لە زەمەنێکدا کە بە هەموو شێوازێک رێگری لە کارکردنی ژنان لە بوارە زانستی و پزیشکییەکاندا دەکرا، لە ساڵی ١٧٨٩، لە بریتانیا کچێکی پڕ ئومێد و ئاوات لە دایک بوو، ناوی « مارگرێت ئان بارکلی» لێنرا. ئەو کچە توشی شۆکی ئەو واقیعە بوو کە ئەوکات ژنی تێدا بوو، بەهۆی باڵادەستی و هەژمونی پیاو بەسەر هەموو پیشەکاندا، بەڵام خەونەکانی لە هەموو ئەو رێگریانە بەهێزتر بوو، لەبەر ئەوە کەسوکاری بڕیاریاندا بە هەموو جۆرێک هاوکاری بن تاوەکو خەونەکەی بەدەی بهێنێت.
بۆ ئەوەی بە ئاواتەکەی بگات، پەنای بۆ فێڵێک برد، کە بەشێکی گەورەی ژیانی برد، بەڵام بەهۆیەوە خەونەکەی بەدیهێنا. بڕیاریدا خۆی بکاتە پیاو و جلی پیاوانە لەبەر بکات و ناوی خاڵی «جەیمس باری» هەڵبگرێت کە کۆچی کردبوو. بە رێککەوتن لەگەڵ دایک و براکانی و پشتیوانی هەندێک لە هاوڕێکانی، چووە کۆلیجی پزیشکی زانکۆی ئەدنبرە وەک خوێندکارێکی کوڕ، جلی کوڕانەی لەبەرکرد و قژی کورت کردەوە و دەنگە نەرمەکەی گڕکرد، کە هەندێک جار دەنگی ببوە جێی گاڵتەپێکردنی لەلایەن هاوڕێ خوێندکارەکانی و بەهۆیەوە تۆمەتیان دەدایە پاڵی، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو رەگەزی خۆی بگۆڕێت، وەک ژنێکی تەواو بە جلی پیاوانەوە لەبەردەم خەڵک نیشان دەدا، بەڵام لە ژیانی نهێنیدا، شوی کرد و مناڵیشی بوو، بەڵام خۆشەویستی بۆ پزیشکی و سەربازی وای لێکرد کە رواڵەتی دەرەوەی بکاتە قوربانی بەدیهێنانی خەونە قورسەکەی، کە بۆ ژن زۆر ئەستەم بوو.
مارگریت بەناوی جەیمس باری لە ساڵی ١٨١٢ بڕوانامەی پزیشکی بەدەستهێنا و بۆ لەندەن گواستییەوە، باری لە تاقیکردنەوەی کۆلیجی پزیشکی پادشایەتی ئینگلتەرا سەرکەوت و ئامادە بوو بۆ ئەوەی لە ساڵی ١٨١٣ وەک ئەفسەرێک و یاریدەری پزیشک پەیوەندیی بە سوپای بریتانیاوە کرد، پاشان بۆ خزمەتی سەربازی چووە هیندستان و باشووری ئەفریقا، توانی یەکەم نەشتەرگەری لەدایکبوونی قەیسەری لە ئەفریقا ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی ناوبانگی پزیشکی لە ئەفریقا و جیهان بڵاوبێتەوە، دواتر بۆ کارکردن گوازرایەوە بۆ دورگەکانی خۆرئاوای هیند، کاری پزیشکی لە چەندین دەوڵەت ئەنجامداوە، وەک مالتا و جامایکا و باشووری ئەفریقا، دواتریش وەک پشکنەری گشتیی نەخۆشخانەکان کاری کرد، جگە لەوەی چاودێریی پزیشکی پێشکەش بە سەرباز زیندانی و دیلەکان کرد.
ئەو ژنە پزیشکە بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی کارەکەی بە باشترین شێواز کە خۆی لەناو پاڵتۆی و کڵاوێکی پیاوانە حەشاردابوو. لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا دووجاری نەخۆشی « دۆسنتاریا» بوو، بەهۆیەوە لە ساڵی ١٨٦٥ کۆچی کرد. ئەو پەرستارەی بەرپرسی ئامادەکردنی مەراسیمی جنازەکەی بوو، بۆی دەرکەوت ئەو پزیشکە بەناوبانگە تەنها ژنێکە، ئەم هەواڵە وەک شۆک و فەزیحەیەکی گەورە دەنگیدایەوە، ئەو پزیشک و ئەفسەرەی کە ٥٢ ساڵی تەمەنی لە سەربازی بەسەربرد، فەزیحەکەی هەر ئەوە نەبوو، بەڵکو دەرکەوت کە ئەو ژنە پزیشکە کوڕ و کجێکیشی هەیە.