راستییه‌كی تاڵ بوو بۆ واشنتۆن، ئه‌و كاته‌ی سیاسییه شارهزاكانیانو ره‌وتی محافزكاره تازه‌كان دانیان پێدا ناو له‌خۆیان پرسی، موسوڵمانه‌كان به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب بۆچی رقیان له هه‌موو شتێكی ئه‌مریكا ده‌بێته‌وه. بۆچی رقیان لێمانه؟ یان بۆچی رق‌و كینه‌یان ده‌گاته ئه‌و راده‌یه‌ی دوو تاوه‌ره بازرگانییه‌كه‌ی سومبولی سهرمایهداریو گۆنگرێسو كۆشكی سپی سومبولی به‌ها دیموكراسییه‌كانی خۆرئاوا‌و پنتاگۆن هێزی ئیمپراتۆریای ئه‌مریكا له‌و جه‌نگی دژی رێكخراوه ئایدیۆلۆژییهكانو توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك ئه‌لقاعیده.
پاشان كه‌سێك په‌یدا بوو وتی، دۆزیمه‌وه! ئه‌وان رقیان لێتانه له‌به‌رئه‌وه‌ی به به‌رنامه‌و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، پڕكردنی خه‌ڵكی له رق‌و كینه له ئارادایه به‌رامبه‌ر به‌وی دی خۆرئاوایی، ئه‌وی دی مهسیحیو ئه‌وی دی ئه‌مریكایی، ئه‌م رقه، موسوڵمان‌و عهرهبو خۆرهه‌ڵاتی له‌گه‌لێدا له‌دایك دهبێتو پاشان له‌گه‌ڵ كه‌لتووری رق‌و كینه‌و به‌های دژه ئه‌و گه‌وره ده‌بێت، دواتریش كارا‌و چالاك ده‌بێت، له هه‌ر وێستگه‌یه‌كدا كه ململانێی سیاسی سه‌باره‌ت به‌چاره‌نووسی گه‌لانی تێدا بێت، له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك ململانێی عهرهبو ئیسرائیل.
هه‌ركه‌سێك ئه‌مه‌ی وتبێت، شیكارو چاودێر‌و سه‌نته‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه وایان بۆ بوش-ی كوڕ رازانده‌وه، كه مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی سه‌ر ئه‌مریكا ده‌بێ له دوو ته‌وه‌ره‌وه به‌رپه‌رچ بدرێته‌وه، یه‌كێكیان تێكشكاندنی ئه‌وانه‌ی نوغرۆ بوون هه‌وڵی چاكردنیان بێسووده وه‌ك حكومه‌تی تاڵیبان‌و ئه‌لقاعیده‌ی هاوپه‌مانی، كه راسته‌وخۆ تۆمه‌تبارن به رووداوه‌كانی 11ی ئه‌یلولی 2001و حكومه‌تی به‌عسی سه‌دامی كه پێویستی به به‌ڵگه نییه بۆ تاوانبار كردنی‌و خۆی بابه‌تێكی له‌بارو ئاماده‌یه بۆ هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ ته‌مێی بكات. دووه‌میان فشاری ژێربهژێرو ئاشكرایه بۆسه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی به حكومه‌ته ناجێگیرهكانیان، كه بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی فراوانیان نییه‌و بوونه‌ته خاڵی چاوتبڕینی تیرۆریستان وه‌ك تاكو رێكخراویش، بۆ ئه‌وه‌ی میتۆدی په‌روه‌رده‌و خوێندنی ئه‌م وڵاتانه بگۆڕێت‌و زه‌مینه‌ی له‌باری دهروونیو كه‌لتووری بڕه‌خسێنێت تا بتوانێ پهیوهندیو هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌بێت، ئه‌و ئه‌مریكایه‌ی په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه نه‌ك گه‌لانیان.
بیرۆكه‌ی گۆڕانكاریی له ته‌وه‌ری دووه‌مدا، له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه كه گۆڕانكاریی له سیستمه پایهدارهكاندا بكرێت، به‌ڵام گۆڕانكاری له ته‌وه‌ری رووخاندنی سیستمه‌كان له ده‌ره‌وه‌و چاندنی دیموكراسی له زه‌مینه‌یه‌كی پڕ له سته‌می خۆرهه‌ڵاتیانه‌ی تێكه‌ڵ به ته‌كنیكی دیكتاتۆرییه هاوچه‌رخه‌كان ده‌نگدانه‌وه‌ی زیاتر بوو. چونكه رووخاندنی رژێمه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تریش چاوی لێ بكهنو ده‌بێته په‌یامێكی هۆشداریش بۆ رژێمه‌كانی تر، ئه‌مه‌یان ئاسانتره له‌وه‌ی گۆڕینی سیستمێكی پایه‌داری ره‌گداكوتاو كه خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی بیرۆكراتییه له په‌روه‌رده‌و فێركردنداو له‌سه‌ر رۆتین‌و ته‌قلید بنیات نراوه. ئا له‌م كاته‌دابوو كه عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح-ی سه‌رۆكی كۆچكردووی یه‌مه‌ن له كۆمێنتێكدا چاره‌سه‌ری سه‌ربازی به ئاسانتر زانی له چاره‌سه‌ر به شێوازی ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، به تایبه‌تی له نموونه‌یه‌كی وه‌ك به‌عسی به‌غدا، پێویسته سه‌رمان بتاشین، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆمان بتاشێ. به‌ڵام ساڵح كه له ماوه‌ی دوور‌و درێژی ده‌سه‌ڵاتیدا چه‌ندان مۆدێلی قژبڕینی گۆڕی، له مۆدیلی قژی بژی یه‌مه‌نییه‌وه له كۆتایی حه‌فتاكاندا، بۆ مۆدیلی سه‌دامیی به‌عسی وه‌ك گوزارشتێك له هاوپه‌یمانییه چوارقۆڵییه‌كه‌ی كۆتایی هه‌شتاكان، ئه‌م قسه‌یه‌ی بۆ خۆی نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئه‌وانی تر بوو، ئه‌وه‌بوو قۆناغی یه‌كه‌می شه‌مه‌ندۆفێری گۆڕانكارییه‌كاندا ئه‌یلۆلی 2001 به سه‌لامه‌تی بۆی ده‌رچوو، به‌ڵام له وێستگه‌ی به‌هاری عهرهبیداو 10 ساڵ دوای ئه‌وه وه‌رگه‌ڕا.
بێگومان له نێوان داگیركارییه‌كانی ئه‌یلولی مانهاتن تا داگیركاریی مه‌یدانه‌كانی ئازادی له كۆتایی 2011دا هه‌ندێك ورده هه‌ژان هه‌بوون، له ده‌ركردنی به‌شار ئه‌سه‌د له لوبنان بگره تا ده‌گاته خولێكی هه‌ڵبژاردنی جیاواز له‌وانی پێشتر له ئوردن‌و میسر، كه تیایاندا ئیخوان موسلمین به رێژه‌یه‌ك پێشكه‌وتن، به‌ر له‌وه‌ی نه‌خشه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به تیۆری دیموكراسیانه دابڕێژرێته‌وه، به جۆرێك ئه‌نجامه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێرانی ئیسلامی‌دا رووی دا‌و مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرایه‌وه. بێئومێدیی له‌م په‌رچه هه‌ڵبژاردنه وه‌ك پزیسكی هه‌ڵایسانی به‌هاری عه‌ره‌بی وابوو له جه‌نگه‌ی زستاندا، به تایبه‌تی له‌م كاته‌دا، كه به گوێره‌ی ساڵنامه‌كه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی ئه‌مه وێستگه‌ی دووه‌مه له ئاره‌زووی گۆڕانكارییه‌كه‌ی خۆرئاوا، چونكه دوای شكستی گۆڕینی بههاكانو ئه‌وه‌ی به دوایدا هات له بره‌ودان به پاكردنه‌وه‌ی میتۆده‌كانی خوێندن، ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی له زۆر وڵاتی عه‌ره‌بیدا به دڵی سه‌نته‌ره‌كانی بڕیار نه‌بوو، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سهربازیو ئایینی‌یان تێكه‌ڵ كردووه‌و بنه‌ماڵه تیایاندا به‌ده‌سه‌ڵاته، ئیتر بیرۆكه‌ی گۆڕینی گۆڕینی رژێمه‌كان له جوگرافیای سیاسه‌تی عه‌ره‌بیدا هێنرایه ئاراوه، به گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م رژێمه چه‌ق به‌ستوانه هیچیان پێ ناكرێ، نه له ناوخۆی وڵاتهكانیانداو نه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كه بۆ كۆنترۆڵ كردنی مه‌ترسی تیرۆریستان پێویسته، به‌هاری عه‌ره‌بیش ده‌رگایه‌كی تر بوو بۆ گۆڕینی رژێمه‌كان له ناوه‌وه بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریی سیستم‌و به‌هاكان بگرێته‌وه، تونس له رووی مهزههبو ره‌گه‌زیشه‌وه گونجابوو، سیستمێكی عیلمانی بۆرقیبی هه‌بوو، كه زۆر به خێرایی كێشه‌كانی له نێوان عیلمانی‌و ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی‌دا كه خوازیاری ده‌سه‌ڵات بوون به چه‌ند هه‌نگاوێك چاره‌سه‌ر كرد‌و له كۆتاییدا له‌سه‌ر ده‌ستوورێك سازان‌و جێگیر بوون كه گوزارشتی له كامڵ بوونی ململانێكاران ده‌كردن له‌سه‌ر ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام پرۆسه‌كه له میسر كه به ده‌ست په‌لكێش په‌لكێشی ده‌ره‌كییه‌وه گیری خواردبوو كار‌و كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌خۆیه‌وه دیو تا ئێستاش چاوه‌ڕێیه سیستمێكی نوێ بۆ خۆی پێناسه بكاته‌وه، له دوای رژێمه‌كه‌ی حوسنی موبارهكو ده‌یان ساڵ له ململانێی دوولانه‌ی سهربازیو ئیخوان. به‌ڵام له سوریا شۆڕش له جه‌مسه‌رگیریی نێوان رژێم‌و گه‌لی تینووی ئازادییه‌وه گۆڕا بۆ جه‌مسه‌رگیریی مهزههبیو نهتهوهییو هه‌ر زووش ده‌رگای واڵا كرد به رووی ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ههرێمیو دواترش نێوده‌وڵه‌تیدا. له به‌حرێن-یش به هه‌مان شێوه، به‌ڵام له یه‌مه‌ن دیمه‌نه‌كه ئاڵۆزتر بوو، ململانێی نێوان هۆزه‌كان‌و په‌یوه‌ستبوونی سیاسی جیاجیا كه پێشڕه‌وی بزوتنه‌وه‌ی مه‌یدانه‌كانی ئازادییان كرد، دواتریش ههورازو نشێوی جوگرافیا پارچه پارچه بوو، له سه‌نعاو له قاهیره‌و پایته‌خته‌كانی تریش، به‌هاری مه‌یدانه‌كانی ئازادی له گۆشه‌ی خولێكی گۆڕانی ئاسایی‌دا مایه‌وه، چونكه وه‌ك نوری پاكبوونه‌وه‌ی رۆمانسیانه‌ی گردبوونه‌وه‌ی ڤیانی گه‌ل له ده‌وری ئامانجێكی دیاریكراو ده‌ركه‌وت، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد ڤیانی گه‌ل گه‌ڕایه‌وه بۆ دۆخی ناكۆكی‌و دژبه‌یه‌ك، كه به قوڵترین سیفاتی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چینایهتیو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی لێك جیاواز داده‌نرێت.
سوریا‌و یه‌مه‌ن دیارترین نموونی خامۆشبوونی تروسكایی گۆڕان بوون، یان ساته‌وه‌ختی ئاوێته‌بوونی رۆمانسیانه‌ی ڤیانی گه‌ل بوون دژی رژێم، له‌گه‌ڵ نه‌مانی ئه‌و تروسكاییهدا، ناكۆكییه‌كان دهركهوتنهوهو سه‌ركرده هه‌لپه‌رسته پراگماتییه‌كانی وه‌ك به‌شار ئه‌سه‌دو عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح-یش توانیان له‌گه‌ڵ ناكۆكییه‌كاندا گه‌مه بكهنو وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچن. هه‌ر ئه‌و تروسكاییه رۆمانسییه بوو كه لایه‌نه ناكۆكه‌كانی له ده‌وری سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆكرده‌وه، له میانڕه‌وه‌كانه‌وه بگره تا ئیخوانهكانو ئه‌فغانه‌كان ئه‌وانه‌ی گهڕبوونهوهو به به‌رنامه‌ی چاكسازیدا تێپه‌ڕیبوون بۆ ئه‌وه‌ی پشت بكه‌نه ئوسامه بن لادن‌و گروپه تیرۆریسته‌كه‌ی كه داگیركارییه‌كه‌ی ئه‌یلولی 2001یان به‌ڕێوه برد، ئوسامه بن لادن له پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیدا له پاكستان كوژرا، ئه‌و كات ده‌سته‌بژێری گۆڕه‌پانی راگه‌یاندن، به جیاوازی بیر‌و بۆچوونیشیانهوه سه‌رقاڵی ساغ كردنه‌وه‌و دڵنیابوون له ته‌رمه‌كه‌ی بوون، سه‌رقاڵی ئه‌و ته‌كنیكه بوون كه ئه‌مریكای ئۆباما به‌كاری هێنا، كه‌م كه‌س هه‌بوون گرنگی به هه‌واڵه‌كه بده‌ن لای دۆستانی بن لادن، ئه‌وانه‌ی له‌بن به‌یداخی پان‌و به‌رینی سه‌ربازانی ئهڵڵاداو له شه‌ڕێكی هه‌ڵه‌دا بوون، به‌و جۆره‌ی فه‌همی هوه‌یدی ناوی نا، له سه‌ربازانی بن لادن كه له ئه‌فغنستان گه‌ڕابوونه‌وه، تا سه‌ربازانی (بن لاكن)، ئه‌مه‌شیان ناوێكه بۆ ئه‌و ره‌وته عه‌ره‌بییه‌ی ره‌خنه‌یان له ئه‌لقاعیده‌و تاوانه دڕندانه‌كه‌ی ده‌گرت، به‌ڵام دوژمنی ئه‌مریكاش بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیلی خۆش ده‌وێ له‌سه‌ر حسابی دۆزه‌كانی عه‌ره‌ب، به تایبه‌تیش دۆزی فهلهستینو ململانێكه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، هه‌موو ئه‌وانه سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی مه‌یدانه‌كانی ئازادی بوون له پایته‌خته عه‌ره‌بییه‌كاندا دژی ئه‌و سه‌ركرده‌و سه‌رۆكانه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان ته‌واو ببوو، ئه‌مریكاش پشتی تێ كردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند هێزێك كه واشنتۆن رێنمایی كردن به‌ره‌و بازرگانییه‌كی بهڕمێنتر، كه ماندوبوونی كه‌متر تێدا بێت، ئه‌ویش بازرگانی دروست كردنی شۆڕش بوو، له بری بازرگانی كۆنی دروست كردنی مه‌رگ.
