فەیسەڵ عەلی

ئاسۆی ململانێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

  2020-08-31 17:36      258 جار بینراوە        کۆمێنت

رواڵەتەکانی ململانێی فرەلایەن لە ئاوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە میانی کێبڕکێی هەژموونگەرایی بەسەر گەورەترین کۆگای نەوت و گازی سروشتی ئەو ناوچە پڕ کێشەیەی جیهان روو لە دەرکەوتنە، بێگومان بوونی هەر جۆرە سامانێک لە هەر ناوچەیەکی جوگرافی ئەگەر دەستپێکردن و بوونی ململانێ و کێبڕکێ لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی دوور و نزیکی ئەو ناوچەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو سامانە دێتە ئاراوە، ئەمە ئەو مشتومڕەیە کە چەند سەدەیەکە لە نێوان دەوڵەتانی جیهان درێژەی هەیە، بەهۆی ئەوەشەوە چەندین جەنگی ئیقلیمی و جیهانی لێکەوتۆتەوە و دەیان ملیۆن کەسیش بوونەتە قوربانی، هەمووشی بەهۆی خودپەرستی مرۆڤ بووە تاوەکو ئەو سامانە بەدەست بهێنێت.
رەنگە ئەو ململانێ بەردەوامەی لیبیا لەسەر سامان و هەژموون لە نێوان لایەنە نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، دەرگای بە رووی ململانێیه کی گەورە لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست خستۆتە سەرپشت.
مەترسی و ئاڵۆزی ئەو ململانێیەی دێت، فرەلایەنی ئەو دەوڵەتانەی لەسەر ئەو ئاوەیە کە قوڵاییەکانی کۆگایەکی گەورەی نەوت و گازی سروشتی کۆکردۆتەوە، میسر و یۆنان و قوبرس و لوبنان و لیبیا و تورکیا و ئیسرائیلن، ئەمەش رواڵەتی ئەو ململانییە دەنەخشێنێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەر یەک لە میسر و یۆنان رێککەوتنی سنوری دەریایی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئیمزا کرد، کە ناڕەزایی توندی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا، لێرەوە، ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەو دەوڵەتانە دروست دەبێت زۆر مەترسیدار دەبێت، بەتایبەتی کە سیستمێکی گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان ئەو لایەنە زۆرانەدا بوونی نییە.
حەتمییەتی ململانێ
ئەو ململانێیەی لەسەر هەژموون لە لیبیا روودەدات فرەلایەنە، نمونەی ململانێیەکی گەورەترە کە رواڵەتەکانی لە ئاوی دەریای خ ناوەڕاست لە سایەی ناکۆکی مێژوویی نێوان ژمارەیەک دەوڵەت دەستی پێکردووە، دەشێ ناکۆکی مێژوویی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر دورگەی قوبرس ئێستا زیاتر لەسەر پرسی هەژموون بەسەر سامانی ناو دەریای ناوەڕاست بەرجەستە بێت، ئیمزاکردنی رێککەوتنی سنوری دەریایی نێوان یۆنان و میسر، وایکرد تورکیا بەیاننامەیەک بۆ رەتکردنەوە و داننەنان بەو رێککەوتنە دەربکات، بێگومان هۆکارەکەیشی بۆ هەستیاری پەیوەندیی گرژی نێوان یۆنان و تورکیا دەگەڕێتەوە.
ململانێیەکی تری داهاتووش لە نێوان ئیسرائیل و هەریەک لە لوبنان و سوریاە لە سایەی ئەو کاری گەڕان و پشکنینەی ئیسرائیل لە ئاوی دەریای ناوەڕاست دەستی پێکردووە، هەروەها قوبرسیش لای خۆیەوە بۆ زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی هەماهەنگیی لەگەڵ هەندێک لایەنی ئەو ململانییە دەکات، ئەمەش لە روانگەی ئەو دابەشبوونە مێژووییەی نێوان قوبرسییە تورک و یۆنانییەکانەوەیە، لێرەوە ململانێ لەسەر سامانی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رەنگدانەوەی ناکۆکی مێژوویی ئەو فرە هێز و لایەنانەیە.
تورکیا دەوڵەتێکی ئیقلیمی گەورە و گرنگ و ئەندامی هاوپەیمانێتیی ناتۆیە و تەماحێکی زۆری لە سامانی ناو دەریای ناوەڕاست هەیە، رێککەوتنە دەریاییەکەی لەگەڵ لیبیا یەک لەو هەنگاوە گرنگانەیە لە سایەی ئەو سیستمی کێبڕکێی بە کۆمەڵەی دەریای ناوەڕاست. بەجۆرێک کە ململانێی سەربازی لیبیای بۆ ململانێی بە کۆمەڵ لەسەر جوگرافیایەکی گەورەتر گۆڕی، کە رواڵەتە سەرەتاییەکانی لە ململانێیەکی توند و قورسی لە داهاتوو دەردەکەوێت، لێرەوە ئاوی دەریای ناوەڕاست دەبێتە گۆڕەپانێکی ئاگراوی لە سایەی نەبوونی گفتوگۆ یان نەبوونی دەستپێشخەرییەکی دیبلۆماسی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان لایەنە کێبڕکێکار و ململانێکارانی گۆڕەپانەکە.
ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ رۆڵێکی هەیە
ئەگەر ململانێی لیبیا، هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەی رەوشەکە چی بەسەر دێت ئەگەر هاتوو کڵپەی ململانێیەکی گەورەتر لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کەوتونەتە سەر کەناری دەریای ناوەڕاست، هەندێکیان کەوتوونەتە کیشوەری ئاسیاوە، سوریا و لوبنان و ئوردن و فلستین و ئیسرائیل، هەندێکی لە کیشوەری ئەوروپان، وەک تورکیا و یۆنان و قوبرس، هەندێکیشیان لە باکووری ئەفریقان، لیبیا و میسر و تونس و جەزائر، لەم روانگەیەوە، رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت ئەگەر هاتوو هەوڵی بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی هەموو لایەنەکان بگرێتەخۆ و مادەکانی یاساکانی دەریای نێودەوڵەتی و ناوچە ئابوورییەکانی دەریاکان پراکتیزە بکرێت، بۆ ئەوەی میکانیزمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی سامانی ئاوی دەریای ناوەڕاست دابنرێت.
رواڵەتەکانی ململانێ لەسەر ئاوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە قۆناغەکانی سەرەتادایە، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی کاری پشکنین و گەڕان لە لایەن هەندێک لایەن و ئیمزاکردنی رێککەوتنی نێوان دەوڵەتان گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات، ئەمەش رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گرنگتر دەبێت لەوەی رێگر بێت لەوەی ململانێکان بەرەو جەنگێکی مەترسیدار بڕوات لە رووبەرێکی جوگرافیی گەورە سنوری ململانێی ئێستای لیبیا تێپەڕێنێت.
هەموو ئەندیکەیتەر و شیکارییەکانی ناو ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار وێنەیەکی تاریک و لێڵ لەسەر ئەگەری ململانێی چاوەڕوانکراوی ئاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی پێویستی زۆری بە وزەی پاک بە تایبەتی گازی سروشتی، لێرەوە رۆڵی دیبلۆماسی لە سایەی ئەو هەلومەرج و گۆڕانکارییانەدا بە یەک لە هۆکارانە دادەنرێت کە دەتوانێ جیهان لە ململانێیەکی گەورەی فرەلایەن و هاوپەیمانێتی دووربخاتەوە، کە رەوشی سیاسیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هێندەیتر ئاڵۆزتر و قورستر دەکات.
ململانێی سەربازی لە جیهان، بۆتە خەمێکی گەورەی ناجێگیری بەتایبەتیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە جەنگ و ململانیی ئیقلیمی لە یەمەن و سوریا و لیبیا و ناجێگیریی عیراق و فلستین بوونی هەیە، جیهان بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت دووچاری شۆکێکی گەورە بووە کە بۆ لوبنان قورستر بوو، کە کاریگەریی سیاسی و ئابووریی گەورەی لێدەکەوێتەوە و رواڵەتەکانی دەرکەوتن، لێرەوە ئەوەی لە لوبنان روویدا، دەرئەنجامی رەوشی گڕگرتوو و گرژی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە کە بە چەندین کێشە و گرفتی گەورەی مێژووی چارەسەنەکراو ئاوسە، هاوکاتیش هیچ کاتێک وەک ئێستا دەوڵەتانی عەرەبیش بێ ئیرادە و بێ هەڵوێست نەبوونە.
ئەگەر ململانێ لەسەر ئاوی دەریای ناوەڕاست بەرەو تەقینەوە بڕوات، دەوڵەتانی عەرەبی بە تەنها دەبن یاخود دەچنە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەوە، لێرەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێتە بەردەم ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ رێگرتن لە کەوتنەی هەر ململانێیەکی تری لەم ناوچە هەستیارەی جیهان، کە ئەویش لە میانی دانوستان و جێبەجێکردنی یاساکانی دەریا، کە دەبێ هەموو دەوڵەتان پێوەی پابەند بن، بەوەی هەموویان ئیمزایان لەسەر ئەو یاسایانەی بە دەریاوە پەیوەستن کردووە.
بەبێ دەستوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوا رێڕەوی ململانێکە دەبێتە حەتمی، وەک ئاماژەی پێدرا، ململانێ لەسەر سامان لەسایەی ئەم هەلومەرجە ئابوورییەی ئێستا و پێویستی زۆری دەوڵەتان بە وزە توندتر و مەترسیدارتر دەبێت، سەرباری ئەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس گورزێکی قورسی لە ئابووریی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان وەشاندووە، ئەوا ململانێی چاوەڕوانکراوی ئاوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ململانێیەکی فرە لایەنە، مەترسییەکەی لێرەدایە، هەروەها لە سایەی ئەو هاوپەیمانێتییەی هەیە، سەردەمی هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان وەبیر دەهێنێتەوە، کە دوو هاوپەیمانێتیی سەرەکی هەبوون، دەوڵەتانی میحوەر بە سەرکردایەتی ئەڵمانیای نازی و دەوڵەتانی هاوپێمانێتیی ئەتلەسی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، دووەمین جەنگ بووە هۆکاری دابەشبوونی ئەڵمانیا و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دژ هەریەک لە هیرۆشیما و ناکازاکی لە ژاپۆن.
کەواتە ململانێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆیدا هێمای مەترسیداری هەڵگرتووە، ئەویش لە سایەی هەڵکەوتن و دەرکەوتنی هێزی نوێ لە جیهان، وەک چین و هیندستان و تەنانەت بەرازیل و ئەڵمانیا سەرکردەی ئەوروپا، ئەمەش وا لە ململانێکان و هاوپەیمانێتییەکان دەکات کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی ئەمنی گەورە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێکبهێنن، ئەمەش دەستوەردانێکی نێودەوڵەتی دەخوازێت تاوەکو ژیلەمۆی ئەو ململانێیە دامرکێنێتەوە کە رواڵەتەکانی لە دەرکەوتندان، دەشێ رواڵەتەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر بن، بەتایبەتی لەگەڵ قوڵبوون و توندبوونی گرژی و ناکۆکی ناو لیبیا، کە بۆتە ململانێیەکی ئیقلیمی و بەشێکی ململانێیەکی گەورەتری ئاوی خۆرهەڵات کە بڕێكی ئێجگار گەورەی سامانی لە ناوخۆیدا هەڵگرتووە.
رەوتی ململانێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی ئەو هەلومەرجە بابەتییانە دیاری دەکرێت، کە بە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر رواڵەتەکانی ئەو ململانێیە و دووەمیشیان بە رەوتی ململانێی لیبیایە بەوەی ژمارەیەک هێز لەو ململانێ سەربازییەی لیبیا بەهۆی سامانی سروشتییەوە تێیدا بەشدارن.
لە کۆتاشدا، رەوتی ئەو ململانییە لە میانی ئیرادەی سیاسیی ئەو دەوڵەتانە و ئارەزوویان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکی و ململانێکانیان پەیوەستە، بەوەی کە ئەو ململانێ گەورەیەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رووی سەربازی و ئابووری و مرۆییشەوە زۆر قورس دەکەوێت، لەبەر ئەوە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان لایەنەکانی ململانێ باشترین ئەگەرە بۆ خۆلادان لەو ململانێیە، چونکە هەمووان بەبێ جیاوازی تێیدا
زەرەرمەند دەبن.

وتاری زیاتر





كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      115 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      225 جار بینراوە




پەیوەندیی نێوان ئابووری و ژینگە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-09-04 15:06      250 جار بینراوە



مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      528 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      304 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      143 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      215 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      275 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      705 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      182 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      164 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      182 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      242 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو