توێژینەوەکانی ئاینشتاین بووە، خزم و هاوڕێکانیان ئەم شایەتییەی بۆ دەدەن، تەنانەت ئاینشتاین خۆیشی دان بەرۆڵ و هاوبەشیکردنی میلیڤا دەنێت بەتایبەتی لەو بەشەی کە بە بیرکارییەوە پەیوەستە. لەئەیلولی ١٩٠٠، ئاینشتاین بۆ میلیڤا دەنووسێت، «بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەنجامی کارە هاوبەشەکەمانم، پێویستە لەتوێژینەوەکانت بەردەوام بیت».
لەئازاری ١٩٠١، ئاینشتاین نامەیەکی بۆ دەنووسێت، کە تێیدا هاتووە، « چەند شادمان و شانازی دەکەم کاتێک پێکەوە وا لەو کارەمان لەمەڕ بزوتنی رێژەیی دەگەینە سەرکەوتنێکی مسۆگەر». بەڵام لەکۆتاییدا توێژینەوەکە تەنها بەناوی ئاینشتاینەوە بڵاوبووەوە.
زۆر کەس لەو بڕوایەدا بوون، دەستبەردابوونی ئاینشتاین لەپارەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ میلیڤا – ئەوکات لێک جیاببوونەوە – دان پێدانێکی نادیاری بوو بەو رۆڵە گەورەیەی کە میلیڤا لەو دەستکەوتە زانستیانەی ئاینشتاین گێڕا بووی.