بن لادن كوژراو كه‌سیش بۆی به‌داخ نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا خۆی كاتی مردنه‌كه‌ی بۆ ده‌ستنیشان كردبوو، هه‌روه‌ك له كۆتاییدا ساڵح-یش كوژرا دوای ئهمبهرهوبهر كردنێكی زۆر له نێوان لایه‌نه‌كانی شهڕداو پێچ‌و په‌نای زۆر كرد له ته‌وقیتی گۆڕانهكهدا، هه‌رچه‌نده ئه‌و خۆی یه‌كه‌م كه‌س عه‌ره‌بی له شه‌پۆله‌كه ئاگادار كرده‌وه، دوای ئه‌ویش قه‌زافی بوو كه له سێداره‌دانی سه‌دام حسێنی له 2006دا به سه‌ره‌تای قه‌سابخانه‌یه‌ك دانا بۆ سه‌رانی عه‌ره‌ب، هێنده‌ی پێ نه‌چوو خۆیشی بووه یه‌ك له قوربانییه‌كان ئه‌و كاته‌ی به زهنكه زهنكهو هاتوهاوارهكانی رووبه‌ڕووی شۆڕشگێڕه‌كانی لیبیا بۆوه كه له‌گه‌ڵ ناتۆ هاوپه‌یمان بوون.
ساڵح-یش كوژراو كه‌س بۆی به‌داخ نه‌بوو، نه عهرهبو نه یهمهنو نه كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران له رێگه‌ی ده‌سته درێژه‌كه‌یه‌وه واته حوسییه‌كان، كاتی مردنه‌كه‌ی بۆ ده‌ستنیشان كردبوو، ئه‌وه‌ش راستترین گوزارشته له دۆخی له‌قولۆقی شه‌مه‌ندۆفێری گۆڕان له ناوچه‌كه‌دا، چونكه نه نموونه‌كه‌ی عیراق بۆ گۆڕانكاریی‌و هاورده كردنی دیموكراسی له ده‌ره‌وه، نه نموونه‌كه‌ی ئێران بۆ گۆڕانكاریی له رێگه‌ی باڵێكی شۆڕش‌و نه شۆڕشی ئاشتیانی گه‌لیش دژی رژێمه‌كان له ئه‌زموونی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، هیچیان به‌رهه‌مێكی نه‌دا.
له‌و كاته‌دا كه ئهمریكاو دۆسته خۆرئاواییه‌كانی سه‌رقاڵی بناغه‌دانانی ئه‌زموونێكی تری گۆڕان بوون، له دوای شكستی گۆڕینی سیستم‌و بههاكانو گۆڕین له رێگه‌ی فشاری دهرهكیو گۆڕینی رژێمه‌كان له رێگه‌ی وروژاندنی مه‌یدانه‌كانی ئازادییه‌وه، رێكخراوی داعش، كوڕه باڕه‌كه‌ی ئه‌لقاعیده له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ئه‌و شكسته چوارچێوه‌ی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی دانا له‌سه‌ر خاكی دوو ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌می سایكس- پیكۆ، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بڵێ: پێتان چۆنه جوگرافیا بگۆڕین له‌بری ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییه بێسوودانه؟
دیارده‌ی داعش كه جیهان گیری خواردبوو به دهستییهوهو ئه‌و یاری كردنه‌ی به جوگرافیا، ته‌ماحی خسته به‌ر كه‌سانی تریش وه‌ك كورد له هه‌رێمی كوردستانی عیراق‌و هانی دان راپرسییه‌كی ئاشتیانه بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی له بارودۆخه‌كه ورد بنه‌وه‌و بزانن داخۆ ئه‌و مافه خوداییه، مافی چاره‌ی خۆنووسین كاتی هاتووه یان نا. به‌ڵام وا دیاره جیهانی دڵڕه‌قی سیاسه‌ت كه چوار ساڵ سه‌بری هه‌بوو به‌رامبه‌ر به شایی خوێنی داعش‌و یاری كردنه‌كانی به جوگرافیا، چوار هه‌فته سه‌بریان نه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر یاری كردنی كورد به نه‌خشه، ئه‌وه بوو مهابادی سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كیان له‌بار برد‌و ئیتر چیرۆكه‌كه ئه‌وه‌ی كه ماوه هه‌موان ده‌یزانن.
ئەم وتارە بەزمانی عەرە بی نووسراوە وەگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی