ئیمارت وڵاتێكی عەرەبییە، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەب لەسەر كەنداو، سنووری دەریایی لەگەڵ قەتەرو وشكانی لەگەڵ سعودییە هەیە، هەروەها لەباشووری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ سوڵتان نشینی عومان. ئیمارات بەر لەدروستبوونی بەشێك بووە لەسولتان نشینی عومان و بەكەنارەكانی عومان ناسرابوو. ساڵی ١٩٧١ دامەزراوە. حەوتەمین وڵاتە لەیەدەگی نەوتدا، خاوەنی ئابورییەكی پێشكەوتووە. ژمارەی دانیشتووانی نۆ ملیۆن و نیوە، لەسەدا دوانزەی ئیماراتین، لەسەدا هەشتاو هەشتی بێیانین، لەم رێژەیە لەسەدا پەنجا زیاتری ئاسیایین. ئیمارات بەشێوەیەكی بنەڕەتی لەلایەن هەردو بنەماڵەی ئال نهیان و ئال مەكتومەوە حوكم دەكرێت گەر چی بنەماڵەی ناوداری تریشی تیدایە. ساڵی ١٩٦٨، سێ ساڵ پێش دامەزراندنی، شێخ زاید كوڕی سوڵتان ئال نهەیان و راشد كوری سەعید ئال مەكتوم بیرۆكەی یەكێتیەكەی ئیماراتیان داڕشت و هەردووكیان كەسێكیان راسپارد دەستووری وڵات بنووسێت و لەكۆتایی ١٩٧١دا پەسەند كرا. شێخ زاید بووە حاكمی ئەبو زەبی و شێخ راشدیش بوە حاكمی دوبەی. ساڵی ١٩٧٣ ئیمارات بەهێزێكی سەربازی بچووك لەجەنگی عەرەب ئیسرائیلدا بەشداربوو هەروەها نەوتی لەو وڵاتانە بڕی كە هاوكاری ئیسرائیل بوون. ساڵی ١٩٧٥ بەشداربوو لەو هێزەی نێردرا بۆ لوبنان لەكاتی هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە. ساڵی ١٩٩١ یەكێك بوو لەو وڵاتانەی بەشداربوو لەهێزی هاوپەیماناندا بەرامبەر عیراق كاتێك كوێتی داگیركرد. بەهۆی بەهێزی ئابورییەكەیەوە رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێ لەنێو وڵاتانی عەرەبداو تەماعی سیاسی وجوگرافی و ئابووریشی زۆرە، بەجۆرێك لەجۆرەكان لەهەموو ئەو وڵاتانەی لەناوچەكەدا نا سەقامگیری و نائارامیی تیادایە، ئیماراتی بەشێوەیەك لەشێوەكان لێیە، لیبیا، سوریا، یەمەن، عیراق، لوبنان، تەنانەت هەفتەی رابوردوو چەند فڕۆكەیەكی جەنگیی ناردۆتە سنووری دەریایی قوبرس بۆ ركابەریی توركیاو لەكێشەی وڵاتی قەتەریشدا رۆڵێكی گەورە دەگێڕێ. ئیمارات لە سیانزەی ئابی ئەمساڵدا ٢٠٢٠ و بەچاودێری ئەمریكا رێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا كرد، راستە ئیمارات ئەو هێزە نییە ئیسرائیل مەترسیی لێی هەبێ، بەڵام بۆ پرۆسەی ئاشتی عەرەب ئیسرائیل گرنگە وڵاتێكی كەنداو كە بەرامبەر ئێرانیشە پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل دا هەبێ، بەتایبەت پەیوەندی ئەمنی و هەواڵگری و ئەمە جگەلەوەی لەڕووی ئابووریشەوە گرنگە. هەروەها هەر وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا، ئیمارات بەشێوەیەك لەشێوەكان شوێن پێی هەیە لە لیبیا، سوریا، لوبنان، عیراق، یەمەن، بەتایبەت لە یەمەن كە لەباشووری ئەو وڵاتە هێزەكانی ئیمارات جێگیرن و هەروەها لەدوورگەی سۆقەتری بنكەی سەربازی گەورەی هەیەو رۆڵی گەورەشی هەیە لەو بزوتنەوەیەی لەباشووری یەمەن هەیە بۆ جیابوونەوەی باشوور. دوورگەی سوقەتری دەكەوێتە كەنداوی عەدەن، ئەو دورگەیە شوێنێكی گرنگی ستراتیژی هەیە لەسەر رێی بازرگانی و رێڕەوی دەریایی لەنێو ئوقیانوسداو نزیكیشە لەتەنگەی باب ئەلمەندەب كە گەرووی دەریای سوورەو هەروەها شوێنێكی گەشتیاریشە. رێكەوتنی ئیسرائیل - ئیمارات، بۆ هەردوولا سوودی زۆری دەبێ، بۆ ئیمارات دەتوانێ بەپشتگیری هەواڵگری و سەربازی ئیسرائیل، رۆڵی گەورترو كاراترو كاریگەرتر بگێڕێ لەو شوێنانەی لێیەتی بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، بۆ ئیسرائیلیش جگەلەوەی وڵاتێكی تری عەرەبیی ناچار بەئاشتی كرد، لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە سوودمەند دەبێ، هەم ئیسرائیل دەتوانێ ئیمارات بكاتە نوێنەری خۆی لەسەر زەوی ئەو وڵاتانەی شوێن پێی ئیماراتی تێدایە، ئەمە جگەلەوەی ئیسرائیل دەتوانێ بۆ دژایەتی ئێران سوود لەئیمارات وەربگرێ!